حكومەی هەرێم بەمیكانیزمێكی نوێ‌ رووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێتەوە

کوردستان

09/06/2020‌ 1551 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەرگرتن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ میكانیزمی نوێ‌ دەگرێتە بەر.

بۆ ئەو مەبەستە بەسەرپەرشتی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان و بە بەشداری ژمارەیەك لەپزیشك و پسپۆڕان كۆبوونەویەكی راوێژكاری بەڕێوەچوو.

سامان بەرزنجی دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا وتی: ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەك لە پزیشكان و پسپۆرانی جیاواز، كە خزمەتیان لە بواری تەندروستییدا زۆرە، كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا وەك دەستەی پسپۆری راوێژكاری كە لەسەرجەم پارێزگاكانەوە ھاتوون، بۆ پێداچوونەوە و گفتوگۆكردن لەسەر ستراتیژییەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند، راوێژی ئەوان گرنگە چونكە پێشتر نەخۆشی و ڤایرۆسی كوشندە ھەبوون، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ جیاوازە، چونكە تا ئێستا دژەكەی بوونی نییە و ھەموو ھەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ چارەسەركردن، بەڵام تا ئێستا ھەوڵەكان بە ئەنجام نەگەیشتوون.

سامان بەرزنجی باسی لەوەش كرد، ئێستا سەدا ٧٠ی تووشبووان لە قۆناغی دووەمی ڤایرۆسی كۆرۆنادا زۆری بەركەوتەیە و رێژەی مردن لە سەدا دووە و رێژەی تووشبوون زیاترە لەچاكبوونەوە.

باسی لەوەش كرد، ئێستاش پاڵپشتی ھەمووانی پێویستە بۆ ئەوەی ئەو ڤایرۆسە زیاتر تەشەنە نەكات، ئەوەیشی مەبەستمانە ئەوەیە كە ھاووڵاتی خۆی بپارێزێت و بەشێك بێت لە كۆنترۆڵكردنی ھەموو ئەندامانی خێزانەكەی و دواتریش كۆمەڵگا.

وەزیری تەندروستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەبارەت بە ئامارەكانی تووشبووان و پشكنینی ھاووڵاتییان رایگەیاند، تا ئێستا ھەزار و ٤٦٧ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان ھەیە و پێشبینی دەكەین ژمارەكە لە چەند كاتژمێری داھاتوو و رۆژانی داھاتووشدا، زیاد بكات،

سامان بەرزنجی لەبارەی دابینكردنی پێداویستییە تەندروستییەكانیشەوە ئاشكرایكرد، كە سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان بوودجەیەكی دیكەی دیاریكردووە بۆ دابینكردنی پێداویستییە تەندروستییەكان و لەگەڵ بەغداش لە پەیوەندیداین تا بتوانین ئامێر، كیتی پشكنین و دەرمانمان لە بەغدایەوە بۆ بێت.

هـ ـ ح