لەساڵی 2003وە نزیكەی 140 هەزار كارگە لەعێراق داخراوە

ئابوری

04/06/2020‌ 577 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید" بڵاویكردەوە، لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە نزیكەی ١٤٠ هەزار كارگە و كارخانە لە عێراق داخراون، كە بەهۆی داخستنیانەوە عیراق ٢٠٪ی داهاتی ساڵانەی خۆی لەدەستداوە .

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەكە، كە پشتی بە قسەی بەرپرسێكی وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكان بەستووەو رایگەیاندووە، پێش ساڵی ٢٠٠٣ عێراق خاوەنی ١٧٠ هەزار كارگە و كارخانە بوو، كە سەر بە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت بوون و بەسەر هەموو ناوچەكانی وڵاتدا دابەش بووبوون، بەشێوەیەك ئەوكات لانیكەم ٢٠٪ی داهاتی ساڵانەی وڵاتیان دابین دەكرد.

ئەو بەپرسەی وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكان لەبەشێكی تری قسەكانیدا رایگەیاندووە، كە ١٤٠ هەزار كارگە و كارخانە بەهۆی بێ پلانی و نەبوونی كارەبا لەبەشێكی زۆری ناوچە پیشەسازییەكان و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ داخران، ئەوە سەرباری كردەوە تیرۆریستییەكان‌و تەنگپێهەڵچنینی خاوەن كارگە و كارخانەكان لەلایەن میلیشیا و مافیاكانی هاوردەكردنی شمەك لەدەرەوە.

بەقسەی ئەو بەرپرسە هەزاران كارگەی تری گەورە و بچووكی تریش لەو ناوچانەی كە لەمدواییە لەژێر دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ئازادكران، كە دەكەونە باكوور و رۆژئاوای عێراق بەهۆی پرۆسە سەربازییەكان و دزینی كەلەپەلەكانیانەوە لەكاركەوتن.

لەئێستادا عێراق زیاتر لەسەدا نەوەدی داهاتەكەی پشت بەفرۆشتنی نەوتی خاو دەبەستێت، كە هەر جۆرە دابەزینێكی نرخەكەی كاریگەری گەورەی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك دەبێت ، بەوپێیەی بەشێكی زۆری كۆمەڵگەی عێراقی كراوەتە كۆمەڵگەیەكی بەرخۆر و تەنیا سەرچاوەی داهاتی برتییە لەو مووچەیەی لەلایەن دەوڵەتەوە پێیدەدرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی