لە ترسی ژیانی خۆم مانگێك فیرار بووم

ڕاپۆرت

25/07/2020‌ 1916 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: خالید محەمەد
بەهۆی‌ پیشە رۆژنامەنووسییەكەمەوە یەك مانگی‌ تەواو له ‌شارو ماڵ‌و شوێنی‌ خۆم هەڵاتم، سەرەڕای بێنەو بەردەیەكی زۆر، تائێستاش ئەو دۆسێیە وەك خۆی‌ ماوەتەوە.

شەش ساڵ دەبێت له ‌كەناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌ كار دەكەم زۆر ناڕەوایی‌و پێشێلكارییم چەشتووە، بەڵام هیچیان وەك ئەوەی‌ ساڵی‌ 2017 نەبوو كە سەرەڕای‌ ئەوەی‌ لە كاتی‌ كارو پیشەی‌ فەرمی‌ خۆمدا پێشێلكاریی گەورەم بەرانبەر ئەنجامدرا، هاوكات فەرمانی‌ دەستگیركردنم بۆ دەرچوو، بەو هۆیەوە تەنیا هەڵاتن‌و خۆ شاردنەوەم بۆ مایەوە.

كاتژمێر ۹ ی  بەیانی  رۆژی ۱۹ كانوونی‌ یەكەمی‌ ساڵی‌ ۲۰۱۷ هێشتا لەماڵی‌ خۆمان بووم كە زەنگی مۆبایلەكەم لێیدا، بەڵێ‌‌و فەرموو لە من‌و سڵاوكردن له ‌كەسی‌ پەیوەندیكار، خۆی‌ ناساند مامۆستایەكی‌ كۆیەیه ‌و گوتی‌ "كاك خالید لە بەردەمی پەروەردەی كۆیەیەن ژمارەیەكی زۆر مامۆستاین، ئەگەر بێیت رووماڵی خۆپیشاندانەكە بكەیت‌و دەنگمان بە حكومەت‌و رای گشتی بگەیەنیت".

هەموو ئەم رووداوانە بەهایەكی‌ هەواڵی‌ گرنگیان بۆ كەناڵەكەی‌ ئێمە هەیە، به ‌تایبەتی‌ كە خۆپیشاندانەكە پەیوەندی‌ بە مامۆستایانەوە هەیەو چارەنووسی‌ بەردەوامی‌ یان راگرتنی‌ پرۆسەی‌ خوێندن بەوانەوە گرێدراوە.

زۆری‌ نەخایاند كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانم هەڵگرت‌و چوومە بەردەمی پەروەدەی كۆیە لە گەڕەكی‌ شەهیدان لە پشت گۆڕستانی‌ شەهیدان، بە گوتنەوەی‌ دروشم‌و لافینەكانی‌ دەستیان زوو دەركەوت كە داواكاریی مامۆستایان زۆرن، بەڵام گرنگترینیان راستكردنەوەی‌ باری‌ مووچە بوو كە بەهۆی‌ كەمكردنەوەو دواكەوتنی‌ بەردەوامییەوە گوزەرانی‌ مامۆستایان خراپ بووبوو.

مامۆستاكان لە گەیشتنی‌ منەوە یەك كاتژمێری‌ تەواو لەبەردەم پەروەردەی‌ كۆیەدا مانەوە، دوای‌ ئەوە بەرەو قایمقامیەتی‌ كۆیە دەرۆیشتن، تا دەهاتیش به ‌ڕێگاوە خەڵكی‌ دیكەی‌ كۆیەی‌ تێكەڵدەبوو كە پشتیوانی‌ هەمان داواكاریی بوون‌و وەك تۆپەڵە بەفرێك كە سەربەرەوخوار بڕوات قەبارەی‌ خۆپیشاندانەكە گەورەتر دەبوو، ئەمە جگە لەوەی‌ پێشتریش خەڵكێكی‌ بەرچاو لەبەردەم قایمقامیەت لە خوار قشڵەی‌ كۆیە كۆبووبوونەوە.

وا راهاتووم لەو جۆرە رووداوانە هەمیشە بەشێكی‌ دیاریكراو هەڵدەبژێرم كە هەم چاوم لە هەموو گۆشەكانی‌ رووداوەكە بێت‌و هەم خۆم بپارێزم لەوەی‌ لەسەر لایەكی‌ ناو رووداوەكە حیساب بكرێم.

