شارپرێس:
بانکی ناوەندیی عێراق نوێترین ئاماری فرۆشی دراوی بیانی بڵاوکردەوە كەفرۆشی دۆلار لەمانگی تەموزدا پاشەکشەی کردوەو دەلێت، بەهۆی گۆڕانكاری لەنرخەكەی فرۆشتنی دۆلار پاشەكشەی كردوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، فرۆشی مانگی تەموز بەبڕی 195 ملیۆن دۆلار کەمیکردوە بەراورد بەمانگی حوزەیران کە تێیدا 5.857 ملیار دۆلار فرۆشرابوو، ئەمەش دەکاتە دابەزینێک بەرێژەی 3.3%، فرۆشی ئەم مانگە دابەشبوە بەسەر 295 ملیۆن دۆلار بەشێوەی نەختینە (کاش) و 5.367 ملیار دۆلاریش بۆ بەهێزکردنی رەسیدی بانکەکان لەدەرەوەی وڵات.
هەر بەگوێرەی بڵاوكردنەوەی ئامارەكان، ئامارە ساڵانەکان پاشەکشەیەکی زۆر گەورەتر نیشان دەدەن؛ فرۆشی تەموزی 2026 بەرێژەی 20% دابەزیوە بەراورد بەهەمان مانگی ساڵی 2025، کە ئەو کات بڕی فرۆش گەیشتبوە 7.081 ملیار دۆلار، واتە تەنیا لەو مانگەدا فرۆشتنەکان 1.419 ملیار دۆلار کەمیان کردوە.
ئەوەش هاتوە، هەرچەندە کۆی گشتی فرۆش کەمی کردوە، بەڵام فرۆشتنی نەختینە (کاش) لەسەر بنەمای ساڵانە بەرێژەی 31.7% زیادیکردوەو لە 224 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 295 ملیۆن دۆلار بەرزبوەتەوە، لەبەرامبەردا، پارەی حەواڵەکراو بۆ دەرەوە لە 6.857 ملیار دۆلارەوە بۆ 5.367 ملیار دۆلار دابەزیوە.
سەبارەت بەکۆی گشتی فرۆشی 7 مانگی یەکەمی ساڵی 2026، بانکی ناوەندی ئاشکرای کردوە کە گەیشتوەتە 31.574 ملیار دۆلار، ئەم بڕە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی 2025، کە 47.985 ملیار دۆلار بوە، بەرێژەی 34.2% پاشەکشەی کردوە، کە دەکاتە کەمبونەوەی زیاتر لە 16.411 ملیار دۆلار لە فرۆشی دراوی بیانی.
