هیچ پەیوەندییەک لەنێوان کردنەوەی قوتابخانەکان و زیادبوونی کۆڕۆنادا نییە

تەندروستی

05/10/2020‌ 302 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لە ١٩١ دەوڵەتدا کراوە، گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لەدوای ڕێکارەکانی کەرەنتینەی گشتیی‌و پشوەکان، هیچ پەیوەندییەکی بەبەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووانی کۆڕۆناوه‌ نییە.

لێکۆڵینەوەکە دامەزراوەی فێرکاری "ئینسایت فۆر ئیجیوکەیشن" کردوویەتی کە بارەگاکەی لەزیوریخی ئەڵمانیایە، ئاماژەی بەوەکردووە کە لەسەدا٨٤ی رۆژە لەدەستچووەکانی خوێندن لەوڵاتە هەرە هەژارەکان بووە، هۆشداریشیداوە لەوەی هێشتا ٧١١ ملیۆن خوێندکار لەدەرەوەی خوێندنگاکان ماونەتەوە.

ڕاندا گرووپ-زخاری سەرۆکی جێبەجێکردنی دامەزراوە ئەڵمانییەکە دەڵێت:"وابڵاوە کە کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان ژمارەی تووشبووانی کۆڕۆنا زیاددەکات‌و بەداخستنیان ڕێژەکە کەمدەبێتەوە، بەڵام راستییەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە".

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت:"لەسەدا ٩٢ی ئەو وڵاتانەی بەشەپۆلی یەکەمی کۆڕۆنادا تێپەڕیون، دەستیان بەپرۆسەی خوێندن کردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەی بەشێکیان لەئێستادا بەشەپۆلی دووەمدا تێپەڕدەبن، هەروەک ٥٢ دەوڵەت لەمانگی ئاب‌و ئەیلوولدا جارێکی تر خوێندکارانیان ناردۆتەوە بۆ خوێندنگاکان لەوانە فەڕەنسا، ئیسپانیا، کە لەماوەی پشووەکاندا ڕێژەی تووشبوون زیاتر بووە وەک لەکاتی کردنەوەی خوێندنگاکان".

بەڵام لەبەریتانیاو مەجەر، لەدوای داخستنی دەرگای خوێندنگاکان ژمارەی تووشبووان کەمیکردووەو کاتی پشووەکانیش هەر بە نزمی ماوەتەوە، بەڵام دوای کردنەوەی خوێندنگاکان ڕێژەکە دەستی بەبەرزبوونەوە کردووە، هەرچەندە لێکۆڵینەوەکە هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەنێوان کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان‌و بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆڕۆنا بەدینەکردووە، بۆیە ئەوە پێویستی بەگەڕانە بەدوای فاکتەری تردا.

راپۆرتەکە باسی لەوەکردووە، ٤٤ دەوڵەت دەرگای قوتابخانەکانیان هەر بەداخراوی هێشتۆتەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی