لەكۆتایی ساڵی ڕابردوو به‌شێكی زۆری هاوڵاتیان‌و لایه‌نگرانی یه‌كێتی چاوه‌ڕوانی كۆتاییهاتنی ململانێ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی بون، ململانێیەک کە چەندین ساڵ بەرۆکی ئەو حزبەی گرتبوو خەریکبوو توانای بەردەوامی لەیەکێتی بسەنێتەوەو بیکاتە حزبێکی لێکهەڵوەشاوو هەر سەرکردەو بەشی خۆی لەحزبەکە ببات، چونکە یەکێتی لەو چەند ساڵەی دوایدا ڕوبەڕوی ژمارەیەک لەجیابونەوەو دروستبونی حزبی نوێبویەوە کە دۆخی یەکێتییان بەتەواوی هەراسانکرد.
ئومێد دروست بوبوو لای لایەنگرانی یەکێتی کە دوای کۆنگرەکەیان هەموشت دەچێتەوە سەر رێچکەی خۆیی‌و باڵباڵێن کۆتایی دێت‌و وەک سەرکردەکانی دەیانوت هەموو بەیەک دەنوکەوە سیاسەت دەکەن‌و دژی هەر نەیارێک دەوەستنەوە.
ئه‌و ئومێده تاكۆتاییهاتنی كۆنگره مایه‌وه تاوه‌كو سیستمێكی نوێ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی حزبەکە دیاری‌کرا کە سیسیتمی هاوسەرۆکی بوو کە ئەویش لەئەنجامی نەگەیشتنە ڕێککەوتنی ئاراستە جیاوازەکانی یەکێتییەوە سەریهەڵدا کە هه‌ریه‌كه له‌بافڵ تاڵه‌بانی‌و لاهور شێخ جه‌نگی ئامۆزای به‌هاوسه‌رۆكی حزبه‌كه هەڵبژێردران.
چاودێران دەڵێن یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ئێستا دوو ئاراسته‌ی جیاواز سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه ئاراسته‌یه‌كیان تاڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئاساییكردۆ‌ته‌وه‌و ئاراسته‌كه‌ی دیكه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شه‌رعییه‌تی كۆنگره‌و سه‌ركردایه‌تی وه‌رگرتوه هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ڕكابه‌رە سه‌ره‌كییەکەی كه پارتییه ئه‌نجامنه‌داوه، پارتیش ده‌یه‌وێت به‌ره‌ی ماڵی تاڵه‌بانی له‌ناو یه‌كێتیدا ده‌ستڕۆیشتوتربێت له‌و به‌ره‌یه‌ی كه دانوی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی پارتی ناكوڵێت.
دوای ئه‌نجامدانی كۆنگره‌و دیاریكردنی هاوسه‌رۆكان‌و سه‌ركردایه‌تی‌و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، پارتی په‌یامی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی ئه‌و حزبه نه‌كرد، بیانوه‌كه‌شی ئه‌وه‌بوو كه بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتنه‌كراوه‌و لەچەند شوێنێکیش بەرپرسانی باڵای یەکێتی نیگەرانی خۆیان نیشاندا بەوەی کە پارتی دان نانێت بەسەرکردایەتی نوێی حزبەکەیاندا.
پارتی ئێستاش به‌دوو ئاڕاسته‌ی جیاواز مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكان ده‌كات، به‌جۆرێك لەسەر ئاستی زۆر باڵا‌و کەسی یەکەمی حزبەکەیەوە چه‌ندجارێك له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی كۆبۆته‌وه، به‌ڵام هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ لاهور شێخ جه‌نگی ئه‌نجامنه‌داوه کە ئەمەش خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە پارتی دەیەوێت مامەڵەیەکی فەرمی لەگەڵ بەشێکی یەکێتی بکات‌و بەشەکەی تری فەرامۆش بکات‌و ئەوەش ببێتە مایەی پەرتەوازەکردنی حزبەکە، چونکە پارتی ئەزمونی لەگەڵ ئەمجۆرە کارانە زۆرە لەتەمەنی سیاسی خۆیدا.
پارتی١١ی ئابی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ شاندێكی یه‌كێتی به‌سه‌رۆكایه‌تی بافڵ تاڵه‌بانی، له‌هاوینەهەواری دوكان كۆبوه‌وه‌و دواتریش هەردوکیان ڕایانگه‌یاند، "كۆكبوین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی سیاسی نێوان پارتی‌و یه‌كێتی کە ساڵی ڕابردوو لەنێوانماندا ئیمزاكراوه‌و له‌هه‌موو ڕویه‌كه‌وه به‌گشتی‌و به‌تایبه‌تی له‌بابه‌تی په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت".
