هاوپەیمانییەكی 4 قۆڵی ئەوروپی دژ بەتوركیا پێكدەهێنرێت

جیهان

15/07/2020‌ 3432 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرەنسا و ئیتالیا و یۆنان و قوبرسی یۆنانی دەستیانكردووە بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی كرداری دژ بە دەستتێوەردانەكانی توركیا لە لیبیا و ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست، ئەویش لەڕێگای پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی چوارقۆڵی ئەو وڵاتە ئەوروپیانە بۆ گەرەنتیكردنی كاركردنی كۆمپانیاكانی وزەی سەر بەخۆیان لە ناوچەی دەریای ناوەراست و ڕێگەگرتن لەتوركیا بۆ ئەوەی دەست بەسەر سەرچاوەكانی وزەی ئەو ناوچانەدا نەگرێت .

لەو بارەیەوە “ CNN TURK” باسی  لەوە كردووە، كە وڵاتانی ناو ئەو هاوپەیمانییە چوارقۆڵییە بڕیاریانداوە راهێنان و مانۆڕی سەربازی هاوبەش ئەنجامبدەن و ئاسانكاری بۆ بەكارهێنانی بەندەرەكانی یەكتر بكەن، هەروەك بەپێی رێكەوتنی نێوانیان دەستەبەری بەشداریكردنی كۆمپانیاكانی سەر بەو وڵاتانە لە پرۆسەكانی گەران بەدوای غازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست دەكرێت.

لای خۆشییانەوە دەزگاكانی راگەیاندنی یۆنان باسیان لەوە كردووە، كە ئیسرائیلیش بڕیاریداوە پشتگیری هەوڵەكانی ئەو هاوپەیمانییە چوارقۆڵییە ئەوروپییە بكات.

بڕیاریشە بۆ ئەو مەبەستە  رۆژی سێشەممەی داهاتوو، نیكۆس ئەناستاسیادیسی سەرۆكی قوبروس سەردانی یۆنان بكات، كە باسكردن لە دەستتێوەردانەكانی توركیا تاكە بابەتی گفتوگۆكانی دەبێت لەگەڵ كیریاكۆس میتسوتاكیسی سەرۆك وەزیری یۆنان، ئەوە جگە لەوەی بڕیارە باس لەو سیناریۆیانە بكرێت، كە لەناوچەكەدا دژ بە دەستتێوەردانەكانی توركیا بەخۆیانەوە دەبینێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ  ئاڵی