دۆرانی ترامپ لەهەڵبژاردن دەستی ئەردۆغان ئاوەڵا دەكات

مەلەفی تایبەت

28/06/2020‌ 3014 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "ئۆراسیا دیلی" دەقی دیدارێك بڵاودەكاتەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی كێشەكانی گەشەپێدان لەیەكێتی ئابووری ئۆراسی (ڤلادیمیر لیبیخین)، دەربارەی ئەو كارەساتەی لەجیهاندا بەهۆی ئەردۆغانەوە روو دەدات.

لیبیخین لەدیدارەكەدا دەڵێت: توركیا بەشێوەیەكی خێرا دەگۆڕێت بۆ رژێمێكی سیاسی سەربازی و سیاسەتی كۆمەڵكوژی دەگرێتە بەر لەدژی كوردەكان.

بەگوێرەی قسەی ناوبراو، دۆخی ئیدلب پێدەچێ زۆر ناخۆش بێت و كەمتر بێت لەوەی لە هەڵوێستی توركیا دەخوێنرێتەوە و بووەتە فاكتەرێكی گرژی كێشوەریی، بەوەی رۆڵی تیرۆری نێودەوڵەتی دەبینێت، وەك ئامرازێك بەدەست هێزە وێرانكەرە جیهانییە جیاوازەكانەوە و پێویستی بە تێڕامانە.

لەوەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەگەری ئەوەی ململانێی باكووری سوریا بگۆڕێت بۆ جەنگێكی گشتگیری نێوان توركیاو روسیا، لیبیخین ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، رەنگە نموونەی ئەم جۆرە سیناریۆیانە ببنە راستی لە ماوەی شەش مانگدا و هێزی زۆر گەورە هەیە، كە توركیا بۆ ئەو جەنگە هان دەدات.

لیبیخین دڵنیایە لەوەی ئەردۆغان درێژە بەململانێی سوریا دەدات بەگوێرەی ئەوەی پێویستی پێی هەیە، لەبەر ئەوە، ناكرێ پێشبینی گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا بكرێت لەلایەن سەركردایەتی ئێستای ئەو وڵاتەوە.

ئەوەی پەیوەندی بەگرێی جیۆسیاسییەوە هەیە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوبراو چارەسەرەكەی بەدوور دەزانێت، ئەگەری ئەمەش بە نمرە یەك پشت دەبەستێت بەئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا. 

ئەگەر بێت و ترامپ بیباتەوە وردە وردە سەری ئەردۆغان سارددەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بێت و بدۆڕێت، چاوەڕوانی كارەساتێكی جیهانی نوێی گەورە بن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەكرێت هەڵگیرسانەكەی هەڵكشانی توركیا بێت بۆ ئاڵۆزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لیبیخین، بەكورتی باسی ئەوە دەكات، بە دڵناییەوە رژێمی توركیا لەلایەن ئەمریكی و بەریتانییەكانەوە بەكاردەهێنرێت لە دژی سوریا و ئێران و روسیا.

لەدرێژەی دیدارەكەدا ناوبراو دەڵێت: ئەگەر لە نۆڤەمبەری ئەمساڵدا ترامپ هەڵبژێدرێتەوە، ئەوا چالاكی توركیا لەوڵاتی سوریا كەمدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بدۆڕێت و دەرنەچێتەوە، ئەوا دیموكراتەكان هەموو رێكارێك دەگرنە بەر بۆ ئەوەی بەسەر سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد سەركەون؛ ئەویش لەرێگەی توركیا و تیرۆریستەكانەوە، ئەوانەی واشنتۆن هەموو هاوكارییەكی بەردەستیان پێشكەش دەكەن.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا