شارپرێس:
زانیارییە دزەپێکراوەکان لەدیمەشق ئاماژە بەوەدەكەن، لێکتێگەیشتنی بەرچاو لەنێوان حکومەتی سوریاو سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەدیهاتوە، لێکتێگەیشتنەکان چەندین دۆسیەی هەستیار دەگرنەوە، لەوانە: پێگەی زمانی کوردیو پێدانی چەند پۆستێکی باڵا (سیادی) بەسەرکردە کوردەکان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
دوێنێ سێشهممه وەفدێکی باڵای سەربازیی، ئەمنیو ئیداریی لەپارێزگای حەسەکەوە گەیشتە دیمەشق، کە پێکهاتبون لەمەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەبەڕێوەبەریی خۆسەر، نەورۆز ئەحمەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، سەمیر ئۆسۆ یاریدەدەری وەزیری بەرگریی بۆ کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵات.
باس لهوهشكراوه، ئەم سەردانە لەچوارچێوەی تەواوکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەمو گواستنەوەیە بۆ قۆناغێکی نوێ کە مەزڵوم عەبدی پێشتر ڕایگەیاندبوو.
بەگوێرەی ئهو زانیاریانهى ئاژانسى هاوار بڵاویكردوهتهوه، چەند پێشنیازێکی گرنگ لەسەر مێزی گفتوگۆکانن، بۆ مەزڵوم عەبدی حکومەتی دیمەشق پێشنیازیکردوە ببێتە بهرپرسو ڕاوێژكارى سەرۆکایەتی سوریا بۆ کاروباری کوردو ببێتە بەشێک لەتیمی سەرۆکایەتی كۆمارى سوریا.
ئهوهش ئاشكراكراوه، بۆ ئیلهام ئەحمەد، وەرگرتنی پۆستێکی باڵاو هەستیار لەناو حکومەتی سوریادا، بهڵام تائێستا ناوى ئهو پۆسته ئاشكرانهكراوه، ههروهها ڕێککەوتن کراوە کە زمانی کوردی لەکەرتی پەروەردەدا بناسرێنرێت، بەجۆرێک پێنج بۆ شهش مادەی پڕۆگرامی خوێندن لەپاڵ زمانی عەرەبیدا وەربگێڕدرێنەسەر زمانی کوردی.
سهبارهت بهپرسى یهكینهكانى پاراستنى ژن (یهپهژه)ش ئاژانسى هاوار نوسیویهتى، یەپەژە دهخرێنەسەر وەزارەتی ناوخۆی سوریا.
هەر لەدیمەشق، کۆبونەوەیەکی ئەمنی بەرفراوان لەوەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، کە تێیدا بەرپرسانی ئەمنی حەسەکەو حکومەتی سوریا، ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆسەی تێکەڵبونی هێزە ئەمنییەکانیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا تاووتوێکردوه.
وهكو ئاژانسهكه باسیكردوه، هەرچەندە ئەم زانیارییانە دهستكهوتون، بەڵام تائێستا نە حکومەتی سوریاو نە ئیدارەی خۆسەریش، بەفەرمی پشتڕاستیان نەکردوەتەوە، چاوەڕواندەکرێت لەکاتژمێرەکانی داهاتودا حکومەتی سوریا بەیاننامەیەک یان زنجیرەیەک مەرسوم دەربکات کە تێیدا ئەنجامی کۆتایی کۆبونەوەکانو وردەکاریی ڕێککەوتنەکان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرابکات.
