لەهەرێمەوە هێلكەی ئۆكرانی بەناوی بەرهەمی كوردستانەوە رەوانەی بازارەكانی عێراق دەكرێت

کوردستان

05/08/2020‌ 909 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەیدەر عەساد عەبادی، سەرۆكی كۆمەڵە جوتیارییەكانی عێراق ئاشكرایكرد، كە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان   ٢٧٠ بارهەڵگر هێلكەی قاچاخی ئۆكرانیان رەوانەی بەغدا و پارێزگاكانی ناوەراست و باشووری عێراق كردووە، ئەویش دوای دەستكاریكردنی ماركەكانیان و ناساندنیان وەك بەرهەمی ناوخۆیی.

عەبادی لەلێدوانێكدا وتی: تێبینیمان كردووە ٢٧٠ بارهەڵگری هێلكەی ئۆكرانی دوای دەستكاریكردنی ماركەكەی و پیشاندانی وەك بەرهەمی خۆماڵی، رەوانەی پارێزگاكانی تری عێراق كراون، كە لەو ژمارەیە ١٠٠ بارهەڵگریان دەستیان بەسەرداگیراوە، بەڵام ئەوانەی تر توانراوە لەناو بازاڕەكاندا ساغ بكرێنەوە.

بەقسەی سەرۆكی كۆمەڵە جوتیارییەكانی عێراق، هەرێمی كوردستان بەرهەمی قاچاخی وڵاتانی بیانی دێنێتە ناو هەرێم و دواتر وەك بەرهەمی ناوخۆیی رەوانەی پارێزگاكانی ناوەراست و باشووری عێراقی دەكات.

هەروەها روونیشیكردووتەوە، پلانی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكانی پارێزگاكانی ناوەراست و باشووری عێراق كاریگەریی نەرێنی هەبووە، بەوپێیەی ئەو دەروازانە پێشوەختە پابەندی یاسا و ڕێنماییە كشتووكاڵییەكان دەبن، بەڵام بەپێچەوانەوە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان ڕێگەیان بە هێنانی بەرهەمە قەدەغەكراوەكانداوە، كە ئەمە وایكردووە كەمتر پشت بە دەروازەكانی ناوەڕاست و باشوور ببەسترێت و كاریگەرییەكی خراپی هەبووە لەسەریان.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی