یاسای قەیسەر.. ئێسكەكانی سەربڕەكەی سوریا دەهاڕێت

مەلەفی تایبەت

06/06/2020‌ 3206 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زۆرینەی‌ شارەزایان، یاسای قەیسەر بە گرنگ دەزانن، كە ئەمریكا دەستیكردووە بە پراكتیزەكردنی دژ بە ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد لە سوریا، شارەزایان دەشڵێن جگە لە ڕوخاندنی ئەو ڕژێمە و دادگاییكردنی لەسەر تاوانەكانی دەرهەق بەگەلی سوریا، جێگرەوەیەكی دیكە لەگۆڕێدا نییە.

دیمەشق بە توندی ناڕەزایی بەرانبەر ئەو هەنگاوەی ئەمریكا دەربڕیووە، كە بووەتە هۆی پراكتیزەكردنی یاسای قەیسەر بەسەر وڵاتەكەیدا، دەشڵێت: ئەو یاسایە لەسەر كۆمەڵێك درۆ و دەلەسەی هەڵبەستراو ی نەیارانی گەلی سوریا بەندە.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەكیدا رایگەیاند، پراكتیزەكردنی ئەو یاسایە لە لایەن واشنتۆنەوە بەسەر سوریادا، پێشێلێكی بێشەرمانەی مافەكانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی مرۆییە، بۆیە ئەوان بەرپرسیاریەتی ئێش و ئازارەكانی گەلی سوریا- یان دەكەوێتە ئەستۆ.

‌ڕژێمەكەی‌ سوریا بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەركردنی نزیكەی 13 ملیۆن سوری و كوشتنی نیو ملیۆن سوری دیكە.

شارەزایان دەڵێن: ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەكانی، بە هۆی نزیكبوونەوەی وادەی بەركاربوونی ئەو یاسایە لە ناوەڕاستی مانگی یۆنیۆ- دا تەنگەتاو بوون‌، چونكە ئەو سزا ئەمریكییانەی  لەو یاسایەدا هاتوون، گورزێكی كوشندەن بۆ ڕژێمەكەی ئەسەد و هاوپەیمانەكانی. یاسادانەرە ئەمریكییەكانیش تا تەواویان كردووه،‌ زۆر لێی ووردبوونەوە و لە ساڵێ 2014 وە خەریكی ئامادەكردنی ئەو یاسایەن، لەوساشەوە چەندەهاجار هەمواركراوەتەوه،‌ تاوەكو ئەو داڕشتەیەی‌ ئێستای وەرگرتووە، لە كۆتایشدا لە ساڵی 2019 تەواو كراوە و هەردوو پارتەكەی ئەمریكی لەسەری كۆدەنگن.

جێمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا، باسی لەوە كردووە، یاساكە لە مانگی یۆنیۆ بەركار دەبێت، بەمەش ئەو كەس و گروپانە ڕاوەدوو دەنرێن، كە مامەڵە لەگەڵ ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد- دا دەكەن.

ئەو ڕاگەیاندنەی جێفری هۆشداری بوو بۆ هەموو ئەو دەوڵەت و گروپانەی پاڵپشتی لە ڕژێمەكەی‌ ئەسەد دەكەن و پارەداری دەكەن وەك ڕوسیا و ئێران. هەر ئەمەشە كە‌ ئەو سزا تازانە لە سزاكانی پێشتری سەر سوریا جیادەكاتەوە. 

بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی‌ شەڕقلئەوسەت، ئەمریكا دەستیكردووە بە سەپاندنی بەندەكانی ئەو یاسایە بەسەر سوریادا، ئامانجیشی ڕێگریكردنە لە كۆمپانیا و كەس و گروپەكان لەوەی وەبەرهێنان لە سوریادا بكەن و بەشداری كۆششەكانی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سوریابن.

چەند سەرچاوەیەكی كۆنگرێسی ئەمریكا ئەوەیان ئاشكرا كردووه،‌ كە پێش پەسەندكردنی یاساكە، تڕەمپ بە شێوەیەكی زارەكی پەیامی هەڕەشەئامێزی داوەتە دەوڵەتانی ئەوروپی و عەرەبی، لەوەی كەناڵی دبلۆماسی لەگەڵ سوریادا نەكەنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێی وەبەرهێنانیان لێبگرێت لە سوریادا.

یاسای قەیسەر-یش ئامانجە سەرەكییەكەی بەرجەستەكردنی هەڕەشه زارەكییە‌كانی ئیدارەی ئەمریكایە بۆ كردار، لە ڕێگەی سەپاندنی سزا ئابووری و داراییەكان بەسەر ئەو دەوڵەت و كەسانەی پشتیوانی لە ڕژێمەكەی سوریا و ڕوسیا و ئێران دەكەن، چ پشتیوانییەكە سەربازی بێت یاخود پەیوەست بێت بە دووبارە بنیاتنانەوەی سوریا یان پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ.

یاساكە كەس و دامەزراوە حكومییەكانی سوریا بە ئامانج دەگرێت، چ مەدەنی یان بەرپرسبن، ڕێگەش خۆش دەكات بۆ سەپاندنی سزاكان بەسەر خاوەن كومپانیا جیهانییەكان یان تاكە كەسەكان لەوەی وەبەرهێنان لە‌ هەردوو كەرتی  ووزە و فڕۆكەوانیی سوریادا بكەن، هەموو ئەوانەش دەگرێتەوە كە كەلوپەلی یەدەگ و چاككردنەوە بۆ سوریا ئامادە دەكەن، هەروەها هەموو ئەو كەس و لایەنانەش كە قەرز دەدەنە سوریا.

سزاكان بانقی سوریای مەركەزی- یش دەگرنەوە، ئەگەر بسەلمێت بانقەكە پارە سپی دەكاتەوە، سزاكان بلۆككردنی پارە و پول و ڕێگریكردن لە چوونە خاكی ئەمریكاش دەگرێتەوە.

شارەزایان دەڵێن یاسای قەیسەر كۆتایی بە ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد دێنێت.

سەرچاوە:   پێگەی‌ ئەلەكترۆنی بەغداد پۆست
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر