شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی سوریا سەبارەت بە ڕێكەوتنەكەی ئەمدواییەی نێوان ئیدارەی خۆسەر و كۆمپانیایەكی نەوتیی ئەمەریكی بۆ پەرەپێدان و نۆژەنكردنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا هەڵویستی خۆی دەربڕیوەو رایگەیاند، ئەو ڕێكەوتنە بۆ بەتاڵانبردنی نەوتی سوریایە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی، سەرچاوەیەك لەناو وەزارەتی دەرەوەی سوریا هەڵوێستی سوریای سەبارەت بە ڕێكەوتنی نەوتی نێوان واشنتۆن و ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان ئاشكراكردووە و رایگەیاندووە، ئامانجی سەرەكی و بنەڕەتی لە ئەو ڕێككەوتنە دزینی نەوتی سووریایە.
هەروەها سەرچاوەكە رایگەیاندووە، بەو پێیەی ئەو رێككەوتنە، كە لە ژێر چاوەدێری و پاڵشتی دەوڵەتی ئەمریكا واژووكراوە، بۆیە ئەوان بە توندی ئیدانە دەكەن و رەتیدەكەنەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لیندسی گراهام گەورە سیناتۆری كۆمارییەكان و كەسایەتیی نزیك لە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەمەریكا و بەئامادەبوونی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، كۆمپانیایەكی ئەمەریكی ڕێكەوتنی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات واژووكردووە بۆئەوەی وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی رۆژئاوای كوردستاندا بكەن .
وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی
