ترامپ پێشنیازێكی ئەردۆغانی لەبارەی لیبیاوە رەتكردووەتەوە

جیهان

12/08/2020‌ 1591 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی  "CNN"ی ئەمەریكی، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا داواكارییەكی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بۆ دەستوەردان لە قەیرانی لیبیا رەتكردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، كۆشكی سپی لە ساڵی رابردوودا ئاماژەی ئەوەی ناردووە، كە ئەگەری هەیە ئیدارەی ئەمەریكی دەستوەردان لە قەیرانی لیبیادا بكات ، هەروەك راشیگەیاندووە، ترامپ لە ١٧ی ئایاری ٢٠١٩ دا بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ مووشیر خەلیفە حەفتەری فەرماندەی سوپای نیشتیمانی لیبیا كردووە، كە رووبەرووی هێزەكانی سەر بە حكومەتی ویفاقی نیشتمانی سەر بە فایز سەرراجی لایەنگری توركیا دەبێتەوە.

سی ئێن ئێن بەپشتبەستن بە سەرچاوەی ئەمەریكی و بیانی جەختیكردووەتەوە، ترامپ چیتر نایەوێت بەشداری لە هیچ شەڕێكی ئاڵۆزی تری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بكات.

هەروەك روونیكردووەتەوە، كە ئەردۆغان پەیوەندی بە ترامپەوە كردووە و داوای لێكردووە گوشار بكات تا دەستوەردانەكانی روسیا لە قەیرانی لیبیا رابگرێت.

وەك ئاماژەیەكیش بۆ میسر و توركیا، كەناڵە ئەمەریكییەكە باسی لەوە كردووە، ترامپ لەنێوان كۆمەڵێك لە سەركردەدا گیری خواردووە، كە هەموویان دۆستی ئەون و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵیاندا هەیە، بەڵام پشتگیری لایەنی دژەبەیەك دەكەن لەلیبیادا و داوا دەكەن ئەمەریكا پشتگیری هەڵویستی ئەوان بكات، هەر ئەمەش وایكردووە ترامپ خۆ لە قەیرانی لیبیا بەدوور بگرێت و لێیان بگەڕێت خۆیان بەرگری لەخۆیان بكەن.

كەناڵەكە جەختی لەوەشكردووەتەوە، سەرچاوە توركی و ئەمەریكییەكان ئاشكرایان كردووە ئەردۆغان چەندین جار پەیوەندی بە ترامپەوە كردووە تا پاڵ بە روسیاوە بنێت لە پرسی لیبیادا پاشەكشە لە هەڵویستەكانی بكات، كە دەیانەوێت حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لە تەرابلووس برووخێن، كە حكومەتێكی ئیخوانییە و لەلایەن توركیا و قەتەرەوە پشتگیری لێدەكرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی