سەرۆكی شارەوانی مونیئاپلس لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەركرا

لە میدیاکانەوە

09/06/2020‌ 566 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
جاكۆب فرای، سەرۆكی شارەوانی مەنیئاپلس-ی ویلایەتی مینیسۆتا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە كرایە دەرەوە ئەویش دوای ئەوەی، وتی: "من پشتگیری ئەوە ناكەم، كە بودجەی پۆلیسی شارەكە ببڕدرێت و پۆلیس لەشارەكە نەمێنێت".

ئەم وەڵامەی جاكۆب كاتێك بوو، كە لەنێو خۆپیشاندەراندا، رێكخەری مەراسیمەكە لێی پرسی بە بەڵێ، یان نەخێر وەڵاممان بەرەوە "ئایا پشتگیری ئەوە دەكەیت، كە بودجەی پۆلیس ببڕدرێت؟" ئەو لەبری ئەوەی بە "نەخێر" وەڵامبداتەوە، وتی: "من بە تەواوی پۆلیس لەشارەكە رەتناكەمەوە".

لەدوای ئەوەوە بەشێك لە خۆپیشاندەران هاواریان كرد و هۆتافیان كێشا: "بڕۆ ماڵەوە جاكۆب.. بڕۆ ماڵەوە".

خۆپیشاندەران لەئێستادا داوای رەتكردنەوە و بڕینی بودجەی پۆلیس ئەكەن لە شاری مەنیئاپلس.

خۆپیشاندانەكان لە ئێستادا بەزۆری بەشێوەیەكی ئاشتییانە لەشەقامەكانی ئەمریكادا بەرێوەدەچێت، لە شاری مەنیئاپلس رۆژانە بەشێوەیەكی ئاشتی لەناو پاركی پۆتینۆ فیلد و بەردەمی پاركەكە كۆدەبنەوە، رۆژی 6ی جۆن ئەو داوایەیان لە جاكۆب فرای سەرۆكی شارەوانی كرد، كە پاڵپشتی داواكەیان بكات بە رەتكردنەوەی بودجەی پۆلیسی شارەكە.

ئەو گروپەی، كە ئێستا خۆپیشاندانەكانی شارەكە بەرێوەدەبەن ناویان لەخۆیان ناوە "روانینی رەشپێستەكان".

رۆژی 5ی جون ئەنجوومەنی مەنیئاپلس بڕیاریدا، كە پۆلیس ئەژنۆ نەخاتە سەر ملی تاوانبار لەكاتی دەستگیركردنیدا و توندوتیژی بەكارنەهێنێت، هەروەها پۆلیسە هاوڕێكەی بۆی هەیە خۆی هەڵقورتێنێتە ناو ئەو پۆلیسەی، كە سەرقاڵی دەستگیركردنە ئەگەر زانی توندوتیژی ئەكات بەرانبەر تاوانبارەكە، بەڵام دوو بڕیارە پێویستی بەرەزامەندی حاكمی شارەكە هەیە، ئیمزای لەسەر بكات.

دوای كردنە دەرەوەی جاكۆب لە نێو خۆپیشاندەراندا بە رۆژنامەنووسانی وت: "من بەرپرسیاریم هەیە، ناتوانم بریاری نادروست بدەم". وتیشی:"خۆپیشاندەران، وتیان: تۆ لەگەڵ ریفۆرمی لەپۆلیس؟. وتم: بەڵێ. وتیان: تۆ لەگەڵ ئەوەی سزای پۆلیس بدرێت؟ وتم: بەڵێ. بەڵام لەگەڵ رەتكردنەوەی پۆلیس نیم لەشارەكە".

لەدوای 12 رۆژ خۆپیشاندان لە ئەمریكا بەهۆی گیانلەدەستدانی جۆرج فلۆید پیاوە رەشەكەی شاری مەنیئاپلس-ی ویلایەتی مینیسۆتا لە رۆژی 26 ئایار لەژێر دەستی (دیریك شۆڤین) ی ئەفسەری پۆلیس، هێشتا دیار نییە خۆپیشاندان كەی كۆتایی دێت.