لە پشتەوەی‌ خۆپیشاندەران دەرۆیشتم كە شەش كەس بە جلی‌ مەدەنییەوە هاتنە لام، له ‌بن چاكەتی‌ یەك دوانێكیانەوە دەمانچەم بینی‌، نازانم ئەوە بە رێكەوت بوو یان خۆیان مەبەستیان بوو دەمانچەكانیانم پیشان بدەن، بێ‌ ئەوەی‌ خۆیان بناسێنن داوایان كرد دەستبەجێ‌ كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان بدەمێ‌ كە بریتی‌ بوون لە كامێراو مایك كە لۆگۆی‌ كەناڵەكەی‌ لەسەرە لەگەڵ ستاندو ئامێری‌ راستەوخۆو مۆبایلەكەم، لەناو پەخشی‌ راستەوخۆدا بووم كە پەخشەكەیان وەستاند، بیریشم نەچێت ئەوە باس بكەم كە من لە كۆیە هەم خۆم كامێرا مان‌و هەم پەیامنێریشم.

گفتوگۆم لەگەڵ دەكردن‌و باجی‌ كەناڵەكەم پێ‌ پیشان دەدان هەرچەند پێشوەختە من لای‌ هێزە ئەمنییەكان وەك رۆژنامەنووس ناسراوم، بەڵام قسە سوودی‌ نەبوو ئینجا هێزی‌ بازوویان بەكارهێنا و بەزۆر كەلوپەلەكانیان لێسەندم. لەگەڵیدا چەندین قسەی‌ نەشیاویان پێ گوتم‌و لە پەنا دیوارێك دەستبەسەریان كردم‌و له ‌دەورم وەستان.

به ‌هەڵسوكەوتەكەیان بۆم روون بووەوە كە لە دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ئەوەی‌ من لەو ناوە دوور بخەنەوەو دەستگیرم بكەن، چونكە پێشتر ئەزموونی‌ لەو شێوەیەم بینیوە.

مانگی‌ تەمموزی‌ هەمان ساڵ (٢٠١٧) لەخۆپیشاندانێكی‌ دیكەی‌ كۆیە بەهەمان شێوە چەند كەسێكی‌ مەدەنی‌ منیان دەستگیر كردو بردیانم بۆ ئاسایشی‌ رۆژئاوای‌ هەولێر له ‌كۆیە‌و پاش نیو كاتژمێر ئینجا ئازاد كرام.

هەر ئەوەندەی‌ خۆپیشاندەران بەم كەین‌و بەینەیان زانی، هاتن بەگژ هێزە ئەمنییەكانداو پڕ بەگەروویان هاواریان دەكرد ئێن ئاڕ تی‌، چەند خۆپیشاندەرێكیش وەك پشتیوانی‌ منیان خستە سەر شانی‌ خۆیان‌و بەرزیان كردمەوە، هەرچۆنێك بوو كەلوپەلەكانی‌ منیان وەرگرتەوە، بەڵام لەم بێنەو بەردەیەدا تا گەیشتەوە دەست من مایكەكەم‌و بەشێك لەكەلوپەلەكانم لەكار كەوتن. 

یەكێك لەو خۆپیشاندەرانەی‌ كە هاوكار بوو لە وەرگرتنەوەی‌ كەلوپەلەكان مامۆستا هێرش بوو كە چەند خولەكێك دواتر بەگوللەی‌ هێزە ئەمنییەكان پێكراو گیانی‌ لەدەست دا.

ئەوەندەی‌ من ئاگادار بووم كەناڵەكانی‌ كەی‌ ئێن ئێن‌و سپێدەش هەر لەناو خۆپیشاندانەكەوە رووماڵیان دەكرد، لەبەردەم قایمقامیەت ئەوانم بینی‌، بەڵام دواتر لێیان غافڵ بووم.

مادح جەمال پەیامنێری‌ كەناڵی‌ ئاسمانی‌ سپێدە له ‌كۆیە، یەكێك بوو لەو میدیاكارانەی‌ رووماڵی‌ خۆپیشاندانەكەی‌ دەكرد، خۆی‌ بەچاوی‌ خۆی‌ بینی‌ كە بەرگ مەدەنییەكان چۆن پەلاماری‌ منیان دا، دەڵێت "شوێنەكەی كاك خالید لێی وەستابوو لە پشتی خۆپیشاندەرانەوە بوو شوێنەكەش كەمێك بەرزبوو ئەو رووماڵی راستەوخۆی دەكرد، ئاگاداربووین كە چەند كەسێك چوونە لایی‌و دەستگیریان كردو دواتر كەلوپەلەكانیان لێ سەندو پەخشەكەیان وەستاند، دواتر دەركەوت ئەو كەسانە هێزەئەمنیەكان بوون". لای‌ مادح‌و زۆربەی‌ رۆژنامەنووسەكانی‌ دیكەی‌ كۆیە ئەو جل مەدەنیانە ناسراون.

