شارپرێس:
كوتلەی نەهجی نیشتمانی لە پەڕلەمانی عێراق، حكومەتی فیدراڵی تۆمەتبار دەكات بەوەی لە پرسی داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەكانی هەرێمدا بەشێوەیەكی جیدیی مامەڵە ناكات و كەمتەرخەمی دەنوێنێت .
حوسین عیقابی ئەندامی كوتلەكە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، داوا لە حكومەتی فیدراڵی دەكەین بەرپرسیاری دەستووریی و نیشتمانی خۆی هەڵبگرێت و لەسەر یەك بنەما و پێوەر چاكسازی بكاتو هەموو پارێزگاكانیش بگرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، ناكرێت و دادپەروەری نییە بێدەنگی لە چۆنێتی ئیدارەدانی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت، بەتایبەت بەشێكیان نافەرمین و لای حكوموەتی فیدراڵی تۆمار نەكراون، جگە لەوەی هەرێم ڕێگە نادات دەسەڵاتی فیدراڵی سەرپەرشتی ئیدارەدانیان بكات و داهاتەكانیان بەگوێرەی پرەنسیپەكانی دەستوور و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەش بكرێنەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە بەپێی مەزەندە سەرەتاییەكان لانیكەم داهاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێم دەگاتە سێ ملیار دۆلاری ئەمەریكی.
عیقابی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە لە پرسی نەوتی هەرێمی كوردستانیشدا لەڕووی داهاتی بەدەستهاتوو، چۆنێتی خەرجكردنی و نەبوونی هیچ جۆرە چاودێرییەك بەسەرییەوە ناروونی هەیە، لەگەڵ ئەوەی مەزەندە دەكرێت داهاتی ساڵانەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بێت .
پەڕلەمانتارەكەی كوتلەی نەهجی نیشتمانی پرسیاری ئەوەی كردووە، كە بۆچی دەبێت داهاتی نەوتی بەسرە و پارێزگاكانی باشوور بۆ هەموو خەڵكی عێراق بێت و وەك داهاتێكی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامادە نەبن داهاتی نەوتەكەیان رادەست بكەن، كەچی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی بەغدا و ئەوەی ئێستاش چاوپۆشی لەپابەند نەبوونی هەرێم بە برگە و بەندەكانی دەستوور و یاسای بودجە دەكەن و بەردەوام بوون لەخەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم .
وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی
