شارپرێس:
باوتان موحسین قایمقایمی زاخۆ رایگەیاند، هێزەكانی توركیا ڕووبەری ٣٥٠ كیلۆمەتریان لەناوچەكە داگیركردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد بەهۆی زیادبوونی ژمارەی خاڵە ئەمنیو سەربازییەكانی توركیاوە خەڵكێكی زۆری ناوچەكە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.
قایمقایمی زاخۆ راشیگەیاند، لەوكاتەوەی توركیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی لەناو خاكی هەرێم دەستپێكردووە تائێستا بەپانایی ٥٠ كیلۆمەتر لەسەر سنوور و بە قووڵایی ١٠ كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێم، كە دەوروبەری ٣٥٠ كیلۆمەتر چوارگۆشە دەكات.
سەبارەت بە دۆخی ناوچە گوندنشینەكان، موحسین رایگەیاندووە، هەموو ئەو گوندانەی كەوتوونەتە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیاوە بوونەتە گۆرەپانی جەنگو خەڵكەكەی لەترسی گیانی خۆیان ئاوەرە بوون.
هەروەها روونیشیكردووەتەوە، كە هێشتا زیانە گیانی و ماددییەكان نەزانراون و پێویستی بەوەیە لیژنەی تایبەتی بۆ دروست بكرێت و هەروەك چۆن دەبێت شەڕەكە كۆتایی بێت تابتوانرێت لیژنەكان لەو ناوچانە كاری خۆیان بكەن.
لە رۆژی ١٥/٦/٢٠٢٠، وەزارەتی بەرگریی توركیا ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانی بەناوی "چڕنووكی هەڵۆ" بۆ سەر پێگەكانی پەكەكە لە باشووری كوردستان دەستپێكرد، كە ناوچەكانی شنگال، قەرەچووخ، قەندیل، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و خواكوڕكیان گرتەوە ، دوو رۆژ دواتریش ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی بەناوی "چڕنووكی پڵنگ" لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری زاخۆ دەستپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامە.
ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی