لە هەڵەبجە 11 تووشبوی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی وەفا ماوە

کوردستان

01/08/2020‌ 786 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: یاسین نادر
د.شاناز نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە لەلێدوانێکدا بۆ شارپرێس ئاشكرایدەكات، تا ئێستا لە نەخۆشخانەی وەفای تایبەت بەنەخۆشییە گوازراوەکان لە پارێزگای هەڵەبجە، 2002پشکنینی کۆرۆنا بەگشتی بۆ هاوڵاتیانی سنوورەکە کراوە، کە 475 پشکنین لەو ژمارە ئەنجامی پشکنینەکەیان پۆزەتیڤ بووە و تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

لەبارەی ئاماری چاکبوانی ڤایرۆسەکەش ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، 405توشبووی ڤایرۆسەکەش بەگشتی نەخۆشێکەیان پەڕاندووە و هەندێک لە نەخۆشەکان بەهۆی بوونی نیشانەی کەمی نەخۆشێکە لەماڵەوە چارەسەر وەردەگرن.

وتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە دەشڵێت، لە ئێستادا 11نەخۆش بەهۆی هەبوونی نیشانەکانی نەخۆشێکە لەنەخۆشخانەی وەفای تایبەت بە نەخۆشییە گوازراوەکان ماون و 3 لەم نەخۆشانەش لە ژێر ئامێری ئۆکسجیندان.

د.شاناز نەقشبەندی ڕوونیشیکردەوە، لە ئێستادا تا ڕادەیەک کیتی پشکنینمان بۆ پشکنینی گومانلێکراوانی توشبوو کە نیشانەی نەخۆشێکەیان هەیە، بەردەستە. بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبوان دەبێت حکومەت وەک هەمیشە هەنگاوی پێویست بۆ دابینکردنی کیت بۆ پارێزگاکەی هەبێت،چونکە ژمارەی کیتەکان سنووردارە.

قسەکانی وتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی ڕابردوودا بەرپرسانی پارێزگاکە ڕەخنەیان لە حکومەت بۆ دابیننەکردنی کیت و بودجەی تایبەت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی نەخۆشێکە لەم پارێزگاکە  ڕاگەیاند و داوای بە هاناوەچوونی نەخۆشەکانی پارێزگاکە و کەرتی تەندروستی شارەکەیان کرد، کە خزمەتی تەندروستی وبودجەی پێویستی وەک پارێزگاکانی تری کوردستان بۆ دابین ناکرێت و زۆرجار لەچوارچێوەی کاری خۆبەخشی وخێرخوازی فریای تەندروستی شارەکە دەکەون.