راپرسییەك ژمارەی مەترسیدار لەبارەی باوەڕی ئێرانییەكان بە ئاین ئاشكرادەكات

لە میدیاکانەوە

27/08/2020‌ 2666 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەپێی راپرسییەكی ناوەندی "كەمان"ی ئێرانی، كە بارەگاكەی لە وڵاتی هۆڵەندایە، لەدوای چوار دەیە لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران، كە سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتەی لە سیستەمێكی سیكۆلارەوە كرد بەسیستەمێكی ئاینی، نیوەی ئێرانییەكان ڕوویان لە بێباوەڕی كردووە و بوونەتە كەسانی ئاتیست.

ناوەندەكە ئاشكرایكردووە، راپرسییەكە ماوەی ١٥ رۆژی خایاندووە و زیاترە لە ٥٠ هەزار كەس بەشداریان تێدا كردووە، كە هەموویان كەسانی خوێندەوار بوون و تەمەنیان لەسەرووی ١٩ ساڵییەوە بووە. 

لەمیانی راپرسییەكەدا هەوڵدراوە تێروانینی ئێرانییەكان لەبارەی ئاین و بابەتە ئاینییەكانەوە بزانێت، كە رەنگە نەتوانن لەدۆخێكی ئاشكرا گوزارشتی لێبكەن.

بەپێی راپرسییەكە، لەنێوان لەسەدا ٥٠ی باوەڕدارەكاندا تەنیا ٣٧٪ یان بروایان بەزیندوبوونەوەی دوای مردن هەیە ، ٣٠٪یان بڕوایان بە بەهەشت و دۆزەخ هەیە ، ٢٦٪ یان باوەڕیان بەفریشتە و جن هەیە، تەنانەت ٢٦٪یان بروایان بە دەركەوتنەوەی مەهدی مونتەزەر نییە، كە بنەمایەكی سەرەكییە لە درووستبوونی مەزهەبەكانی شیعە .

لەبەشێكی تری راپرسیەكەدا روونبووەتەوە، كە ٣٢٪ ی كۆمەڵگە خۆیان بەمسوڵمانی شیعە دادەنێن، ٤،٥٪ خۆیان بە مسوڵمانی سوننە هەژمار دەكەن، ئەوە جگە لە سۆفی و بەهاییەكان، هەروەك چۆن ٢٢٪ ی ئێرانییەكان خۆیان بەنزیكی هیچ كام لەو دین و بیر و باوەرانە نازانن .

راپرسییەكە ئاشكرایكردووە، كە نیوەی دانیشتووانی ئێران لە كەسانی دیندارەوە بۆ كەسانی بێباوەر گۆراون، تەنانەت ٦٪ ی ئێرانییەكان روویانكردووەتەوە، ئاین و بیروباوەڕی تر.

ئەوەش هاتووە، كە ٦٨٪ ی ئێرانییەكان پێیان وایە نابێت حوكمە دینییەكان بەشێك بن لە بنەماكانی یاسادانان ، تەنانەت ئەگەر كەسانی پارێزكار و دیندار زۆرینەی كورسییەكانی پەڕلەمانیش ببەنەوە.

راپرسییەكە ئاشكراشیكردووە، ٥٧٪ ی دانیشتووان دژی ئەوەن منداڵەكانیان لە قوتابخانەكاندا بابەتە ئاینییەكان بخوێنن، ٧٣٪ یان دژی سەرپۆشی زۆرەملێن بۆسەر ئافرەتان، بەڵام ٥٨٪ یان هەر لەبنەرەتەوە بروایان پێی نییە.

ئەوەی جێگای سەرنجە، كە ٦٠٪ كەسانی بروادار وتویانە، كە نوێژ ناكەن، لەكاتێكدا ٤٠٪یان وتویانە جار جارە نوێژ دەكەن.

هەروەك سەرەرای توندی كۆتوبەندەكان، كەچی ٣٧٪ی ئێرانییەكان وتویانە، خواردنەوە كحوولییەكان دەخۆنەوە، جا بەردەوام بێت یان ناوە ناوە ، ٨٪ یشیان وتویانە لەبەر قورسی ژیان ناخۆنەوە نەك لەبەر پرسە ئاینییەكان.

وەرگێران: ئاكۆ ئاڵی