رێككەوتنی هەولێرو بەغدا تەنیا لەسەر ژمارەكان وەستاوە

کوردستان

28/06/2020‌ 2966 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەقسەی پەرلەمانتارێكی پارتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لێكنزیكبوونەوەیەكی باش لە نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق هەیەو تەنیا ماوە لەسەر بڕی ئەو پارەیە رێكبكەون، كە بۆ ھەولێر رەوانە دەكرێت، بۆیە پێویستیان بەیەك تا دوو دانیشتنی دیكە ھەیە و ئەم ھەفتەیەش جارێكی دیكە شاندی ھەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە.

د. ئەحمەد سەفار پەرلەمانتاری پارتی لەمیانی لێدوانی بۆ میدیای فەرمی حیزبەكەی وتی: سەردانی شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا ئەنجامی باشی ھەبووە و ئەوان داواكاریی خۆیان پێشكەش كردووە و حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش داواكاریی خۆی پێشكەش كردووە، هەروەها ئەوان ژمارەیەكیان دیاریكردووە بۆ ناردنی بڕی پارەكە و حكومەتی ھەرێمیش داوای زیاتری كردووە.

سەفار وتیشی: ئەوەی ئەوان باسیان كردووە، ھەموو داھات و نەوتیان پێبدەن و ھەرێمی كوردستانیش داوای بڕێك پارەی كردووە، بەڵام ئامادە نەبوو ئاشكرایبكات و تەنیا باسی لەوە كرد، كە بەشی موچە ناكات، بۆیە پێویستیان بە گفتوگۆی زیاتر ھەیە تا بگەنە رێككەوتن.

هەروەها وتی: ھەردوولا لە قەیرانی داراییدان و بڕیاریان داوە گفتوگۆ بەردەوام دەبێت تا رێككەوتن، بڕیاریشە لەم ھەفتەیەدا جارێكی دیكە شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوەو لەسەر برێك پارە بگەن رێككەوتن، كە ھەرێمی كوردستان بتوانێت خۆی پێ بەڕێوە ببات، بۆیە تەنیا لەسەر ژمارەكە ماوە بگەنە رێككەوتن.

هەفتەی رابردوو شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدای كردو چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ شاندی حكومەتی عێراق ئەنجامدا، ئەوەش بۆ رێككەوتن لەسەر ئەو كێشە دارایی‌و نەوتیان چەند ساڵێكە لەنێوان هەولێرو بەغدا هەیە.

هـ ـ ح