سكاڵاش ئەنجامی‌ نەبوو.. ئەزموونێكی‌ تاڵ لە‌هەڕەشەوە تا هەوڵی‌ ڕفاندن

ڕاپۆرت

30/06/2020‌ 2062 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن: بابان ئەنوەر
دواهەمینجار، كە چوومە بنكەی پۆلیس، پۆلیسی بەردەرگاكە وتی: ببورە گەورەم وتویەتی ئەو كوڕە هات جارێكی تر مەیكەنە ژوورە! لەپەنجەرە بچووكەكەی قولەكەوە پۆلیسێكی تر دەستی درێژكرد و سكاڵاكەی دایەوە دەستم پێی وتم: "ئەم وەرەقانەش بەرەوە با لێرە نەبێت بەژێر پێوە".
 
ئەمە دواهەمین ئەنجام بوو كە له ‌بێنه ‌و بەردەیەكی‌ زۆر لەگەڵ دادگا و پۆلیسخانەكان دەستم كەوت، من ویستم دۆسێی‌ ئەمجارەی‌ پێشێلكاریی بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان وەك هەموو دۆسێكانی‌ تر تێپەڕ نەكات ‌و له ‌ڕێی‌ دادگاوە هەقی‌ خۆم وەربگرم، بەڵام لەمەشیاندا بێ ئەنجام بووم.
 
هەموو ئەوانەی بەسەرم هات هەر لەهەڕەشە و جنێوپێدان ‌و ڕێگەپێگرتن ‌و گرفت بۆ دروستكردنم بەهۆی ئەوەوە بوو كە چەند ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانیم لەسەر ژمارەیەك بەرپرس بڵاوكردەوە كە لەقەزای‌ دەربەندیخان (باشووری‌ ڕۆژهەڵاتی‌ سلێمانی‌) زەوی ‌و موڵك ‌و ماڵی گشتیان بۆ بەرژەوەندی‌ خۆیان بەكار دەهێنا و بەدەیان هەزار دۆنم زەوی گەشتیاریان داگیر كردبوو.
 
ڕاپۆرتەكان، كە لە ‌مانگەكانی‌ ئاب‌ و ئەیلول ‌و سەرەتای تشرینی‌ یەكەمی‌ ساڵی‌ ٢٠١٥ بە زنجیرە لە كەناڵی‌ (NRT) بڵاوم دەكردنەوه،‌ نەبوون بەسەرچاوەی گەڕاندنەوەی ئەو موڵكە گشتیانە بۆ حكومەت‌ و هاووڵاتیان، چونكە تا ئێستاش بەشێكی زۆریان هەر بە داگیركراوی ماونەتەوە، بەڵام بوونە بەڵگە بۆ ژمارەیە بەرپرسی تر كە بۆ ململانێی سیاسی ‌و تەكەتولاتی ناوخۆیی حیزبی وەك چەكێكی فشار بەرامبەر نەیارەكانیان بەكاریان دەهێنا، تاكو وای لێهات هەندێ بەرپرس سزای سیاسی ‌و حیزبی ‌و ئیداری دران ‌و چەند كەسێكیان لە پۆستی ئیداری دوورخرانەوە.
 
ئەو زنجیرە ڕاپۆرتە كە هەمووی‌ بە بەڵگە‌و داتا و ژمارەی‌ ورد و ناوی‌ كەسەكانەوە خرانە روو، چاوەڕێی‌ ئەوەی‌ لێ دەكرا دەزگا پەیوەندیدارەكان سوودی‌ لێببینن بۆ گەڕاندنەوەی‌ موڵك ‌و ماڵە گشتییەكان‌، كەچی‌ بێ‌ ویستی‌ خۆمان ئێمەی‌ ڕاكێشایە ناو ململانێیەكەوه ‌و به ‌چەندین شێوازی‌ ڕووبەڕووی‌ هەڕەشە بووینەوە.
 