١٦ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵیش هه‌ردوو فراكسیۆنی پارتی‌و یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان رێكکه‌وتنێكی نوێیان بۆ پێكه‌وه كاركردنیان واژۆكرد، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیش ڕایگه‌یاند، "به‌ڕه‌چاوكردنی رێكکه‌وتنی نێوان هه‌ردو حزب، ڕێکەوتنەکە کراوەو هەردوو فراکسیۆنیش پاڵپشتی یەکدەبین لەپەرلەمان‌و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەشێک دەبێت لەڕێککەوتنەکە".
ئەمانە لەکاتێکدایە کە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی بەدرێژایی ماوەی هاوسەرۆکایەتیەکەی نیگەرانی خۆی لەپەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتی دەربڕیوەو بەردەوام لێدوان‌و ڕاگەیەنراوی توندی هەبوە بەپێچەوانەی ئەو ڕێکەوتنانەی کە ئەنجامدراون لەنێوان حزبەکەیی‌و پارتیدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە بەشێکی یەکێتی لەگەڵ پارتی کێشەی نییەو بەشەکەی تریش دانوی لەگەڵی ناکوڵێت.
شارەزایان دەڵێن:"پارتی بەردەوام هەوڵی ئەوەیداوە لەڕێگەی دروستکردنی گروپ‌و تاقمی نزیک لەخۆی لەنێو هێزە سیاسیەکاندا کار بۆ پەرتەوازەکردنیان بکات بەتایبەتی هێزە نەیارەکانی"، دەوترێت بەردەوام لەنێو یەکێتی کۆمەڵێک سەرکردە هەبون کە نزیکبون لەپارتیەوەو لەبەرژەوەندی پارتی لەبابەتە یەکلاکەرەوەکاندا بڕیاریانداوە تاکار گەیشتە ئەوەی هەندێک سەرکردەی یەکێتی ئەو سەرکردانەی تر بەوە ناوببەن کە ئەوان پارتیەکانی نێو یەکێتین‌و بەپڕۆ پارتی ناویان دەبردن.
بارزانی دوای کۆچی دوایی تاڵەبانی لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی حزبەکەی ڕایگەیاندبوو، "ئێستا تاڵەبانی مردوه، لەگەڵ یەکێتی ڕوبەڕوی دۆخێکی سەخت دەبینەوە، چونکە لەناو یەکێتی نەیارەکانمان زۆرترن وەک لەدۆستەکان".
پارتی لەدوای کۆچی دوایی تاڵەبانییەوە بەردەوامبوو لەهەوڵی لەتکردنی یەکێتی‌و دەوترێت تاڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتووبوو، ئێستا‌و دوای ئەوەی سەرکردایەتییەکی نوێ‌و گەنج بۆ یەکێتی دروست بوە پارتی لەهەوڵی دروستکردنی دوبەرەکی‌و پەرتەوازەکردنیانیدایەو گەرەکیەتی لەو ڕێگەیەوە هەژمونی خۆی بەسەر نەیارە لەمێژینەو هاوبەشە چەندین ساڵەکەیدا بسەپێنێت.
زانیاریەکان باس لەهەوڵێکی جدی پارتی دەکەن بۆ لەتکردنی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی‌و بەپێی ئەو زانیاریانەی لای شار پرێسن لەئێستادا پارتی ڕایەڵەی پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی یەکێتی دروستکردوە کە پێشتر بەدژە پارتی ناویان دەهێنراو نوسین‌و بۆچون‌و لێدوانەکانیان بەردەوام دژ بەپارتی بوو، بەڵام ئێستا ئەوجۆرە هەڵوێستانەیان نەماوەو خۆیان بێدەنگ کردوە کە ئەمەش وەک نزیکبونەوە لەپارتی ناو دەبرێت.
ناوەندە سیاسیەکان‌و چاودێران‌و ڕەخنەگران لەئێستادا چاویان لەوەیە کە ئاخۆ پارتی توانای دوبارە لەتکردنەوەی یەکێتی هەیەو دەتوانێت یەکێک لەئاراستەکان‌و بەسەرکردایەتی یەکێک لەهاوسەرۆکەکانی پێچەوانەی ئاراستەو هاوسەرۆکەکەی تر بجوڵینێت؟، یان نەخێر چیدی ئەو سەردەمە بەسەرچوە کە پارتی بتوانێت ئەوجۆرە یاریانە لەگۆڕەپانە سەوزەکەی یەکێتیدا ئەنجامبدات‌و هەر خۆیشی فیکەی کۆتایی یاریەکە لێبدات.