لە پێشوازیی سێیەمین سالیادی ڕیفراندۆمدا
قەدەری نەتەوەیەک لە دەستی نوخبەیەکی خۆپەرستدا

کوردستان

23/09/2020‌ 1636 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان_عێراق ئه‌و نوخبه‌ سیاسیەیه‌ كه‌‌ نزیك بە ٣٠ ساڵه‌ حكومڕانى ئه‌م هه‌رێمه‌ن، كوردستان له‌قه‌یرانێكه‌وه‌ ئه‌ده‌نه‌ ده‌ست قه‌یرانێكى تر وڵات له‌كاره‌ساتێكه‌و ڕادەستی کارەساتێکی تر دەکەن.

ئه‌م نوخبه‌ سیاسییه‌ باڵاده‌سته‌ ڕۆژى 25 ئه‌یلولى 2017 وه‌ك ڕۆژى ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان و جیاكرنه‌وه‌ى له‌ عێراق دیاریكرد، ئەوان بڕیاریاندا چیدی کوردستان بەشێک نەبێت لە عێراق و بۆ لەمەودوا ببنە دوو دراوسێی باش و دۆستی یەکتر.

بریاریاندا چیدی شانازی بە ئاڵاو سەروەریی خاكی عێراقەوە نەکەن و سەربەخۆیی سیاسی و ئابوری و جوگرافی بەدەست بهێنن و وڵاتێک دروست بکەن بۆ دانیشتوانەکەی کە ببێتە لانکەیەکی ئارام، ئەوان بانگەشەی سەربەخۆ بوون و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییان دەکرد، بەڵام ئەنجامەکەی زۆر پێچەوانە کەوتەوەو نەک نەتوانرا سەربەخۆیی بە دەست بێت بەڵکو

وردە وردە هەموو دەسەڵات و سەروەریی قەوارەی هەرێم لە ژیر مەترسیی گەورەدایە و ڕو لە لە ناوچوون دەکات.

 ئەو دەمەی ئەم سەرکردایەتییە بڕیاری ڕیفراندۆمی دا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمان،جیهان و دۆسته‌كانى كورد كه‌وتنه‌ پاڕانه‌وه‌، كورد وته‌نى تكاو ڕجایان كرد كه‌ كاتى ئه‌مه‌ نیه‌و ریفراندۆمه‌كه‌تان بۆكاتێكى گونجاو تر دوابخه‌ن، بەڵام مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى ئه‌وكاته‌ى هه‌رێمى كوردستان کە سه‌رۆكى ئه‌و ئه‌نجومه‌نە سیاسییه‌ بوو كه‌ به‌ناوى سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان_عێراقه‌وه‌ دروست بوو بوو‌،  گوێی بۆكه‌س نه‌گرت و ڕیفراندۆمیی ئەنجامدا.

ریفراندۆمێک کە بوە خۆرەی دەستکەوتەکانی چەندین ساڵەی میلەتێک کە هەمیشە بەدەست تاوان و ستەم و نادادییەوە ناڵاندویەتی، ڕیفراندۆمێک کە قەوارەیەکی بەهێز و نیمچە سەربەخۆی خاوەن پیگەی گرنگی وەک هەرێمی کوردستانی کردەوە بە هەرێمێکی لاواز و چاو لەدەستی عێراق و بێتوانا لە بەرامبەر قەیرانەکان.

ڕاستەوخۆ دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم هاتە سەر شاشەکان و داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد بگەرێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و کێشەکان بە لێکتێگەیشتن چارەسەر بکەن.

ریفراندۆم بوە هۆی دروەستبونی دۆخێکی نوێ بۆ هەرێمی کورردستان و گەمارۆیەکی ئابوری و سیاسی توند سەپێنرا بەسەر هەرێمدا و سەرجەم دەروازە سنوریەکان و فرۆکەخانەو بازارە جیهانییەکان بە ڕوی هەرێمدا داخران و بەرپرسانی هەرێم داوای دیدار و کۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی هەر دەوڵەتێکی ناوچەیی و جیهانیی دەکرد داواکەیان بێوەڵام دەمایەوە.

 ڕوداو و كاردانه‌وه‌كانى دواى ئەنجامدانی ریفراندۆمی (25) ئه‌یلولی (2017)، هیچی کەمتر نییە لە نسکۆو شکستەکانی کورد لە رابردودا، بەوپێیەی ئەم ریفراندۆمە هەرێمی کوردستان و دۆزی سه‌ربه‌خۆیی کوردی چەندین دەیەو قۆناغ گێرایەوە دواوە، چ لەسەر ئاستی کوردستان، چ لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەو جیهان.

زیانى گه‌وره‌  بەر قەوارەی هەرێمی کوردستان کەوت لەروی (خاک، سەرچاوەکانی داهات و دارایی و پێگەی سیاسی و دیبلۆماسی و زیانی گیانی و ماددی .
هەرێمی کوردستان پێش ریفراندۆم وه‌ك قه‌واره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆبوو، ئیدارەی ناوچە دابراوەکانیش بەدەست کوردەوەبوو. به‌ڵام به‌ئه‌نجامدانى ریفراندۆم و ڕوداوەکانی  (16)ی ئۆکتۆبەر ڕوویدا جیا لەزیانە گیانییەکان،بونە هۆی لەدەستدانی نزیکەی (51%) خاکی کوردستان، ڕیفراندۆم و شانزەی ئۆکتۆبەر بونە هۆی لەدەستدانی سێ کێڵگەی گەورەی نەوتی کە زیاتر لە (535) بیرە نەوت لە خۆ دەگرێت، بەم جۆرەش رۆژانە هەرێمی کوردستان نزیکەی (375) هەزار بەرمیل نەوتی لەدەستدا.

 سەرۆکی هەرێم دەستی لە کار کێشایەوەو دەنگۆی ئەوە بڵاو بویەوە لە ژێر فشاری ئەمریکاو ڕۆژئاوادا ناچار کرابێت بە دەست لەکارکێشانەوە، ئەو کە لە بانگەشەی ڕیفراندۆمدا بەردەوام باسی ئەوەی دەکرد ئەگەر ڕیفراندۆم گرفتێکی دروست کرد و پێویستی بە قوربانیدان بوو من ئامادەم لە بری گەلەکەم قوربانییەکە بدەم ،بەڵام ئەو گۆرەپانەکەی چۆل کرد و کوردستانی ڕادەستی چەندین کێشەو ئاڵۆزی و گەمارۆ کرد.

له‌ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان دا له‌دواى ریفراندۆمه‌وه‌ بێ كارى نه‌بوونى موچه‌و خزمه‌تگوزارى تادێت زیاد ده‌بێت، ناڕه‌زایه‌تى خه‌ڵك گه‌یشتۆته و‌ لوتكه‌ هیچ ئومێدێك بۆگۆرانكاریی چاكسازى له‌ حكومه‌ت و حزبه‌ حكومڕانه‌كاندا به‌دیناكرێت، دۆخى كۆمه‌لایه‌تى شێواوه‌، ناوچه‌ سنورییه‌كانى كوردستان نائارامه‌و توركیاو ئێران ڕۆژانە به‌بیانوى چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌وه پژاک هاوڵاتیانى سڤیلى دانیشتوى گونده‌كانى سنوور ده‌كوژن، هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كەى  په‌رله‌مان،هه‌رێم ،حكومه‌ت، ده‌سته‌وه‌ستانن له‌هه‌مبه‌ر چاره‌سه‌رى كێشه‌كاندا، دۆخى هه‌رێم به‌شێویه‌کە به‌هۆى ڕیفراندۆمه‌وە شێواوه‌ كه‌ئەسته‌مه‌ به‌سه‌دان ساڵى تر بگه‌ینه‌وه‌ ڕۆژانى پێش 25ى 9-2017

بەپەلە