ئامانجی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا راگەیەنرا

کوردستان

20/06/2020‌ 6612 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لە حكومەت و لایەنە سیاسییەكان، لەبارەی چەند بابەتێك، بەتایبەتی پرسی بودجە و موچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.
 
كەناڵی رووداو بڵاویكردەوە، كە سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بۆ دانوستاندن و چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدایە، كە ئێستا لە هەمووكات زیاتر كاریگەریی كردووەتە سەر هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و دارایی.
 
لەو سەردانەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق، محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران بەجیا كۆدەبێتەوە. 

لەسەر ئاستی حیزبەكانیش لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە و سەدرییەكان كۆدەبێتەوە.

لەو بارەوە بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لەسەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا هەردوو جێگری سەرۆك لەگەڵیدا دەبن.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی بەغدا لەلایەن وەزیرانی دەرەوە و شارەوانی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیران و ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشوازی لێدەكرێت.
 
بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نێچیرڤان بارزانی چەندینجار سەردانی بەغدای كردووەو لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق كۆبووەتەوە. تەنیا هەشت رۆژ دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆبووەوە. 
 
هـ ـ ح