کوردایەتی چییە!

مەلەفی تایبەت

16/06/2020‌ 180 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کاوە جەلال
بەشی سێیەم
1
گومانی تێدا نییە کە کوردایەتی تەنانەت لە نوێترین کاتی سەردەمدا خواستی بۆ دەسەڵاتداریی میرایەتیی گونجێنراو بە سەردەم هەیە، ڕەنگە تەنانەت ئەندێشەی شانشینی (ی دامەزراوەیی) ناخی تەنیبێت. لە بنەڕەتدا خواستی بەو چەشنە تەواو گونجاوە بە سروشتی خێڵەکێتی-گوندی خۆی، ئەوەش بەڕوونی لە ڕەفتاری سیاسی و جڤاکیانەیدا خویادەبێت، هەروەها شارنشینانی خزمەتکاری هەرگیز ئەو خواستەیان نەشاردۆتەوە و وەک ئەلتەرناتیڤ بۆ چارەسەری پەرتەوازەیی کورد دایدەنێن، لێ گەر بەوردی بڕوانین، دەبینین کە ئەوان "میکانیستیانە" ئەو چارەسەرە دەبینن، واتا خۆزگەیانە کە سەرۆک بە هەر کلۆجێک بێت "دروست بکرێت".
لەم پەیوەندییەدا پێویستە دانوستانی چەند کێشەیەکی کرۆکی بکەین. یەکێکیان ئەو پرسیارەیە کە "ئایا سەرۆک دروست دەکرێت؟". کێشەیەکی دیکە پەیوەندە بە تەنینەوەی شارنشینی یان پەرەسەندنی ژمارەی دانیشتوانی شارنشینان لە ئاشبەتاڵی 1975 بەدوواوە؛ کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە تەریب بە وەرگۆڕان و دۆخگۆڕییەکانی ناو کوردانی ئێراق لە کوردستانەکانی دیکەوە هاڤرکێی جۆرەکیی مەبەستمەندانە بەرانبەر خێڵەکێتیی گوندی و شارنشینی پەیدابووە کە بریتین لە پ.ک.ک. و خوشکە پارتەکانی. ئەوجا ئێمە پێویستە لەپاڵ ئەو کێشە ناوبراوانەدا کارەکتەری ستەمکار و بێئابڕووی خودی خێلەکێتی وەک کێشەیەکی دیکە بۆ قەدەری ئەو خۆی و داکەوتی هەموو کوردان ڕەچاو بکەین.

2
ئێمە بەهۆی کوردایەتییەوە نەمانتوانیوە ئەزموونی ئەوە بکەین کە داخۆ لەنێو داکەوتی کوردییەوە توانا بۆ "سەر-هەڵدانی سەر-کردە" هەبووبێت، چونکە کوردایەتی، کە لە هەردوو ڕووی خێڵەکی-گوندی و خێڵەکی-شانشینییەوە بەسەر هۆش و دەروونی کوردانی سۆزمەند و ساکاردا زاڵ بووە، نەیتوانیوە لەنێو خۆیەوە دەرفەت بۆ سەر-هەڵدانی سەرۆک بڕەخسێنێت، هەروەها لە ڕووی کەسەکییەوە نەبینراوە کە کەسێتی "بەنێویدا هەڵ-بکەوێت"، هۆی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سوننەگەریی خودی کوردایەتی، چونکە سوننەگەری وەک پابەند بە ئاستی لێرەبوونی (وجود) و کارکردوو بە پێشوێنەی چەسپێنراو، کەرەسەی مرۆڤی ناناسێت کە دەبێت هەموو مۆرکەکانی سەرۆکێتی لەخۆبگرێت، بۆیە تەنیا دەتوانێت لاساییکەرەوانە هەوڵ بۆ "دروستکردن"ی بدات، بۆ ئەم مەبەستەش هیچ مۆدێلێکی دیکەی جگە لە پەیوەندییە تاک-دەسەڵاتییەکانی خێڵەکێتی لە بەردەمدا نییە. بەم شێوەیە ئێمە پێویستە ڕەچاوی فاکتەری سەبژێکتیڤی (زاتی) و ئۆبژێکتیڤی (مەوزوعی) پەیوەند بە پرسی سەرۆکێتییەوە بکەین.


