لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

کوردستان

20/06/2020‌ 916 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی‌و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد، كە ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیارەكانن.

ئەمڕۆ (٢٠/ ٦/ ٢٠٢٠)، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بە سەرپەرشتی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبۆوە، لەكۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانیداو ڕێكارە پێویستەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كران، لەسەر بنەمای ئەو دەسەڵاتەی بەڕێزان سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆ بەخشیویانە بە پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بە كۆی دەنگ بڕیاردرا:

١-دواكەوتنی موچە كاریگەریی زۆر خراپ و نەرێنی لەسەر ڕەوشی تەندروستیی و ئاسایشی كۆمەڵایەتیی دروستكردووە، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بەخێرایی موچەی موچەخۆران بەتایبەتی موچەی كەرتی تەندروستیی و هێزەكانی ناوخۆ دابەش بكات.

٢-هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگاكانی تردا لەناو هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بە پشتبەستن بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ تا (١/ ٧/ ٢٠٢٠) بە داخراویی دەمێنێتەوەو ڕێگە بە هیچ كەسێك نادرێت هاتووچۆ بكات، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت كە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا دیاریكراون.

٣-ڕاگرتنی دەوامی فەرمیی دامودەزگا حكومییەكان، جگە لە هێزەكانی ناوخۆو كەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاریی فەرمانگا خزمەتگوزارییەكان بەپێی سروشتی ئەرك و ئێشكگریی خۆیان، لە ڕۆژی یەكشەممە (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە بۆ ڕۆژی (٢٧/ ٦/ ٢٠٢٠)، ڕۆژی یەكشەممە (٢٨/ ٦/ ٢٠٢٠) دەوامی فەرمیی دەستپێدەكاتەوە.

٤-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە هەموو مزگەوت و پەرستگاو شوێنە ئاینییەكان لەسنووری پارێزگای سلێمانیدا دادەخرێن.

٥-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە تا ڕۆژی (١/ ٧/ ٢٠٢٠) هەموو نۆرینگە ئەهلیەكانی پزیشكی ددان دادەخرێن و لەكاتی زۆر پێویستدا هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی سەنتەرە ڕاوێژكارییەكانی پیرەمێردو شۆڕش تایبەت بە ددان بكەن. هەر كلینیكێكی پزیشكیی و تاقیگەو نەخۆشخانەیەكی ئەهلی پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.

٦-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە تا ڕۆژی (١/ ٧/ ٢٠٢٠) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، چێشتخانەكان تەنیا بە دلیڤەری دەتوانن كاربكەن و چایخانەو قاوەخانەو ساردەمەنیەكانیش بەبێ شوێنی دانیشتن دەتوانن بەردەوام بن.

٧-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە نێرگەلەخانەو هەر كافتریایەك كە نێرگەلە پێشكەش بكات، مەلەوانگە، لایڤ میوزیك، جیمەكان، یانە شەوانەكان، مەیخانەكان، شوێنەكانی كاتبەسەربردن و سەرگەرمكردن، هۆڵی بۆنەو كۆڕو كۆبوونەوەكان، دادەخرێن.

٨-پرسەو پرسەی گەڕەكەكان و سەرقەبران و سەردانی نەخۆش و هەموو كۆبوونەوەیەكی خۆشیی و ناخۆشیی و ئاهەنگگێڕانێك قەدەغەن.

٩-گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس) لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠) بۆ (٢٨/ ٦/ ٢٠٢٠) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕادەگیرێت، هەر شۆفێرێك سەرپێچی بكات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت.

١٠-هەر شۆفێرێكی (تەكسی) پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەك دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت.

١١-لە هەر شوێنێك، ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان جێبەجێ نەكرێت، بۆماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.

١٢-هەر كۆمپانیاو دامەزراوەو مۆڵ و شوێنێكی كەرتی تایبەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.

١٣-هەر بازرگانیكردنێك بە خوێن و پلازمای خوێنەوە بە تاوان ئەژمار دەكرێت و قەدەغەیە، لەهەمان كاتدا داوا لەو بەڕێزانە دەكەین كە لەم پەتایە چاكبوونەتەوەو توانای بەخشینی خوێنیان هەیە، وەك ئەركێكی مرۆییانەی ویژدانیانەی ئەخلاقیانەی نیشتمانیانە، خوێن ببەخشنە ناوەندەكانی خوێن وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و ڕۆڵی مەردانەی خۆیان لە ژیاندنەوەی هاونیشتمانیەكانیاندا ببینن.

١٤-پێویستە هاووڵاتیان بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی و خۆیان لە هەر بەریەككەوتن و تێكەڵاوبوون و كۆبوونەوەیەك بەدوور بگرن.

١٥-پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە حكومییەكان لێپرسینەوەو ڕێكارەكان وردترو زیاترو خێراتر بكەن و هەر فەرمانگەو لیژنەیەك كەمتەرخەمیی بكات، ڕێكاری یاسایی و كارگێڕیی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

١٦-دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە قائیمقامەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، كە بەپێی تایبەتمەندیی سنورە كارگێڕییەكانی خۆیان ڕێنمایی پێویست دەربكەن.


بەپەلە