یه‌كێتی و یه‌كگرتوو: پێویسته‌ هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداد چڕبكرێنه‌وه‌

عیراق

27/06/2020‌ 535 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكگرتووی ئیسلامی و یەكێتی نیشتیمانی لەسەر ئاستی باڵا كۆبوونەوە و له‌باره‌ی ره‌وشی ناوخۆی كوردستان و په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق گفتوگۆیانكرد، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بەپێویست زانرا هەوڵە ناوخۆی و نێودەوڵەتیەكان چڕتر بكرێنەوە بەمەبەستی گەیشتن بەڕێككەوتنێك كە سودمەندی یەكەم تیایدا هاوڵاتیانی هەرێم بێت.

نوسینگه‌ی سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە شاری سلێمانی، سەلاحەدین بەھادین بە ئامادەبونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی پێشوازی كرد لە وەفدێكی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی  لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: لە دیدارێكدا، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە كراو جەخت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خاك و خەڵكی هەرێم كرایەوەو ئاماژەش بەوەكرا كە پێویستە هەموو لایەنەكان بەگشتی و لایەنەكانی بەشدار لە حكومەت بەتایبەت هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ چارەسەری كێشەو گرفتەكانی هاوڵاتیان بە تایبەت پرسی دابینكردنی مووچە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: لەبەشێكی تری دیدارەكەدا گفتوگۆ دەربارەی چارەسەری كێشەكان لە نێوان هەرێم و بەغداد كراو بەپێویست زانرا هەوڵە ناوخۆی و نێودەوڵەتیەكان چڕتر بكرێنەوە بەمەبەستی گەیشتن بەڕێككەوتنێك كە سودمەندی یەكەم تیایدا هاوڵاتیانی هەرێم بێت.

بەپەلە