کێشەی سەرۆکێتی لە ڕووی سەبژێکتیڤییەوە ئەوەیە کە خێڵەکی-گوندی وەک پابەند بە جیهانی سوننەتی نە لە سەردەمانی دێرینتردا توانای کەسیی هەبووە و نە لە سەردەمی ئەمڕۆدا توانای کەسی و جڤاکیی ماوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی چە لە نێوخۆ و چە لە پەیوەندیی دەرەکیدا بسەپێنێت. بۆیە ئەمڕۆ، لە ڕووی کەسییەوە، ڕەفتاری میرانەی خێڵەکێتی-شێخزادەیی سەیر و ئاناکرۆنیستی (بەسەرچوو) دەنوێنێت، بەڵێ لە سەرنجدانی کارەکتەریدا قێزەوەن دەنوێنێت، جا گەرچی دەشێت کردارەکانی هەندێک جار مەهزەلەیی بنوێنن و پێکەنین بخەنەوە، بێگومان "پێکەنینی تاڵ". ئاخر لەنێو دۆخی شێواوی کوردانەوە کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ "کارەساتی 1961"، ئەمڕۆ لە گشت لا "دۆخگۆڕییە جڤاکییەکان" (Gesellschaftswandel) بە شێوەی جیاواز خویا بوون، بۆ نموونە وەک خۆگەریی لە شێوەکانی ملدانەبەر و گرنگینەدان بە پرسە جڤاکی و کولتوورییەکان، بنیاتنانی داخراوی خێزان وەک سنووردار کراو بەرانبەر خێزانی گەورە (تایەفە)، بێداربوونەوەی ئاگایی بۆ خۆراکگیریی تەندروست، هەروەها پەرەسەندنی لە ڕادەبەدەری خوێندنی زانکۆیی (جا گەرچی لە زۆر ڕووەوە بەرواڵەتی)، هەوڵدان بۆ خۆگونجاندن بە هەر مۆدەیەکی سەرهەڵداوی گلۆبال و هتد، لەگۆڕێبوونی پارتی جیاوازی سیاسی کە بەئاشکرا دێمۆکراتیی پەرلەمانی ئامانجیانە یان لایەنی کەم بانگەشەی ئەو شێوە دەسەڵاتدارییە دەکەن و هتد. کەچی سەرەڕای ئەو دۆخگۆڕی و دیاردانە پێدەچێت شۆڕەسوارانی خێڵەکێتی-گوندی و خزمەتکارانیان هێشتا هەر بەنامۆبوویی لە دەردوێنای ئەو پێگە سیاسییەی میر یان شادا بژین، چونکە نەشیاو نییە خۆیان وەک فریادڕەس ببینن.


کێشەی کوردایەتی لە ڕووی ئۆبژێکتیڤییەوە ئەوەیە کە کوردەکان بە کۆماری بەهێزی جیاواز دەوریان گیراوە و لە هەموویاندا کوردان بە ڕێژەی بەرچاو دەژین. کەواتە ناهاوسەنگیی دەسەڵاتی نێوان نوێنەرانی کوردایەتی و ئەو دەوڵەتانە کە خۆیان کێشەی نەتەوەییان لەتەک کوردانی وڵاتەکانی خۆیاندا هەیە، وا دەکەن و هەردەم وایان کردووە کە نوێنەرانی کوردایەتی بە هەموو لایەنەکانییەوە بەسەختی تێبکەون، ئەم کێشەیەش لەم ڕووە ئۆبژێکتیڤییەوە بەندە دەسەڵاتی نێویەکییەوە کە دەتوانین بە پێناسەکردنی لە لایەن ماکس ڤێبەر زۆر گونجاو لێی نزیکبکەوینەوە. بە دیدی ڤێبەر دەسەڵات بریتییە لە چانس / هەل بۆ ئەوە کە مرۆ لەنێو پەیوەندیدا ویستی خۆی بەقەد بڕی دەسەڵاتەکەی بسەپێنێت (مەسعودی مستەفا بەرزانی - ئەردۆگان). لێرەدا بەڕوونی دەکەوینە بەردەم ئەو ناهاوسەنگییە کە لە هەر پەیوەندییەکی خێڵەکی-گوندیدا بە هەر دەوڵەتێکی دراوسێوە هەیە.


