ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر خانمانی سكپر مەترسیداترە

تەندروستی

29/06/2020‌ 384 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دوای چەندین مانگ لە دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە وڵاتی چین و دواتر بڵاوبوونەوەی بە ناوچەكانی تری جیهان، كەچی هێشتا نەخۆشییەكە بەتوندی بەردەوامە لە تووشكردن و چنینەوەی گیانی هەزاران كەس، بێ جیاوازیكردن لەنێوان منداڵ و گەورە و تەنانەت ئافرەتانی دووگیانیش .

سەبارەت بە مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەسەر خانمانی دووگیان، رۆبەرت ریدفیڵد بەڕێوەبەری ناوەندەكانی ئەمەریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن لێی وتویەتی: ئافرەتانی دووگیان زیاتر ئەگەری ئەوەیان لێدەكریت نیشانە توندەكانی نەخۆشییەكەیان لەسەر بەدیار بكەوێت بەراورد بە ئافرەتانی تر.

ڕێدفیڵد لەلێدوانێكی بۆ رۆژنامەنووسان وتی: ناوەندە ئەمەریكییەكانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، كە ئافرەتانی دووگیان لەكاتی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئافرەتانی تر زیاتر پێویستیان بەوە دەبێت داخڵی ناوەندەكانی چاودێری چڕ بكرێن و زیاتر پێویستیان بە هەناسەدانی دەستكرد دەبێت، بەڵام ناوەندەكان لەهەمان كاتدا وتوویانە ئافرەتانی دووگیان لەكەسانی تر زیاتر ئەگەری مردنیان بەهۆی كۆڕۆناوە نییە، جگە لەوەی هێشتا زانیاریی لەبەردەستدا نییە بەوەی بزانرێت، كە ئایا نەخۆشییەكە چی كاریگەرییەكی لەسەر سكەكە دەبێت.

سەرۆكی ناوەندە ئەمەریكییەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەوەی تائێستا روونە ئەو تووشبووانە مەترسیان زیاتر لەسەرە، كە نەخۆشییەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن، نەخۆشی شەكرە جۆری دووەم.

نەخۆشی گورچیلەكان، گیرانی درێژخایەنی سییەكانیان هەیە، یان بەدەست قەڵەوی و كەمخوێنییەوە دەناڵێنن، یان بەهۆی چاندنەوەی ئەندامێكی جەستەوە كەمی بەرگری جەستەیان هەیە.

وەرگێڕان: ئاكۆعەبدوڵڵا ئاڵی