پژاک شەشەمین کۆنگرەى خۆى ئەنجامداو هاوسەرۆکانى هەڵبژاردەوە

کوردستان

02/06/2020‌ 1396 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتى ژیانى ئازادى کوردستان(پژاک) شەشەمین کۆنگرەى خۆى ئەنجامداو تیایدا سەرکردایەتى و هاوسەرۆکى هەڵبژارد، هاوکات جەختى لەسەر خەبات لەدژى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکاتەوە.

لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى بۆ شارپرێس نێردراوە، ئەمڕۆ سێ شەممە پژاک شەشەمین کۆنگرەی خۆی بە دروشمی "بە بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک بەرەو یەکێتی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران" دەستپێکرد کە بریارە ماوەی دوو رۆژ بخایەنێت و تیایدا کارو چالاکییەکانى ئەو حزبە لە ماوەى سێ ساڵى رابردوودا تاوتوێ دەکات.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە"بە مەبەستی تێپەڕاندنی گرفت و کۆسپەکانی بەردەم خەبات و چالاکییەکان لە چوارچێوەی بۆچوون و رێنموونیەکانی رێبەر ئاپۆدا باس و گفت‌وگۆی بەنرخ و سازدەری ئەنجامدا، کە دەبنە هۆی کرانەوە لە رەوتی خەباتی داهاتووماندا. کۆنگرە وێڕای پێشکەش کردنی رەخنەداین بە گەلەکەمان سەبارەت کەموکووڕی و لاوازییەکان وەدی‌هاتوو لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بەرنامە و پرۆژەی خەباتی داهاتووی لەسەر بنەمای پارادایمی مۆدێڕنیتەی دیمۆکراتیک داڕشت و پێشکەشی کرد".

 کۆنگرەکە ئەندامانی "مەجلیسی پژاکی" هەڵبژارد کە لە ١٦کەس پێکدێت و بە زۆرینەی دەنگیش بۆ جاری دووەم هەریەکە لە (سیامەند موعینی و زیلان وەژینی)  بە هاوسەرۆکى پارتەکە هەڵبژێردرانەوە.

هەروەها پژاک ئاماژەى بەوەکردوە، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە کاتێکدا کۆنگرەی شەشەمی خۆی بەڕێوەبرد کە ١٥ ساڵ بە سەر خەبات و تێکۆشانیدا تێدەپەڕێ و خاوەن پاشەکەوتێکی بەنرخە لە ئەزموون و لێهاتوویی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.

لەبەشێکى ترى راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە"گەلی کورد لە سایەی تێکۆشان و بەرخۆدانی هەمەلایەنە و بێ‌وچان و بە تێگەیشتن لە دۆخی هەیی و بەهرەمەندی لە ئەزموونەکانی مێژوویی، نە وەک ئاکتەر بەڵکوو وەک ئاکتەرگەردانێک لە مەیدانی گۆڕانکارییەکانی جیهانی و هەرێمی‌دا ناوی دەرکردووە. بەستێنی سیاسەت کردنی وەدی‌هێناوە و نەبۆتە هەڵگری سیاسەتی هیچ لایەنێک و هەنگاوی بەرەو ئازادی ناوەتەوە".

پژاک جەختی لەوەشکردوەتەوە، بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لە ئاستی هەرێمی و جیهانیدا، فەرهەنگی بەرخۆدانی پێگەیشتوو و رێکخستنی، نموودی بەرچاوی پەیدا کردووە و لە ناو گەلانی هەرێمەکە لە گەشەسەندن دایە. بێ‌گومان بە گەشەکردن و هەڵدانی ئەو فەرهەنگە، کەلەبەری وەدیهاتوو لە سیستەمی دەسەڵاتی جیهانیدا، رۆژ بە رۆژ بەرینتر دەبێتەوە.

پەیوەیست بە ئێرانیش پژاک دەلێت"کۆنگرە وێڕای جەخت کردن لەسەر ئەو خاڵە کە لە ئێراندا، هەبوونی گەندەڵی سیستەماتیکی سەرچاوەگرتوو لە دەسەڵاتی رەهای گەندەڵی‌هێن و رێوەبەری ناکارامە و لەکەلک کەوتوو هۆکارێکی دیکەی پووکانەوەی رژیمە و قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە دیاری کرد؛ رژیم بۆ داپۆشینی دەستەوەستانی و ناتوانییەکانی و هەروەها ئاوەژوو نیشان‌دانی بابەتەکان، لە گشت شوێنەکانی ئێران و تەنانەت شارەکانی ناوەندی، دەستی داوەتە سازدانی پرگالێکی سەربازی(پادگانی) و ملیتاریزە کردنی وڵاتی خستووەتە پلانەوە".

س.هـ