كازمی كەوتووەتە ناو ڕووبەڕووبونەوەیەكی كراوە لەگەڵ نەیارە سیاسییەكانی؟

کوردستان

06/07/2020‌ 1022 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
دوای نزیكەی دە ساڵ مانەوە لە سەرۆكایەتیكردنی گەورەترین و هەستیارترین دەزگا ئەمنییەكان لە عێراق، رۆژی شەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیری عێراق، فالح فەیازی ئەندامی پارتی دەعوەی لە هەردوو پۆستی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی‌و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دوورخستەوە.

بڕیاری دوورخستنەوەی فالح فەیاز چەند رۆژێك پێشتر لەڕێگای دزەپێكردنی چەند زانیارییەك، كە باسیان لە ویستی كازمی بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتێك بۆ دانانی سنوورێك بۆ هەژموونی تاران لەناو دامودەزگاكانی عێراق دەكرد ڕێگای بۆخۆشكرابوو، ئەویش بەرلەوەی لە ماوەكانی دواتری ئەم مانگە سەردانی ئەمەریكا بكات.

هەرچەندە دوورخستنەوەی فەیاز پێشوازییەكی زۆری لەلایەن بەشێكی زۆری چین وتوێژەكانی عێراقەوە لێكرا بەتایبەتی چالاكان و خۆپیشاندەران و پارتە نەیارەكانی ئێران، بەڵام  "بەرەی نیشتمانی بۆ رزگاركردن و پەرەپێدان " بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجەیفی نارەزایەتی خۆیان بەرانبەر بەو میكانیزمە پیشاندابوو، كە سەرۆك وەزیران بۆ گۆڕینی پۆستە ئەمنییە باڵاكان پشتی پێدەبەستێت.

ئامانجی راستەقینەی كازمی لەو گۆڕانكاریانە چییە؟ 
هادی جەلو مەرعی سەرۆكی ڕوانگەی عێراقی بۆ ئازادییە رۆژنامەوانییەكان بە ئاژانسی سپۆتنیكی روسی وتی: ئەركی كازمی خۆی لەكەمكردنەوەی هەژموونی ئێران و لەقاڵبدانی رۆڵی گرووپە چەكدارییەكانی ناو میلیشیای حەشدی شەعبیدا دەبینێتەوە، ئەوە جگە لە كردنی عێراق بە دەوڵەتێكی سیكۆلار، كە پەیوەست بێت بە پرۆژەی ئەمەریكاوە لە ناوچەكەدا.

مەرعی لەبەشێكی تری قسەكانیدا وتی: بەشێك لە هێزە شیعییەكان بڕوای تەواویان بۆ درووست بووە، كە كازمی دەیەوێت بەئامانجیان بگرێت، لەبەرئەوە چەند رۆژی داهاتوو سوپرایز و پەرچەكرداری توندوتیژانەی تێدا دەبێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت، كە دۆخەكە بۆ بەریەككەوتنی چەكداری دەگۆڕێت، لەبەر ئەوەی ئێران خۆی بیر لە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری راستەوخۆ ناكاتەوە، بەڵكو زیاتر پشت بە دۆسییەی سیاسی دەبەستێت، بۆیە تا نۆڤەمبەری داهاتوو، كە كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكانی ئەمەریكایە دۆخەكە ئارام دەبێتەوە.

سەرۆكی ڕوانگەی عێراقی بۆ ئازادییە رۆژنامەوانییەكان درێژەی داوەتێ و دەڵێت: كوتلە پەڕلەمانییەكان لەڕووی سیاسی و میدیاییەوە گوشار دەخەنە سەر سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەشێوەیەك بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی پەڕلەمان دەكرێت، بەوجۆرە شەڕەكە لەگەڵ كازمی سیاسی و میدیایی دەبێت، وەك دیارە چەند هێزێك هەن پشتیوانی لە كازمی دەكەن، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوە كراوەكە لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی دەبێت .
 
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی  


بەپەلە