لێ ئێمە بەڕاستی گەرەکە بۆ پتر نزیککەوتنەوە لە کێشەی سەرۆک لای کوردان ڕوو بکەینە داکەوتی ئەوان خۆیان تاکو لەوێوە لە شیمانەکانی سەر-هەڵدانی سەرۆک نزیک بکەوینەوە - سەرۆکێک کە خۆی نەکات بە مەهزەلەی جیهانی. سەرەتا هیچ گومانی تێدا نییە کە لەنێو کوردانی ئێراقدا (بێگومان هەروەها ئێراندا) "پیاوی ئازا بە ئەدگاری 'سەرۆک'ەوە هەڵنەکەتووە"، واتا خەباتگێڕێک کە وەک بکەر بۆ مردن ئامادە بێت، هاوکات لێهاتوویی جڵەوگرتنی سیاسیی هەبێت، ئەوجا بۆ ئەو مەبەستە ڕاشکاوانە بێتە مەیدانەوە و داوا بکات کە "دەیەوێت" بێ چەند و چوون بەرپرسیاریی سەر-کردایەتی، سەر-ۆکایەتی، بگرێتە ئەستۆ، بەرانبەر ئەوەش ئۆتۆرێتییەکەی لە لایەن پێکڕای هاوکارانییەوە و بەڕێی ئەوانیشەوە لە لایەن پێکڕای کوردانەوە قبووڵبکرێت.


ئێمە لێرەدا بەڕوونی دەبینین کە "بە-سەرۆک-بوون" هەڵچوونێکی بکەریانەی خۆییە بەنێو ژیانی جڤاکی و سیاسیدا، کەواتە بریتییە لە "پێگەیشتن" لە سەرەتایەکەوە ڕووەو پێگەی بەرپرسیاری. لێ پێشمەرجی ئەم هەڵچوونەی کەسی شیاو بە ئاراستەی سەرۆکێتی، یاخیبوونە لە فیگوری باوک، کە بەبێ هیچ گومانێک هاوکات یاخیبوونە لەو حیکایەتانە کە بۆ محەمەد هۆنراونەتەوە. بەڵێ، ئەوە کە ئاگایی کەسێتیی هەڵچوو بەرەو سەرۆک-بوون دەتەنێت، نەمرییە (نەک ماددەخوازییەکەی پیاوانی سوننەگەرا کە ساویلکانە یان درۆزنانە ناودەنرێن سەرۆکی نەمر، خاوەن مەدرەسە، باوکی هەژاران، واتا ئەو کەسانە کە هەر یەکەیان وەک دا-ماو-ێک بۆ هەمیشە مردووە!).


بێگومان ئێمە ئەوها جەختلێکراو ئەم کێشەیەی بە-سەرۆک-بوون دیاردەهێنین، چونکە لەم پەیوەندییەدا بەندین بە دۆخێکی مێژوویی ئەوتۆوە کە گەرەکە ڕزگاریخوازی بێت، ئەمەش دۆخێکە کە بەڕاستی "پاڵەوان"ی هەمەلایەنیی گەرەگە. لێ لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە پاڵەوانە لە داکەوتی کوردان خۆیاندا هەبووە و هەیە، ئەوا دیاریکردنی بەم چەشنەی ئەدگارەکانی سەرۆک دەرهاویشتە نییە لە ئەندێشەی نێو ژووری داخراوەوە. بەڵێ ئەوان: پاڵەوانەکان، "لەنێو پێشمەرگەدا" هەبوون (جا گەر تەنانەت نەک ئاگامەند، بەڵکو کەم یان زۆر سادە و سۆزمەند بووبن!). لە بنەڕەتدا، گەر لە کردەکێتییەوە بڕوانین، دەبوو لەنێو ئەوانەوە، کەواتە بەلۆژیکی: دەبوو میلیتاریستییانە (عەسکەرییانە) لە نێو ئەوانەوە سەرۆک یان سەر-کردە سەر-هەڵ-بدات، نەک بەزۆر لەنێو خێڵەکێتیی شێخزادەیی گونددا هەوڵی سەپاندنی بدرێت.


کەواتە ئاشکرایە لەنێو داکەوتی کوردی خۆیەوە بەشیمانەیی (پۆتێنسیەل) دەرفەتی سەر-هەڵدانی سەرۆک یان سەرکردە لەگۆڕێیە، لێ بۆ گەیشتن بەو پێگەیە پێشمەرجی کەسەکی هەیە و بریتییە لە "هەڵگرتنی" (aufheben)، کەواتە نەفیکردنی کەسێتیی سۆسیۆ-کولتووریانەی خۆ، وەک سەرەنجامی ئەو کردارەش ئیدی کەس تەواو خۆ ئازادکردوو بەرانبەر کەسێتیی محمەد دەوەستێتەوە، هاوکات کرداری بەوەفا و جددیی لێدەوەشێتەوە، کە تەنانەت دەشێت نەفرەتکردن بێت لە گۆڕی باوکی خۆی گەر هاتوو ئەو باوکە خۆفرۆش بووبێت یان تەنانەت کەمترین زیانی بە یەک تاکە مرۆڤی وڵاتی خۆی گەیاندبێت.


نەشیاوە سەرۆکهۆز و کوڕە شێخان ئەو ئەدگارە ناوبراوانەی سەرۆکێتییان هەبێت، چونکە ئەوان وەک سوننەگەرا ناتوانن کەسێتیی سۆسیۆ-کولتووریانەی خۆیان بخەنە ژێر پرسیارەوە، نەخێر، ئەوان لە زارۆکییەوە وەک دەسەڵاتدار سۆسیالیزە دەکرێن (بەکەسدەکرێن)، لەم ڕەوتەشدا دەرککردنی کەسییان بۆ سیاسەت خێڵەکییانە وەردەچەرخێنرێت، کە ئیدی تەنیا پێیان دەکرێت دەرککردنی خێڵەکی، یان گەر بڕێک کراوە بن، تەنیا پێیان دەکرێت دەرککردنی گەلەکییان (شەعبییان) هەبێت. بەڕوونی ببێژین، ئەوان لە زارۆکییەوە پێگەیەکی لێرەبوون-یانەی (وجودیانەی) دەسەڵاتیان هەیە و چێژی لێدەبینن، ئەوجا هەر چێژتنێکی ڕۆژانەیان، هۆبس واتەنی، لە ئەندێشەدا چێژی زۆرتری هێشتا نەکراو بێداردەکاتەوە، ئەوانیش وەک نەوەی دەسەڵاتداران لە داکەوتدا هەوڵی ڕیالیزەکردنیان دەدەن. بۆیە نەوەکانیان هاوشێوەی خۆیان کە ئەو پێگە "هەبوو"ەیان وەک میراتی بۆ ماوەتەوە، "پێویستان بەوە نەبووە کەسێتییان لە ململانێدا و بە پرسیار لە خۆ پێبگەیەنن"، بەڵکو ئەوان ئاستگەرایانە لە زارۆکییەوە لەنێو زارۆکاندا، لە گەنجێتییەوە لەنێو گەنجاندا، ڕێیان بۆ خۆشکراوە خۆیان بسەپێنن و ئەوەشیان کردووە، جا گەر ئەوە تەنانەت تەواو زارۆکییانە بووبێت: گەر لە تۆپانێدا دۆڕاندبێتیان، ڕۆژی ئایندە لە ڕقدا ساحەکەیان بە تراکتۆر کێڵاوە. ئاستی خواستوویان ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندوون. کەواتە ئاشکرایە لەم جۆرە باوکانە، بەتایبەتی لە سەردەمە داڕزاوەکاندا، بەتایبەتیتریش لە ژیانی نێو کوچەکانی وڵاتانی پەنابۆبردوودا، هەردەم کوڕانی چەتوون یان تەپۆ وەک چەکلی سیاسی دەکەونەوە، ئەوجا کتوپڕ لە بەردەم خەڵکدا "دەر-دەپەڕن"، "زیت-دەبنەوە" و بە قسانی زل نمایشی نوێیەتی دەکەن، لێ لە کرۆکدا لەو ئاستەوە جیهان دەبینن و سیاسەت دەکەن کە لە زارۆکییەوە ناسیویانە.


