سەرۆك كۆمار و سەرۆکی ھەرێم پرسی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەكەن

کوردستان

20/06/2020‌ 583 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆككۆماری عێراق پێشوازی لەوەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ بەغدا دەكات و پرسی  چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش تاوتوێ دەكەن .

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٠/٦/٢٠ لە کۆشکی بەغداد پێشوازیكرد لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری.


ئاماژەبەوەشدراوە، "لە دیدارەکەدا جەختیكرایەوە لە گرنگی  چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و بڕگە یاساییەکان و پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و مووچەخۆران بێ جیاوازی، بەجۆرێک دادپەروەری كۆمەڵایەتی بھێنێتەکایەوە.


هەروەها لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە هاتووە،" لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی، ھاوکات باس لە ھاریکاری نێوان ھەمووان کرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە.

 ھەروەھا جەختکرایەوە لەگرنگی پشتیوانیکردنی کارمەند و کادرانی تەندروستی و ئەمنییەکان بۆ زامنکردنی سەلامەتی گشت ھاووڵاتیان.