دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئەدەبی کوردیی

کوردستان

06/10/2020‌ 2160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دکتۆر عیزەدین، یەکێک لە درەوشاوەترین ئەستێرەکانی نەتەوەی کورد
 
عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ کوڕی مەلا مستەفای سەفوەت کوڕی حاجی مەلای دێلێژیە، لە ساڵی ١٩٣٦ لە گەڕەکی دەرگەزین لە شاری سلیمانی باشوری کوردستان لە دایک بوو.
 عیزەدین لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار ژیاوە، حاجی مەلا ڕەسوڵ، کە دەکاتە باپیری یەکێک بووە لە زانا ئاینییەکانی سەردەمی حکوومەتی خوارووی کوردستان، لە لایەن مەلیک و کار بەدەستانەوە گوێ ڵیگیراو بوە.

حاجی مەلا ڕەسوڵ پێنج کوڕی هەبووە، کە سەرجەمیان خوێندەوار و مامۆستای ئاینی بوون، مەلا مستەفا باوکی عیزەدینە، بەکاری مەلایەتییەوە لە سلێمانی ژیانی گوزەراندووە. ژیانێکی مامناوەندی بەڕێکردووە و بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی بابەتی تەسەوف بووە.

عیزەدین لەلای باوکی لە مزگەتی "حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژە" خوێندوویەتی، پاشان لە ساڵی ١٩٣٩ لە قوتابخانەی غازی لە بەر وریایی وەک گوێگر وەرگیراوە، کراوە بە خوێندکار و سەری ساڵیش یەکەم بووە.

 دواتر چووەتە ناوەندی و تاقیکردنەوەی بەکۆلۆری تەواو کردووە مستەفا سەفوەتی باوکی پێی گوتووە بڕۆ لە کۆلێژی شەریعە بخوێنە، هەم مەلایەتییەکەت دەمێنێتەوە، هەم کۆلێژێکی ئەکادیمیشە

دوای ئەوەی چووەتە شاری بەغدا، بووەتە خوێندکاری کۆلێژی شەریعە، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی بە کاری سیاسییەوە، ساڵی یەکەمی کۆلێژی پێ تەواو نەکراوە و دەرکراوە.

 پاشان گەڕاوەتەوە سلێمانی و پۆلی چوارەمی زانستی تەواو کردووە. ئەودەم بەشی وێژەیی لە شاری سلێمانی نەبووە، دوای ساڵێک کە بەشی وێژەیی کراوەتەوە لە پۆلی پێنجەمی بەشی وێژەیی دەستی بە خوێندن کردوە.

لە ساڵی ١٩٥١دا لە خانەی مامۆستایان وەرگیراوە، لە ساڵی ١٩٥٢دا، بەشداری ڕاپەڕینەکەی شاری بەغدادی کردوە، بریندار بووە و دواتر لە کۆلێژ دەرکراوە لەبەر بەشداری کردنی لە ڕاپەڕینەکەدا.

 پاشان گەڕاوەتەوە سلێمانی و  لە بەڕێوەبەرایەتی مەلاریا بەناونیشانی کرێکار دامەزراوە دواتر لەڕێی چەند کەسێکەوە باوکی کردوویەتی بە مامۆستای سەرەتایی لە شارۆچکەی قەڵادزێ، بەڵام لەوێش بەهۆی کاری سیاسییەوە گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی، دواتر بۆ قەمچۆغە، لەوێش بەکاری سیاسییەوە خەریک بووە، دووپارە گێڕاویانەتەوە بۆ شاری سلێمانی.

دواتر عێراقی بەرەو شام بەجێ هێشتووە  دووبارە لە کۆلێژی ئاداب لە سوریا درێژەی بە خوێندنی ئاداب عەرەبی داوە و پۆلی دوو و سێی ئادابی تەواو کردووە، لە شۆڕشی ساڵی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بەغدا و لە قۆناغی سێیەمی خانەی مامۆستایان دانراوە، پاشان تەواوی کردووە و لە شاری بەغدا لە بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی، کە یەکەم ساڵ بووە پێکهێنراوە دامەزرا.

لەو سەردەمەی کە عەبدولکەریم قاسم خوێندکارانی لەسەر ئەرکی دەوڵەت دەناردەدەرەوە، عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ یەکێک بووە لەو خوێندکارانە.

دوای تەواوکردنی زمان عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ لەگەڵ کەمال مەزهەر چووەتە باکۆ، لە ٢٤ی شەشی ساڵی ١٩٦٣دا، دکتۆرای وەرگرتووە و پاشان لەسەر داوای حیزبی شیوعی عێراقی چووەتە سۆفیای پایتەختی بولغارستان، و بە نهێنی سەرپەرشتی ڕادیۆی گەلی عێراقی کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٥دا، گەڕاوەتەوە کوردستان و بووەتە پێشمەرگەی حیزبی شیوعی عێراق، بەڵام دوای ساڵێک مانەوە لە بارەگای بارزانی، لە ٢٦ی ١٢ی ١٩٦٦ بە هەوڵی مەلا مستەفای بارزانی بووەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغدا و لە بەشی کوردی دامەزراوە. ساڵی ١٩٧٩ چووەتە مۆسکۆ و درێژەی بە خوێندن داوە و پلەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆری وەرگرتووە.

دكتۆرعیزه‌دین پرۆفیسۆر و مامۆستای زانكۆ بوو،  یەكێك بوو لە هاوڕێ‌ نزیكەكانی گۆرانی شاعیرو نوسەرێكی پێشكه‌وتنخوازبوو له‌ هەموو بواره‌ جیاجیاكانی ئه‌ده‌ب و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ساخكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ ئه‌ده‌بییه‌كان و نووسینی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیدا خاوه‌نی چه‌ندین كتێب و بڵاوكراوه‌ و وتارە

عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نووسەرانی کورد و یەکەم ڕاگەیەندراوی ئەو ڕێکخراوە بە قەڵەمی ئەو نووسراوە و پاش بەیاننامەی ١١ی ئازار بوەتە سەرۆکی ڕیکخراوەکە.

عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ خاوەنی ٨٦ بەرهەمی بە پێزەو کتێبخانەی کوردیی دەولەمەند کردوە بە بەرهەمەکانی و  لە سەرەتای لاوەتییەوە دەستی بە کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە،  سەرەتا بە هەندێک بابەتی سیاسی ڕۆژانە دەستی پێ کردووە، دواجار لە گۆڤاری ژین بابەتی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

 

 لەر خولی  یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە ئەندامی پەرلەمان و لەپەرلەمانیش شوێن پەنجەی بەدارشتنی چەندین یاساوە لەبوارەكانی رۆژنامەگەری‌و چاپەمەنیدا دیارە.

 د. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ لە ساڵی ٢٠٠٩دا، خەڵاتی "بلە"ی بۆ کەسایەتی ساڵی لە بواری ئەدەبدا، وەرگرتووە و لە ڕۆژی  3ی ئۆکتۆبەری 2019، بۆ هەمیشە  لەشاری سلێمانی چاوی لێکناو کۆچی دوایی کردو مەرگەکەی وەک خەسارەتێکی گەورەی بواری ئەدەب و نوسین و ڕۆژنامەوانی لێکدرایەوە.