یەكێك لهو ‌نامانەی كە له ‌ڕێی‌ ماسنجەری‌ فەیسبووكەوە بۆ ڕۆژنامەنووسی‌ ئامادەكاری‌ ئەم چیرۆكە نێردراوه ‌و ئیدیتەری‌ چیرۆكەكە چاوی‌ پێكەوتووە، هەڕەشەی‌ ڕوون ‌و ڕەوانی‌ تێدایە بۆ سەر گیانی‌ ڕۆژنامەنووسەكە تا ڕادەی‌ هەڕەشەی‌ كوشتن ‌و نووسراوە "دڵنیابە به ‌سزای‌ خۆت دەگەیت ‌و باجی‌ ئەو دەمدرێژیتە ئەدەیتەوە... وەك....ئەتتۆپێنین"، ئەو كەسەشی‌ نامەكەی‌ ناردووە رۆژنامەنووسەكە دەیناسێت.
metroo.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=52&Jor=1
 
ئەم نامەیە منی‌ سارد نەكردەوە، بەڵام زانیم هەڕەشەكان جدین ‌و زیاتر له ‌جاران خۆم دەپاراست، هەرگیز بەتەنیا بۆ هیچ جێگایەك نەڕۆشتووم تەنانەت ئەو ماوەیە ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆم بەكار نەدەهێنا بە ئۆتۆمبێلی‌ كەناڵەكەم هاتوچۆم دەكرد.
 
پێنج ڕۆژ دوای ناردنی دواهەمین نامە لەقەرەباڵغترین جێگا و لەناو خۆپیشاندانی ناڕەزایی مامۆستایان كە ١٨ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٥ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی‌ سلێمانی‌ لەسەر شەقامی سالم بەڕێوەدەچوو، كەسێكی باڵابەرزی جل ڕەش كە جلی‌ فەرمی‌ لەبەردا بوو، لەپشتەوە دای بەشانمدا و داوایكرد لەگەڵی بڕۆم گوایە كاری‌ پێمە، تێگەیشتم ئەمەش درێژكراوەی‌ ئەو هەڕەشانەیە كە لەسەرمه ‌و ژیانم له ‌مەترسیدایە، ئەوكات زانیم ئیتر دوعا و نزاكانی دایكم بۆ ئەو ساتانەیە كە ئەو هەمیشە لێی دەترسا .
https://www.facebook.com/watch/?v=995144920531576

  
بەخێرایی داوای كەسە نەناسراوەكەم ڕەتكردەوە و لەگەڵی‌ نەڕۆیشتم، بەڵام زانیم به ‌تەنیا نییه ‌و چواركەسی تری لەگەڵ بوو، ڕۆیشتمە ناوەڕاستی  خۆپیشاندانەكە و لەبەردەم هوتاف كێشانی خۆپیشاندانەكەدا وەستام تا هیچ نەبێت بەبۆنەی ئەو خەڵكەوە پارێزراوبم، ئەوە بوو كەسەكە وازی نەهێنا و بەبەرچاوی هەموو ئەو خەڵكەوە پەلاماری دام تا بەزۆر لەگەڵ خۆیم بەرێ، وێنەگرەكەی هاوڕێم بۆ ئەوەی پارێزگاریم لێ بكات هاتە بەردەمیان ‌و من خۆم ڕاوەشان لە دەستیان‌ و كەوتمە سەر زەوی‌، بەهۆیەوە كامێرای دەستی وێنەگرەكەم شكاو مامۆستایانی ناڕازی خۆپیشاندانەكە بەرگریان لێكردین‌ و نەیان هێشت لەگەڵ خۆیانمان بەرن.
 
هەموو ئەمانە بەدیمەنی كامێرامانی هاوڕێیەكم لەكەناڵی كەی ئێن ئێن تۆمار كراوە دواتر هەمووی بۆناردمەوە و ئێستاش كە سەیری دیمەنەكانی ئەو ڕووداوە دەكەم وەك یادگاریەكی ناخۆش هەمیشە لە مێشكمدا دووبارە دەبێتەوە.
 
بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئەو ڕۆژە لەوێ بوون بۆ ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان ئەو كەسەی كە پەلاماری داین لە كامێرای چەند كەناڵێكەوە دەركەوت بوو كە بەوردی چاودێری ئێمە دەكات بۆیە هەر زوو بەیارمەتی چەند هاوڕێیەكم دۆزیمانەوە كێیە، بەڵام بەچی دەچێ!

https://www.youtube.com/watch?v=VadcczNGKnA&feature=youtu.be
 
من دوای‌ ئەم رووداوە راستەوخۆ چوومە بنكەی‌ پۆلیس‌ و سكاڵای‌ یاساییم لەسەر هێرشبەرەكان تۆماركرد، هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی‌ پێویست بوو گرتمنە بەر تا دووبارە كردنەوەی‌ وتەكان لەبەردەم لێكۆڵەرەوەی‌ داد و چوونە دادگا، بەڵام ئەمڕۆشی‌ لەگەڵدا بێت نە من‌ و نە هێرشبەرەكان بانگ نەكراوین بۆ دادگا، رەنگە بەشێكی‌ پەیوەندی‌ بەوەوە هەبێت كە من لەبەر سەلامەتی‌ گیانی‌ خۆم نەمتوانی‌ لەناو سكاڵاكە ناوی‌ كەسی‌ هێرشبەر بهێنم ‌و سكاڵام دژی‌ نەناسراو تۆماركرد.
 
سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە ئەوكات لەنزیكەوە ئاگاداری‌ ئەم دۆسێیە بوو گوتی‌ "پێشێلكارییەكان بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان لە هەڵكشاندایە، تا ئەم ساتە لە كوردستان یەك كەس لەسەر ئەو پێشێلكارییانە دادگایی نەكراوە كە ناو و ناونیشان دیارەو بەڵگەی لەسەر.. لە ڕابردوودا ڕۆژنامەنووسان سكاڵایان تۆماركردووە، بەڵام ئێستا هێندە بێهیوا بوون سكاڵاش تۆمار ناكەن".
 
هەر به ‌ڕاستیش وابوو، من كە دواجار لە بنكەی‌ پۆلیس بێ هیوایان كردم تێگەیشتم ئەگەر ڕۆژنامەنووسان پەناش ببەنە بەر دەدگا هیچیان بۆ سەوز نابێت.
 
جەلال هۆرێنی رۆژنامەنوس كە خۆیشی چەند جارێك بەهۆی كارە میدیاییەكەوە تووشی سەرئێشە بووە، ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان لە نزیكەوە ئاگاداری ئەم دۆسێیەن‌ و لە میدیاكانیش بڵاویان كردووەتەوە و ئاگاداری ڕێكارە یاساییەكانیشن، دەشڵێت "بەداخەوە دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان بەجۆرێك نییە كەس ئاواتی پێبخوازێ ‌و ڕۆژبەڕۆژ پێشێلكارییەكان لەسەر ڕۆژنامەنووسان ڕوو لە زیاد بوون، كەمترین جاریش دادوەرەكان كاریان بە یاسای ڕۆژنامەنووسی كردووە كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە، زۆركات دادوەرەكان دەگەڕێنەوە بۆ یاسای سزادانی عێراقی كە سزاكانی سەر ڕۆژنامەنووسان قورسترن". 
 
جەلال بێهیوایەیە لەوەی دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە كوردستان بەمزووانە چاك ببێت‌ و دەڵێت "ئاسۆیەك ڕوون نییە بۆ باشبوونی دۆخەكە و ڕۆژانە پێشێلكاری جۆراو جۆر دەبینین كە بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان دەكرێت".
 
ئەمە یەكێكە لەو دەیان چیرۆكە ڕاستەقینانەی ژیانی من كە بەهۆی كاری ڕۆژنامەوانییەوە ڕووبەڕووی بوومەتەوە، ئێستا من لە دەرەوەی‌ كوردستان دەژیم، بەڵام هەموو هەوڵم بۆ ئەوەیە ئەو ئەزموونە تاڵەی‌ من بینم ڕۆژنامەنووسانی‌ دیكەی‌ كوردستان نەیبیننەوه ‌و ئەزموونێكی‌ لەبار بۆ كاری‌ ڕۆژنامەنووسی‌ دەستەبەر ببێت.
 
ئێستا ڕۆژنامەنووس بابان ئەنوەر لەوڵاتی‌ ئەڵمانیا دەژی‌، ئەو كاتەی‌ لە‌كوردستان بوو، جگە لەم چیرۆكە رووبەرووی‌ چەندین پێشێلكاری‌ دیكە بووەتەوە -ئیدیتەر -.