لەم ڕوانگەیەوە سەرۆکهۆزی سوننەتی، یان کەسێتیی خوێندەواری شێخزادەیی، کە ئەدگارە ناوبراوەکانی سەرۆکیان نییە، ئەوپەڕی دەشێت بەزۆر وەک دەسەڵاتدار زیتبکرێنەوە، لێ لەبەر ئەوەی زیتکردنەوەکە زۆرەکییە، ئەوا شایستەی ئەو پێگەیە نین، چونکە کەسێتییان ڕێگرە لە هەر توانستێک بۆ ڕاپەڕاندنی دەسەڵاتی پێدراویان، بۆیە زۆر زوو بێتوانایی خۆیان بۆ سیاسەت ئاشکرا دەکەن: هەموو کردارێکی سیاسییان کورتدەهێنێت، بەڵێ شکستدەهێنێت، وڵات دووچاری قەرز و هەژاری و ئاستی یەکجار زۆر جیاوازی سامان دەکەن، بەمەش تەنیا شێواوی دەخەنەوە، کە ئیدی تەنانەت شیرازە سوننەتییەکان تێکدەچن، بەڵێ لە سەرەنجامدا خودی کەسانی زیتکەرەوەی ئەوان ئیحراج دەبن و بەناچاری پەرچەکردار بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوشەکە دەنوێنن، کە بێگومان لەبەر ئەوەی تەسلیمی بەرژەوەندییە ماددیەکانی ژیانیان بوون، واتا گەیشتنی تەمەڵی خێرا بە پارە، ڕابواردن، کەشخەیەتی و ملدانەبەر و هتد، ئیدی بە ئارەزووی خۆیان و بەبێ هیچ بناغەیەک حیکایەت بۆ هەر تێکەوتنێکی سەرۆک و سەرکردەکایان دەهۆننەوە (ئەم پرسە لە خوارەوە بە نموونەی خوێندەوارەکانی کوردایەتی ڕوونتر دەبێتەوە).

3
کێشەیەکی کرۆکی لە بەردەم خێڵەکێتی-گوندی و خێڵەکێتی-شارنشینیدا ئەوەیە کە ژمارەی دانیشتوانی شارنشینان لە ئاشبەتاڵی 1975بەدوواوە پەرەی سەندووە، بەرانبەر ئەوەش بەرهەمهێنانی ئابوورییانەی گوند بەتایبەتی لە سەردەمی ئەنفالەکان بەدوواوە پاشەکشەی بەرچاوی کردووە. ئێمە لێرەدا دەکەوینە بەردەم پرسی "دۆخگۆڕیی کۆمەڵایەتی" کە بەتایبەتی لە 1991بەدوواوە دەستپێدەکات، واتا دوای ئەوە کە پیاوە تێهەڵدراوەکانی کوردایەتی دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ نێو شارەکان بۆ دەڕەخسێت و بەزۆر دەسەڵاتی دامەزراوەیی دەسەنن.


گەرچی فراوان بوونی شار، واتا تەنینەوەی شارنشینی دوای ئاشبەتاڵی 1975، سەرەتا بەهۆی کۆچپێکردنی زۆرەملێوە نەبوو کە ڕاستەوخۆ شار (ی خۆرهەڵاتی) و شێوەی پێگەیشتنی مێژووییانەی بشێوێنێت، سەرەڕای ئەوە تێکدانی ژیانی گوندی و دروستکردنی ئۆردوگای ناونراو بە "گوندی نوێ"، هەروەها تەرخانکردنی پارەی کاش وەک تەعویز بۆ زیانپێکەوتنی ئابووری کە حکومەتی ناوەندی وەک ئەلتەرناتیڤێکی حەزەرمەند هەڵیبژارد، پەرەی بە ڕێژەی کۆچکردن بۆ نێو شارەکان دا، ئەوجا پرۆسەکە لە ڕەوتی جەنگی ئێراق-ئێران و سەردەمی ئەنفالەکاندا بوو بە کۆچپێکردنی زۆرەکی و ڕاونان بەرەو شارەکان، بە سەرەنجامێکەوە کە ئیدی شارەکان شێوان و "لادێییەتی بەنێویاندا تەنییەوە". کوردستان هەرگیز، تەنانەت دوای ڕاپەڕینی 1991و دروستکردنەوەی گوندەکان، نەگەیشتەوە بە ئاستی "توانستی ترادیسیۆنیانەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی لە بواری کشتیاریدا پێش ئاشبەتاڵی 1975"، چونکە لەو کاتە بەدوواوە ئاگایی گوندی لەنێو شاردا دەستی دایە ئابووریگەریی تایبەت بە کەسێتییە سادە و ساویلکەکەی پیاوی گوند، واتا ئابووریگەریی سادە و سەرپێیی و خانەوادەیی (بەکۆمەڵ) لە بازرگانیدا کە بازرگانانی شارنشین یان شاری بەهۆی تەنیایی بازرگانیکردنیانەوە وا ئاسان دەرەقەتیان نەدەهاتن، هەروەها ئابووریگەریی سادە و سەرپێیان لە پیشەی دەستیدا کە لە ڕەوتی کاتدا بوو بە فاکتەرێک بۆ پاشەکشەی وەستا "سوننەتییەکان"، واتا ئەو وەستایانە کە سەرەتا شانازییان بە دەستڕەنگینیی خۆیانەوە دەکرد و لە بازاڕدا دەستوێژی دۆزینەوەی کاریان بوو، لێ ئێستا بە زەحمەتتر بەهۆی هاڤرکێی وەستا ڕەچەڵەک گوندییەکانەوە کاریان دەستدەکەوت.


لێ ئێمە هەر لەم پەیوەندییەدا دەکەوینە بەردەم کێشەیەکی زۆر دژواری سیاسی-مێژوویی بە کاریگەریی قووڵی ئەخلاقییەوە، واتا: "دەستمایەی بەگەڕخراوی خودی خۆ وەک جاش"، کە جێی بەرهەمهێنان دەگرێتەوە. ئاخر جاشێتی زۆر ئاسانتر لە هەر شێوەیەکی کاسپی دەرامەتی جوتیارەکەی دوێنێ دابین دەکات، ئەوەش تەواو گونجاوە بە کرۆکی فەرهودچیی گوندییە سادە و ساویلکەکان. لێ ئێمە لەم پەیوەندییەدا ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین کە جاشێتی هەروەها هۆکاری ناچارەکیی لە دەرەوە هەیە و ناتورالیزمی گوندییەکان وەک چارەسەرێکی ڕیالیستی هەڵیدەبژێرێت: پیاوی گوندی ئێستا خۆی بە جاشێتی لە جەنگی ئێراق – ئێران بەدوور دەگرێت. بەڵێ، ئەمە ئاوەزمەندییەکی سروشتییانەی گوندییە کە تا ئەمڕۆ بەو سادەیەتییەی کارایە، ئەوە بێگومان لە گشت بوارەکانی زانستی زانکۆیی و ئابووری و سیاسەت و پیشەی دەستیدا، لە نووسینی هۆزان و چیرۆک و ڕۆماندا، لە شێوەکاری و موزیکدا، بەڵێ تەنانەت لە هەندێک ڕووەوە سەروەریی سەندووە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەی ئەمڕۆی کوردەکانی نێو ئێراق بدرێت، دەبێت بەناچاری خۆی هەروەها بەم ئاستەنگە مرۆڤییەوە خەریک بکات.


ئێمە گەرەکە لەم جێیەدا، لێ بەگشتیتر پەیوەند بە خواست و ئایندەبینیی کوردانەوە، نەک تەنیا ڕيچاوی ڕەوشی جڤاکییانەی ئەمڕۆ بکەین، بەڵکو هەروەها ئاوڕ لە پەیوەندی و هەڵوێستی جڤاکی و سیاسیی کوردەکان لە سەردەمانی ئارامتری ترادیسیۆندا بدەینەوە، ئەمەش بۆیە پێویستە، چونکە بەم ڕێیەوە سەرلەنوێ حیکایەتەکانی کوردایەتی هەڵدەوەشێنەوە.


هیچ گومان لەوە ناکرێت کە نەک تەنیا ئەمڕۆ، بەڵکو لە ڕابوردووشدا، بەڵێ تەنانەت لە ساڵی شەڕە دۆڕاوە حەیابەرەکەی 1974-75دا، زۆرینەی هەرە زۆری کورد لە شار و گوند تاقەتی کوردایەتیی نەبوو، بەڵکو بەرژەوەندیی خۆی لەنێو شارەکاندا ڕەچاو دەکرد و خەریکی کاسپی یان کاری فەرمانبەریی خۆی بوو - و ئەمڕۆش ئەوها دەژی. هەروەها کەمینەیەکی یەکجار بچووکی گوندییەکان لەبەر هەر هۆیەک لە کوردایەتیدا بەشداریی کرد، ڕەنگە وەک پیاوانی ئەم یان ئەو هۆز و تیرە (لە بنەڕەتدا زۆرینەی هۆز و تیرەکان لایەنگری حکومەتی ناوەندی بوون). بێگومان ئەمە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە زۆرینەی خەڵک ی کورد نەیخواستبێت دەسەڵاتێکی خۆماڵی بێتەگۆڕێ، بەڵکو ئەو واتایە دەگەیەنێت کە خەڵک لەنێو دابەکانی دێرینی خۆیدا ڕۆنیشتبوو و بەرپرسانی خێزان مەمنون بوون بە هەر کارێک ژیانی خانەوادەکانیان مسۆگەر بکەن – وەک ئەمڕۆ. لێ هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕەوشە دەگەڕێتەوە بۆ بێتوانایی هزری و کولتووریانەی کوردایەتی، کە ناتوانێت بزانێت لە کێدا وزە مرۆڤییەکان کارایی سەردەم ڕاچڵەکێنەر وەردەگرن و لەنێو خەباتدا بنیاتنەرانە ئاوەڵا دەبن. لە بنەڕەتدا کوردایەتی هەر فڕی بەسەر ئەم مەسەلەیەوە نییە، هاوشێوەی هەردوو شاندی بۆ ئەوروپا نێرراوی سوڵتانەکەی ئیستانبول کە گەرەک بوو بۆی ڕوونبکەنەوە بۆچی ئەوروپا بۆڕی جیهانی ئیسلامیی داوەتەوە، ئەوانیش، هەردووکیان بەدووی یەکدا، یەک وەڵامی بۆ دەهێننەوە: "خاوەن شکۆ، هۆکارەکەی تەکنیکە"! – تەکنیک نەک مرۆڤ!

3
تەریب بە دۆخگۆڕییەکانی کوردانی ئێراق، لای کوردانی "وڵاتانی دراوسێیان"، گۆڕانکاریی ڕیشەیی ڕوویان داوە، کە پێکڕا لە "پ.ک.ک."وە بەرخراون و ڕاستەوخۆ هاتوونەتە نێو ئەمانیشەوە. گرنگترین مۆرکی ئەم گۆڕانکارییانە ئەوەیە کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی سەرجەم جیهانی ئیسلامیدا لەکاتی محەمەد و شۆڕشە تیۆکراتییەکەی بەدوواوە، ئیدیۆلۆژییانە بکەری ئاگامەندی سیاسی بنیاتدەنرێت، ئەوەش بە ئامانجێکی سیاسییەوە کە دێمۆکراتیی خۆسەرییە وەک تێکەڵێک لە ئەنارکیزم و دێمۆکراتیی جەماوەری. لە بنەڕەتدا ئەمە گۆڕانێکە کە تەواو دژبەری خێڵەکی -گوندی و خێڵەکی-شارنشینییە، کەواتە تەواو دژبەری کوردایەتییە، لەم رەوتەشدا کوردەکانی ئێراق بۆ یەکەم جار (کەواتە نەک بەڕێی شیۆعی یان کۆمونیستەکانەوە) بەرەو ڕووی "ناوەرۆک"ێک بوونەتەوە کە بریتییە لە پراکتیزەکردنی تیۆریی فۆرمولەکراوی کوردی بە داواکارییەوە بۆ گۆڕین ی ڕیشەیی ناوچەکە – ئەمە لە خۆیدا پرۆژەیە کە داکەوتییانە لەگۆڕێیە (و پرسیاری سەرگرتنی یان نەگرتنی بابەتی خەریکبوونەکەی ئێمە نییە، چونکە کوردایەتی و داکەوتی هەنووکە پرسی ئێمەیە).
لێ ئەم گۆڕانە هەروەها لە ڕوویەکی دیکەشەوە ئاستەنگە لە بەردەم کوردایەتییەکەی سوننەگەرایانی خێڵەکیی شار یان گونددا: ئەوە کە پارتە کۆمونیستەکان دەیانویست بە دانەوەی سوننەگەرایانەی "سۆسیالیزم ی مارکسیستیی مۆدێرن" بیکەن، ئەمان ئێستا "کوردییانە" دەیکەن: ئاشتکردنەوەی گەلەکان، کارکردنی هەموویان لە پێناوی ژیانێکی چالاکی کەم یان زۆر مرۆڤدۆستدا (ئەمە لایەنی کەم ئامانجیانە و لە "ڕۆژئاڤا" سەرباری جەنگ "هەوڵ"ی پیادەکردنی دەردرێت).
4
کێشەیەکی زۆر کرۆکی بۆ خێڵەکی-گوندی و خێڵەکی-شارنشینی ڕیشەی لە ناخی ئەوان خۆیاندا داکوتیوە کە بریتییە لە بێشەرمی و درۆزنی، کەواتە ئێمە خۆمان لە بەردەم پرسێکی ئەخلاقیدا دەبینینەوە کە دەتوانین گریمانە بکەین هۆی تەنینەوەی دەگەڕێتەوە بۆ شێخایەتیی تەریقەت، چونکە ئەم شێخایەتییە کە لە سیاسەتدا کارایی خۆی وەرگرتووە، لە کرۆکەوە بە درۆ گەورەکان ژیاوە و دەژی، لێرەشدا گەورەترین درۆی لایەنێکیان ئەوەیە، کە گۆیا شێخە کوردەکانی ئەو نەوەی محمەدی ئارەبن! هەندێکی درۆکانی دیکەی هەموویان بە کاریگەریی ئەخلاقییەوە بریتین لە: گەرچی ئەوان پێکڕا لە دینی محەمەدی لایانداوە، کەچی خۆیان وەک موسڵمان نمایش دەکەن، یان دەبێژن گۆیا "شێخەکانیان کەرامەتیان هەیە!"، ئەوە ئیدی تا دەگات بە خورافیاتی ئەوتۆ کە گۆیا گوللە نایانبڕێت، یان گەر لە فڕۆکەوە فڕێ بدرێنە خوارەوە، هیچیان لێنایەت! ئەم چییەتییە درۆزنەی هەموو "شێخایەتییە-کان"ی تەریقەت بەڕێی شێخزادە چالاکەکانی نێو کوردایەتییەوە دەرفەتی بۆ ڕەخسا بەنێو کارەکتەری سیاسەتکارانی کوردایەتیدا وەک ئەدگار بتەنێتەوە. هیچ جێی سووڕمان نییە کاتێک ئێمە ئەمڕۆ بەڕوونی دەبینین، چۆن شۆڕەسوارانی کوردایەتی هیچیان پێ شەرم نییە: ئەوان درۆزنن، کەچی جەخت لە ڕاستگۆیی خۆیان دەکەن؛ بێنیشتمانن، کەچی دەبێژن نیشتمانپەروەرن؛ دێسپۆتن و بەزۆر زارۆکانی خۆیان دەهێننە نێوەندی دەسەڵاتەوە، کەچی دەبێژن دێمۆکراتن؛ بێدینن، کەچی دەبێژن بەئیمانن؛ دوژمنی کوردن بەوە کە خاکەکەی هێدی هێدی هەڕاج دەکەن، کەچی دەبێژن کوردپەروەرن؛ دەوڵەمەندن، کەچی دەبێژن هەژارن و هتد.


لە بنەڕەتدا ئەم مۆرکە کرۆکییانەی نوێنەرانی کوردایەتی سەرلەنوێ پێشانمان دەدەنەوە کە ئەوان بۆ سەرکردایەتی، سەرۆکایەتی، سکرتێری و ڕێکخەریی پارت لەدایکنەبوون، چونکە هەموویان دوو-ڕوون، داماو-ستەمکارن، چەوسێنەر-چەوساوەن، سەرشۆڕ-سەربەرزن، ئەمانەش پێچەوانەی ئەدگارەکانی سەرۆک یان سەرکردەن کە نزیکی دەخەنەوە لە تێگەی "پاڵەوان" – و لە سەرەوە پێوەی خەریک بووین.
بەڵێ ئێمە بەڕوونی دەبینین، خێڵەکێتی خۆی بە هەموو جۆرەکانییەوە نموونەی بەرجەستەی بەدەستەوە داوە کە ئەو لە کرۆکییەوە توانای دەسەڵاتداریی سیاسیی نەبووە و نییە، بە پێچەوانەوە خێڵەکێتییە هۆزەکییەکەی، شێخایەتییە تەریقەتییەکەی، لە بەگەڕخستنی سیاسیدا بووە بە "باندی کریمینێل" (تاقمە عەسابەی ئیجرامی)، بۆیە زۆرینەی خەڵکی شار و گوندەکان هێدی هێدی لێیان تەکیونەتەوە، کە ئیدی ئەمڕۆ ئەو خێڵەکییە گوندی و شارنشینانە تەنیا بە پارە، بە کوشتن و دیلکردن و فڕاندن، خۆیان لەسەر دەسەڵات پێڕادەگیرێت.

ماویەتی

(1) ئەمە تەنانەت شای ئێران دەگرێتەوە کە ناودەنرا شاهەنشا وەک "فشەکەرێتییەکی تایبەت بە عەجەم". ئاخر لەم پەیوەندییەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە داخۆ چۆن شای شانشینی یەکگرتوو [UK] بەرانبەر ئەو بنرخێنرێت؟.