مەزڵوم عەبدی داوا لەئەمریكاو روسیا دەكات رێگری لەهێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بكەن

کوردستان

25/06/2020‌ 1035 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات داوای لەهەریەك لە ئەمەریكا و روسیا كردووە، كە ڕێگە لە سەرپێچییەكانی توركیا بگرن‌و هێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بوەستێنن.

عەبدی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە راگرتنی سەرپێچییەكانی توركیا و سیاسەتی پاكتاوی رەگەزی ئەرك و بەرپرسیارییەتییەكە بەپێی ئەو ڕێكەوتنانەی ساڵی رابردوو لەگەڵ توركیا واژووەیان كردووە، لەسەر شانی ئەمەریكا و روسیایە .

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەتویتێكدا باسی لەوەش كردووە، رۆژی سێشەممە فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیا بۆردومانی گوندی حلنجیان كردووە، كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری كۆبانێوە .

هەروەك باسی لەوەش كردووە، كە تیرۆركردنی چالاكان و بەئامانجگرتنی ماڵ و موڵكی خەڵكی مەدەنی لە كۆبانی و گوندی حلنج لەپەراوێزی یادكردنەوەی تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژییەكەی داعش لەساڵی ٢٠١٥، كە بەهۆیەوە ٢٧١ منداڵ و ژن و بەساڵاچوو بوونە قوربانی، بەردەوامیدانە بە سیاسەتی كۆمەڵكوژكردنی كورد.

بەهۆی بۆردومانی فرۆكە بێفرۆكەوانەكەی توركیا بۆسەر گوندی حلنج لە رۆژهەڵاتی كۆبانی، چوار ئافرەت گیانیان لەدەستدا، كە یەكێكیان چالاكێكی ئافرەتانە.

بەمەبەستی سەركۆنەكردنی بۆردومانكردنی كۆبانی لەلایەن دەوڵەتی توركەوە، رۆژی چوارشەممە سەدان كەس لە دانیشتووانی شاری قامیشلۆ لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان خۆپیشاندانیان ساز كرد، كە تێیدا چەندین رێكخراو و دامەزراوەی ژنان لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان بەشداریان تێدا كرد.