نەمانی توانای بۆنکردنی 4 جۆر بۆن بەڵگەیە لەسەر توشبون بەکۆرۆنا

تەندروستی

03/10/2020‌ 3389 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی لەدەستدانی توانای بۆنکردنی چوار جۆر بۆن، ئاماژەیە بۆ تووشبون بەڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ ناسراو بە(کۆڤید-١٩).

لێکۆڵینەوەکە لەلایەن تیمی پێکهاتوو لەجانین ماکارۆنیدیس‌و جێسیکا مۆکەوە ئەنجامدراوەو ٥٩٠ کەس لەڕێگای ئینتەنێتەوە بەشداریان تێداکردووە، تێیدا وەڵامی پرسیاری لەدەستدانی هەستی بۆنکردن‌و تامکردن‌و نیشانەکانی تری پەیوەست بەڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێیان لێکراوە.

لێکۆڵەران تێبینیان کردووە، ئەوکەسانەی تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ بوون، بەگشتیی هەستی بۆنکردنی بۆنەکانی سیرو پیازو قاوەو عەتریان نەماوە، بۆیە دەبێت خۆیان کەرەنتینە بکەن‌و پشکنینی زانینی تووشبوون بەڤایرۆسەکە ئەنجامبدەن.

لێکۆڵەران دەڵێن:"لێکۆڵینەوەکەی ئەوان هەوڵێکە بۆ دیاریکردنی تێکڕای (seroprevalenc)ی دژە تەنەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لای ئەوکەسانەی وتویانە هەستی تامکردن یان بۆنکردنیان لەدەستداوە، هەروەک هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئایا لەدەستدانی هەستی بۆنکردن یان تامکردن ئاماژەیە بۆ تووشبوون بەڤایرۆسی کۆڕۆنا.

بوونی دژە تەنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ئەوە دەگەیەنێت کە کەسەکە تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ بووە، ئەوەش پشکنینێکی باشەو مانای وایە کەسەکە لەگەڵ ئەوەی تووشی ڤایرۆسەکە بووە، کەچی نیشانەکانی لەسەر دەرنەکەوتوون.

وەرگێڕان: ئاکۆ ئاڵی