پارتی هەڵوێستی لەسەر بۆردومانەكانی توركیاو ئێران راگەیاند

کوردستان

20/06/2020‌ 1502 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان، هەڵوێستی لەسەر تۆپباران‌و ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیاو ئێران لەخاكی هەرێمی كوردستان راگەیاند.

پارتی لەمیانی بەیاننامەیەك رایگەیاندووە، زۆر نیگەرانین بەرانبەر گرژی و پەرەسەندن و ئۆپەراسیۆنی سەربازی و تۆپباران و بوردومانەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، كە بووەتە هۆی دڵەڕاوكێی هاووڵاتیانی سڤیل و ناسەقامگیری لەناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

پارتی راشیگەیاندووە، ئەم بابەتە تازە نییە و لە ساڵانی ڕابردوویش دووبارە بووەتەوە، هەموو جار و ئەم جارەیش قسەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەم دوو وڵاتە كردووە و نیگەرانییەكانمان پێڕاگەیاندوون.

پارتی باسی لەوەش كردووە، كە ئەوان جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە هیچ جۆرە دژایەتیێكیان بەرانبەر هەرێم نییە و هۆكاری بوردومانەكان بوونی هێزە چەكدارە ئۆپۆزیسیۆنە كوردییەكانە، كە لەناو خاكی هەرێم، كردەی سەربازی دژی ئێران و توركیا ئەنجام دەدەن.

هەروەها رایگەیاندووە، ئێستا پەكەكە نزیكەی پێنجسەد گوندی هەرێمی كوردستانی لەبەردەستە و ئێمە چاوپۆشیمان لێكردووە، بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت بەهۆی بوردومانەكان زیانی گەورەتر بە هەرێم دەكەوێت و شوێنەكانی تری هەرێمیش دەكەونە ژێر مەترسی.

جەختی لەوەش كردووەتەوە، پێویستە گشت لایەكیش لەوە تێ بگات كە خەبات و حوكمڕانی بە موزایەدات و سیاسەتی نابەرپرسانە ناكرێت، بۆیە پێشتر وتوومانە و ئێستایش دەیڵێینەوە، كە ئێمە لەگەڵ خەباتی سیاسی و ڕێكاری ئاشتیانەین بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە پارچەكانی تر و ئەگەر پەكەكە و لایەنە چەكدارەكانی تر ناتوانن پابەندی بڕیار و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان بن با شەڕ و چاڵاكییەكانیان بگوازنەوە بۆ مەیدانی ڕاستەقینەی خۆیان و چیتر نەبنە مایەی هەڕەشە و ماڵوێرانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.


هـ ـ ح

بەپەلە