بەدرێژایی ئەو ماوەیەی‌ رووماڵی‌ خۆپیشاندانەكەم دەكرد، هەوڵم دەدا رووداوەكە وەك خۆی‌ بێ‌ زیادو كەم بگوازمەوەو چەندە دەمتوانی‌ بێلایەنی‌‌و بابەتی‌ بوونم دەپاراست، بەڵام بێگومان ئەم گواستنەوەیە بەدڵی‌ لایەكی‌ هاوكێشەكە نابێت.

حەسەن عەباس یەكێك له ‌مامۆستا خۆپیشاندەرەكان گوتی‌ "پەیامنێری كەناڵی NRT كە لەشوێنەكە ئامادەیی هەبوو بە شێوەیەكی پیشەییانە رووماڵی داواكاری خۆپیشاندانی دەكردو دەنگی ناڕەزایی خۆپیشاندەرانی دەگواستەوە، بەڵام لەلایەن هێزەئەمنییەكان هێرشی كرایە سەر تا رێگە بگرن لە گواستنەوەی دەنگی خۆپیشاندەران دەنگی ناڕەزایەتی مامۆستایان، هەربۆیە ئێمە لە هەوڵدابوون بۆ ئازادكردنی خۆیی‌و وەرگرتنەوەی كەلوپەلەكانی ".

خۆپیشاندەرەكان نزیكەی‌ دوو كاتژمێر لەبەردەم قایمقامیەت مانەوە، پاش ئەوەی‌ هیچیان دەستگیرۆ نەبوو، گرژی‌ كەوتە نێوان خۆپیشاندەران‌و هێزە ئەمنییەكان، وامان بەرگوێ‌ كەوت كە چوار خۆپیشاندەر بە لێدان‌و پاڵەپەستۆ بریندار بوون، كاتێك خۆپیشاندان فشاری‌ زیاتریان برد، هێزە ئەمنییەكان له ‌سەربان‌و حەوشەی‌ قایمقامیەتەوە تەقەیان بە ئاسماندا كرد، خۆپیشاندەرەكان هەندێك كشانەوەو دواتر توڕەتر بەرەو بینای‌ قایمقامیەت چوونەوە، ئەو كات هێزە ئەمنییەكان بیناكەیان چۆڵ كردبوو، خۆپیشاندەرانیش چوونە ناو بینای‌ قایمقامیەت‌و سووتاندیان.

خۆپیشاندەران به ‌توڕەییەوە چوونە سەر بارەگای هەریەك لە ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بارەگای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان‌و بارەگای رێكخراوە دیموكراتیەكانی یەكێتی نیشتمانی‌و مەكۆی گۆڕان‌و هەموو بارەگاكانیان سووتاند.

لە گەرمەی‌ ئەو رووداوانەدابوو كە كامێراكەم شەحنی‌ نەما، بۆیە شوێنی‌ خۆپیشاندانەكەم جێهێشت‌و رۆیشتم بۆ ئەوەی‌ كامێراكە شەحن بكەمەوە، لەو ماوەیەشدا خۆپیشاندەران بە ئاڕاستەی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕۆیشتبوون، بەڵام رووبەڕووبونەوە رووی دا كە لەئەنجامدا ۱۹ خۆپیشاندەر برینداركران‌و ۳ كەسیش لە هێزە ئەمنیەكان برینداربوون.

دوای كۆتایی هاتنی ئاڵۆزییەكان لەبەردەمی مەڵبەندو پەرتبوونی خۆپیشاندانەكە، من چوومە نەخۆشخانەی فێركاری شەهید دكتۆر خالید لە كۆیە كە بریندارەكانیان دەهێنا بۆ بەشی فریاكەوتنی ئەو نەخۆشخانەیەو بارودۆخی بریندارەكانم رووماڵ دەكرد، بینیم بەشێكی زۆریان گوللەیان بەركەوتبوو ئەوانی‌ تریش بە لێدان بریندار بوو بوون، تەندروستی هەندێكیان ناجێگیربوو دوای ۹ رۆژیش مانەوەی لە نەخۆشخانە یەك لەو بریندارانە بەناوی هێرش عومەر كە مامۆستا بوو فیشەك بەر پشتی‌ ملی‌ كەوتبوو بەهۆی سەخی برینەكەیەوە كۆچی دوایی كرد.

ئەو كاتەی‌ له ‌نزیك نەخۆشخانە رووماڵم دەكرد، هەندێ‌ لە دۆستەكانم ئاگاداریان كردمەوە كە هێزێكی‌ ئەمنی‌ بەدوای‌ مندا دەگەڕێن‌و بە رێگاوەن بەرەو نەخۆشخانە تا دەستگیرم بكەن، بۆیە دەمەو عەسر خێرا چوومە دەرەوەی‌ نەخۆشخانەو سواری‌ ئۆتۆمبێلەكەم بووم‌و كۆیەم بەرەو شارێكی‌ دیكەی‌ كوردستان جێهێشت –ناوی‌ شارەكە لای‌ ئیدیتەری‌ ئەم چیرۆكە پارێزراوە-.

دواتر زانیم به ‌پێی‌ دوو سكاڵای‌ ئاسایش‌و یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان به ‌تۆمەتی‌ "هاندانی‌ خۆپیشاندان‌و پەلاماردانی‌ بارەگا حیزبییەكان" دادوەر فەرمانی‌ دەستگیركردنی‌ بۆ دەركردبووم، لە بارێكی‌ ئاساییدا بوایە خۆم بەپێی‌ خۆم دەچووم بۆ لای‌ پۆلیس، بەڵام ئەو ماوەیە كۆیە دەسەڵاتێكی‌ ئەمنی‌ بەسەردا زاڵكرابوو چەند خۆپیشاندەرێك دەستگیر كرابوون‌و هەندێكیان عەزێت درابوون.

ئەو ماوەیە جارێك هێزە ئەمنییەكان چووبوونە سەر ماڵەكەمان تا دەستگیرم بكەن، كە زانیبوویان له ‌ماڵ نیم ئینجا ئەوێیان جێهێشتبوو.

ماددەكانی‌ (221و 229)ی‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ كە بەهۆیەوە فەرمانی‌ دەستگیركردن بۆ خالید محەمەد دەرچووە، یەكەمیان پەیوەستە بەو كەسەی‌ هانی‌ گردبوونەوەو بەلارێدابردنی‌ دەدات‌و دووەمیشیان پەیوەستە بەهێرشكردنە سەر فەرمانبەرانی‌ میری‌ ئەوانەی‌ له ‌ئەركی‌ فەرمیدان، بۆ یەكەمیان دەشێ‌ سزاكەی‌ بگاتە یەك ساڵ دەستگیركردن‌و دووەمیشیان سێ‌ ساڵ - ئیدیتەر-.

هەواڵی‌ ئەو پێشێلكارییەی‌ بەرامبەر من كرا لەچەند میدیایەك بڵاوبووەوە، خۆیشم پەیوەندیم بەچەند رێكخراوێكی ناوخۆییەوە كرد گوتیان دەنگت دەگەیەنین بە كونسوڵخانەكانی ئەمەریكاو بەریتانیا، ئیتر نازانم ئەو دەنگە گەیشت یان نا.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا كە لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسانی سەر بە سەندیكای رۆژنامەنووسان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ لە هەولێر رێكی خستبوو، هێرش قادر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر دۆسێكەی من بە لیژنەكە رادەگەیەنێت، ئەوانیش روونی دەكەنەوە كە رۆژنامەنووسەكان خۆیان ناچن ئەو دۆسێیانە لای سەندیكا تۆمار بكەن.

سەڕەرای ئەو پێشێلكارییەی بەرامبەرم كرا، نەك هەر دەرفەت نەبوو سكاڵا بكەم، بەڵكو دەبوو لە ترسی دەستگیركردن خۆم حەشار بدەم، وەك دەڵێن فیرارم كردبوو –لە سەردەمی رژێمی بەعس دەستەواژەی فیرار زۆر بەر بڵاو بوو بۆ ئەو كەسانەی لە سەربازی هەڵدەهاتن‌و لە ترسی دەستگیر كردن خۆیان حەشار دەدا-.

هەرچەندە كاتی‌ مانەوەم لە دەرەوەی‌ كۆیە زیاتری‌ بخایەندایە، سەرەنجام هەر دەبوو بچمەوە شارەكەم، چونكە ماڵ‌و حاڵم لەوێیەو شەش ساڵیشە هەر لەوێ بۆ ئێن ئاڕ تی‌ كاردەكەم.

دوای‌ مانگێك هەر ئەوەندەی‌ بارودۆخەكە كەمێك هێور بووەوە، چوومەوە كۆیەو بەپێی‌ خۆم چوومە لای‌ ئاسایش خۆم رادەستكرد، ئاسایش بردیانمە بەردەم دا‌دوەر.

دادوەر لەبارەی‌ ئەو تۆمەتانەوە پرسیاری‌ لێكردم، منیش رەتم كردەوەو رامگەیاند جگە له ‌رایی كردنی‌ كاری‌ فەرمی‌‌و رێپێدراوی‌ خۆم بۆ گواستنەوەی‌ زانیاری‌، هیچ تاوانێكم نەكردووەو له ‌هەموو ئەو تۆمەتانە بێبەریم، سەرەنجام دادوەر فەرمانیدا بە كەفالەتی‌ چوار ملیۆن دینار ئازادبكرێم هەتا رۆژیی دادگایی كردن، تائێستاش ئەو دۆسێیە وەك خۆی‌ ماوەتەوە.