ئـەرمـیـنـیـا پـەیـمـانـنـامـەی سـیـڤـەر بـە بـیـر تـوركـیـا دێـنـێـتـەوە

ڕاپۆرت

12/08/2020‌ 2769 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
لە یادی سەدساڵەی پەیمانی سیڤەر (10 ی ئۆگۆستۆسی 1920)، لێدوانەكانی دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا سەبارەت بەو یادەوەرییە توركیای توڕە كردووە، بۆیە زوو بە زوو دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە ڕایانگەیاند، پەیماننامەی سیڤەر چووەتە زبڵدانی مێژووەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ لەسەر زاری وەزارەتی دەرەوەی توركیا بڵاویكردەوە، هێشتا ئەرمینیا بە ناشەرعی خاكی ئازەربایجانی داگیركردووە، ئەو داگیركاریەش كۆسپی سەرەكییە لە بەردەم ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكەدا، كاتی ئەوەش هاتووە ئەرمینیا دەستبەرداری سیاسەتە دوژمنكارییە نەتەوەییەكانی بێت لە بەرانبەر وڵاتی ئازەربایجاندا و ڕێگەی ئاشتی و دانایی بگرێتەبەر.

دوو شەممەی ڕابردوو، وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەبەیاننامەیەكدا وەڵامی لێدوانەكانی دەسەڵاتدارانی ئەرمینیای دایەوە، كە لە یادەوەری سەد ساڵەی پەیمانی سیڤەردا قسەو باسیان لێوە كردبوو.

بەیاننامەكە باسی ئەوەشی كردووە، كە لە كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهانیدا، پەیماننامەی سیڤەر هەوڵێك بووە بۆ دابەشكردنی توركیا و كۆتاییهێنان بەسەروەرییە نیشتمانییەكەی، ئەو پەیماننامەیە نموونەیەك بوو بۆ پلانە وێرانكارییەكانی سەركەوتووانی جەنگ دەرهەق بەتوركیا. 

بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا باسی لەوەش كردووە، كە پەیماننامەی لۆزانی 24 ی یۆلیۆی ساڵی 1923، كە ئەنجامی گیانی دلێرانە و پاڵەوانبازییانەی گەلی توركیا بوو لە جەنگی سەربەخۆیدا، پەیماننامەی سیڤەری كەرت و پەرت كرد و خستیە زبڵدانی مێژووەوە.

بەیاننامەكە ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، ئەوانەی باس لە پەیماننامەی سیڤەر دەكەن، لە بری پەند وەرگرتن لەمێژوو، برەو بەگیانی دوژمنكارانە دەدەن، بۆیە هیچ سەیر نییە پەنا بۆ ئەو بەڵگەنامەیە بەرن، سەرباری ئەوەی بەڵگەنامەكە سەدەیەكی بەسەردا تێپەڕیووە.

بەپێی بەیاننامەكە، حكومەتی ئەرمینیا لە بری تێركردنی گەلەكەی هاتووە باس لە ئەو پەیماننامەیە دەكات كە توركیا خستویەتییە زبڵدانی مێژووەوە.

هەر بەپێی بەیاننامەكە، توركیا مكوڕە لەسەر برەودان بە یەكپارچەیی خاكەكەی و یەكیەتی گەلەكەی، ئەوەی لە بارەی سیڤەریشەوە باسی لێوە دەكرێت تەنها بەرزەفڕی قێزەوون و چاوچنۆكییە.

لە هەمان ئان و ساتدا، لە 29 ی یۆلیۆی ڕابردووەوە، هێزەكانی توركیا و ئازەربایجان مانۆڕی سەربازی (هەڵۆ) ی ئاسمانی بەڕێوەدەبەن، هەروەك ئاژانسی هەواڵ ئەنادۆڵ ئاماژەی پێكردووە. هۆكاری ئەنجامدانی مانۆڕە سەربازییەكەش، هەڵكشانی ئەو بارگرژییانەیە كە لەو ماوەی پێشوودا لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان سەریهەڵداوە.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر