نەهێنی پشتیوانکردنی هەریەک لە ئەمریکا و ئێران بۆ مستەفا کازمی

عیراق

22/05/2020‌ 1642 جار خوێندراوه‌ته‌وه

مسەفا کازمی، لە ڕێکەوتنێکی نەهێنی ئەمریکی- ئێران بۆتە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە بریتییە لە:
(ئێران هێزە شیعیەکانی نزیک لە خۆی ڕاسپارد پشتیوانی لە مستەفا کازمی بکەن،  لەبەرامبەر ئەوەی ئەمەریکا بەشێک لە پارە بلکۆکراوەکانی ئێران لە لایەن لایەنی سێیەمەوە ئازادبکات)
لەوبارەیەوە بەرپرسێکی عێراقی دەڵێت:

کاندیدکردنی کازمی بۆ سەرۆک وەرزیرانی عێراق لە ئەنجامی بازرگانی لە ئەسپ بوو لە نێوانی ئەمەریکا و ئێران بەوەی ئێران پشتیوانی لە سەرۆکی هەواڵگری بکات لە بەرامبەر سڕکردنی بەشێک لە سزا ئەمریکیەکانی سەر ئێران کە ئەمەریکا وەک سزای سیاسی لە ساڵانی رابردوو بەسەری سەپاندووە، ئەو سەودایە وەک بازرگانیکردن بە ئەسپ ناوی هاتووە.
سەرچاوەیەک بۆ ئاژانسی چاوی رۆژهەلاتی ناوەڕاست ئاشکرای دەکات:

سیاسەتی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی توندترین فشار بۆسەر ئێران سیاسەتێکی نەگۆڕە، بەڵام ئەو جارەیان ئەمەریکا رەزامەندی داوە بە کەمکردنەوەی بارگرژی سەربازی لە کەنداو، و  رەامەندی داوە لایەنی سێیەم سزاکانی سڕکردنی بەشێکی پارە لەسەر ئێران هەڵگرێت، لەبەرامبەر ئەو سەودایەی لە نێوان (ئەمەریکا- ئێران) بۆ کاندیدکردنی کازمی ئەنجام دراوە.

هەروەها سەرچاوەیەکی عێراقی باسی لەوە کردووە ئەو کاتانەی کە ئەمەریکا سزاکانی بەسەر ئێران ڕاگەیاند، هاوکات بوو لەگەڵ ناوهێنانی کازمی تا جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە، ئەوسا کە ئەو رێکەوتنەی نێوان ئەمەریکا و ئێران نەکرابوو، بۆیە عێراقیەکان پێیان وابووە ئەوە راگەیاندنی جەنگە دژ بە گەلانی عێراق.

رۆژی ٤ مارس فەرماندەی گشتی هێزەکانی حزب اللەی عێراقی،  ئەبو عەلی عەسکەری رایگەیاند: کە کازمی تێوەگڵاوە لەو پەلامارەی کە فڕۆکە بێ فرۆکەوانەکانی ئەمەریکا ئەنجامیادا،  بۆ کووشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی مودەریس، بەڵام ئەو تۆمەتە لە کاتی خۆیدا لەلایەن دەزگایی هەواڵگەری ئەمەریکا ڕەتکرایەوە.

هەر بۆیە  ئەوسا کاندیدکردنی کازمی لەلایەن سەرکردە شیعەکان رەتکرایەوە و کەچی ئەمجارەیان بە زۆرینەی دەنگ کاندیکردنی پەسەندکرا.


سەرچاوەکان ئەو شوێنەیان ئاشکرانەکرد کە سزا دارییەکانی سەر ئێرانی لێ هەڵدەگیرێت، بەڵام ئاماژە دراوە بۆ بڕیاری دادگای لۆکسمبۆرگ کە لە مانگی رابردوو دراوە بۆ کۆسپ خستنە بەردەم داوایەکی ئەمەریکا بۆ گواستنەوەی بڕی 1.6ملیار دۆلار لە پارەی سڕکراوی ئێرانی بۆ قوربانیانی هێرشی 11 سێبتێمبەر کە پرسێکە مێژووەکەی  بۆ 2012   دەگەڕێتەوە.

سەرجاوەیەکی ئاگادار لەو رێکەوتنە نەهێنیە دەڵێت:
(ئەمەریکا پیاوی خۆی دەستکەوت و ئێرانیەکانیش گەیشتنە پارەی خۆیان)

شایانی باسە ئەو قەیرانە ئابووریەی کە رووبەڕووی ئێران بۆتەوە،  بە تایبەت لە دوای کووشتنی قاسم سولێمانی،  کاریگەری زۆری لەسەر باری ئابووری ئێران داناوە، بۆیە ئەمەیان هۆکاربووە کە دۆستەکانی خۆی لە عێراق ئاگاداربکاتەوە کە بە دەنگدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی رازی بن.

شایانی باسە مستەفا کازمی لە مانگی نیسان لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراق بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی راسپێردرا، ئەویش دوای ئەوەی هەریەک لە موحەمەد تۆفیق عەلاوی و عەدنان زرفی شکستیان خوارد لەوەی بتوانن ببنە جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی،  کە لە مانگی نوڤیمبەری ٢٠١٩ لەژێر فشاری خۆپیشاندەران ناچارکرا دەست لەکار بکێشێتەوە.

مستەفا کازمی،  لەسەردەمی کە ناوی تەواوی مستەفا عەبدولەتیفە،  لە پێش رووخانی رژێمی سەدام پەیوەدندی دەکات بە ئەحمەد چەلەبی و لە رێگای ئەویشەوە تێکەلاوی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا پەیدا دەکات، ماوەیەک لە ئاژانسی هەواڵی  مۆنێتەر کاری هەواڵسازی دەکات، و لە کابینەکەی حیدەرعبادی دەکرێتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگەری عێراق.


ساڵی  ٢٠١٨ لە واشنتۆن لە کۆبوونەوەیەک بەشداری دەکات کە مایک پۆپیۆ،  کە ئەوسا سەرۆکی دەزگای هەواڵگەری ناوندی ئەمەریکا بوو، و خالد بن عەلی حەمید سەرۆکی هەواڵگەری سعودی بەشداری دەکەن، ئەو کۆبوونەوەیە  بۆ پشتیوانیکردن لەکاندیدکردنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق لەبەرامبەرا رکابەرەکانی دیکە کە ئێران پشتیوانی لێدەکردنسازکرابوو.


 هەر سەبارەت بە کابینەکەی کازمی رۆژنامەی قودسی عەربی کە لە لەندەن دەردەچێت لە گۆشەیە یەکەمی نووسیویەتی: دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر کانینەکەی کازمی گرنگ بوو، بەلام ئەوی کارەکەی پەرلەمانی ئاسان کرد ئەو گربەستەی نێوان ئەمەریکا و ئێران بوو.

 
هەروەها ئیبراهیم زوبێدی لە رۆژنامەی عەرەبیە کە لە لەندەن دەردەچێت نووسیویەتی: لەگەڵ ئەوەشی کە کوتلە سیاسیەکان لەسەر دەنگدان لەسەر کازمی رێککەوت بوون،  بەڵام تا ئەمر و راسپاردە لە باڵوێزخانەکانی ئێران و ئەمەریکا نەگەیشتە پەرلەمان،  دەنگدان بۆ کابینەکەی کازمی نەدرا، ئەویان شانۆگەریەک بوو هەرگیز باوەڕ ناکرێت.

دوای ئەوەی کابینەکەی مستەفا کازمی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا لە لایەن هەریەک لە واشنتۆن و تەهران پێشوازی لێکرا.
لەوبارەیەوە سەرۆکی ئێران حەسەن روحانی ووتی: (ئێران لە پێناو پێشکەوتن و بەدەستهێنانی سەقامگیری بە هەموو هێزی خۆی پشتیوانی لە حکومەتی تازەی عێراقی دەکات)

لەلایەن خۆشیەوە مایک پۆپیۆ ووتی: (مانگی داهاتوو لەگەڵ کابینەت تازە دەکەوینە گفتوگۆی ستراتیژی، بەشیوەیەک کە سەرجەم پرسە ستڕاتیژیەکانی نێوانمان گفتوگۆیان لەبارەیەوە دەکەین)

ئەو جۆرە رێکەوتنانە لە تیۆەری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان پێی دەوترێت ململانێی نا سفڕی ( غير صفرية) ، واتا سەرکەوتنی لایەنێک لەسەر حسابی لایەنەکەی دیکە نابێت، بگرە هەر لایەنەوە بەشی خۆی دەبات، بۆیە ئێران پارەکەی خۆی دەستکەوت و ئەمریکاش پیاوی خۆی.


ماوە  بپرسین ئایا مستەفا کازمی، دەبێتە خاڵی هاوبەشی بەرژەوەندی بەرژەوەندی و هەژموونی هەریەک لە ئەمەریکا و ئێران لە عێراق، یان ململانێی ئەو دووانە لە ژێر ریتمی تازە درێژەیان دەبێت؟

ئا: هیوا سەید سەلیم