لە هاوردەكردنی كاڵای ئێرانیدا چین پێش عێراق دەكەوێتەوە

ئابوری

12/08/2020‌ 557 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی داتا فەرمییەكان، عێراق و ئیمارات لەماوەی چوار مانگ و لەنێوان ٢٠ی ئازار تاو ٢٠ی تەمووز، بە بەهای ٣،١٨ ملیار دۆلار، كاڵا و شمەكیان لەئێرانەوە هاوردە كردووە، لەكاتێكدا لەو ماوەیەدا چین پێش عێراق كەوتووەتەوە و بووەتە پێشەنگی ئەو وڵاتانەی كاڵا و شمەكیان لە ئێرانەوە هاوردەكردووە.

داتاكانی بەرژەوەندی گومرگەكانی ئێران بڵاویكردووەتەوە، كە وڵاتی چین بە هاوردەكردنی ٢،٤٧٤ ملیار دۆلار، بووەتە پێشەنگی وڵاتانی هاوردەكاری كاڵا و شمەك لە ئێران، لەدوای ئەو بە ١،٩٦٥ ملیار دۆلار عێراق دێت و لەدوای ئەویش ئیماراتی عەرەبییە، كە لەو ماوەیەدا بەبەهای ١،٢١٦ ملیار دۆلار شمەكی لە ئێرانەوە هاوردە كردووە.

باس لەوەش كراوە، كە ئەفغانستان بە ٧١٣ ملیۆن دۆلار پلەی چوارەم و توركیا بە ٤٠٥ ملیۆن دۆلار پلەی پێنجەمی وڵاتانی هاوردەكاری شمەكی ئێران بوون.

لەسەر ئەو بنەمایە چین لەو چوار مانگەدا، لەسەدا ٢٨،٤ تێكرای هەناردەی ئێرانی داگیركردووە، هەروەك عێراق لەسەدا ٢٢،٦ و ئیمارات لەسەدا ١٤ و ئەفغانستان لەسەدا ٨،٢ و توركیاش لەسەدا ٤،٧ی تێكرای قەبارەی هەناردەی ئێرانیان داگیر كردووە.

بەپێی داتاكان، بەهای هەناردەكردنی كاڵا نانەوتییەكانی ئێران لەو ماوەیەدا ٨،٧ ملیار دۆلار بووە، لەبەرانبەریشدا بە بەهای ١٠،٩ ملیار دۆلار شمەكی هاوردە كردووە، بەوەش قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەو وڵاتە ١٩،٦ ملیار دۆلار بووە.

وەرگێران: ئاكۆ ئاڵی