ململانێی میسی و رۆناڵدۆ لە خولی ئیتالیش نوێدەبێتەوە

وەرزش

29/07/2020‌ 304 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
یانەی ئینتەرمیلانی ئیتالی، خەون بەوەوە دەبینێت، كە لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و كاپتنی یانەی بەرشەلۆنە بهێنێتە ریزەكانییەوە، لەو بارەیەشەوە راپۆرتە میدیاییەكان باس لەوە دەكەن، كە "نیرازۆری" ، متمانەی تەواوی هەیە بەوەی دەتوانێت لەتەواوكردنی ئەو گرێبەستە سەركەوتوو بێت .

رۆژنامەی "گازێتا دیلو سپۆرت"ی ئیتالی، باسی لەوە كردووە، كە چینییەكانی خاوەنی یانەی ئینتەرمیلان سوورن لەسەر ئەوەی بەئاراستەی گرێبەستكردن لەگەڵ میسی هەنگاو بنێن، كە لە ساڵی داهاتوو گرێبەستەكەی لەگەڵ بەرشەلۆنە كۆتایی دێت .

رۆژنامە وەرزشییە ئیتالییە بەناوبانگەكە لەلاپەرەی یەكەمیدا نووسیویەتی "سانینگ هۆڵدینگ.. دەتوانێت " ، Suning Holdings Group  كۆمپانیایەكی چینییە و خاوەنی یانە ئیتالییەكەیە و خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەكات میسی بۆلای یانەكەیان رابكێشێت.

هەروەك ئاماژەیەكی تریش هەیە، كە ئەوەی لێدەخوێنریتەوە میسی (٣٣ ساڵ) روو لە ئیتالیا دەكات، ئەویش بریتییە لەهاتنی خورخی میسی، باوكی میسییە بۆ شاری میلانی ئیتالیا، لەگەڵ ئەوەی وەك باسدەكرێت هۆكاری ئەو گواستنەوەیە تەنیا بۆ كاری بازرگانییە.

رۆژنامە ئیتالییەكە روونیكردووەتەوە، سەركەوتنی یۆڤانتۆس لە راكێشانی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پرتووگالی، پاڵنەری سەرەكی بووە لە سووربوونی ئینتەر لەسەر گرێبەستكردن لەگەڵ كاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.

مانگی رابردووش، رادیۆی "كادینا سیر"ی كەتەلۆنی رایگەیاند، میسی وەك سەرەتایەك بۆ جێهێشتنی "كامپ نو"، دانوستانەكانی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ بەرشەلۆنە هەڵپەساردووە، ئەویش لەدوای ئەو كێشە زۆرو كەڵەكەبووانەی لەنێوان میسی و ئیدارەی یانەكەدا هەیە.

وەرگێران: ئاكۆ ئاڵی