کۆتایی هەسەدەو خۆبەڕێوەبەری؛ یان دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ ڕۆژاڤا؟

توێژینەوە و شیکاریی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 117 جار خوێندراوه‌ته‌وه

حەكیم عەبدولكەریم
هەرکەسێک ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستانی بە وردی شوێنکەوتبێت، دەزانێت ئەو ئەزموونە لە لوتکەی سەرکەوتن و گەشەکردنی خۆیدا نەماوەتەوە، بەڵکو بەردەوام هەوڵی داوە خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە خێرا و قووڵە ناوچەییەکان بگونجێنێت و لە هەر گۆڕانکارییەکدا دەرفەتێک بۆ پاراستن و پەرەپێدانی دەستکەوتەکانی گەلی کورد دروست بکات. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ڕۆژاڤا توانی لە ژێر بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزدا دامەزراوە و هێزی سەربازی و سیاسی دروست بکات و ببێتە بەشێکی گرنگ لە هاوکێشەی سیاسی و ئەمنیی سوریا.

بەڵام مێژووی سیاسی نیشان دەدات کە هیچ قۆناغێک هەمیشە بە هەمان شێوە بەردەوام نابێت. هێز و ئەو ئامرازانەی لە قۆناغێکدا سەرچاوەی سەرکەوتن بوون، لە قۆناغێکی نوێدا دەتوانن پێویستیان بە گۆڕان هەبێت. لەبەر ئەوە، ئەگەر ئەمڕۆ قەسد و شێوەی کۆنی خۆبەڕێوەبەری لە سوریا بەرەو کۆتایی یان گۆڕانکاری بچن، نابێت ئەوە بە شێوەیەکی سادە بە شکست یان لەدەستدانی هەموو دەستکەوتەکانی ڕۆژاڤا لێک بدرێتەوە. ئەوە دەتوانێت گواستنەوەیەک بێت لە قۆناغێکی سەربازی و شۆڕشگێڕانە بۆ قۆناغێکی سیاسی و دامەزراوەیی.

ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە کورد لە سوریا بتوانێت ئەوەی لە قۆناغی شەڕ و بەرگریدا بەدەستی هێناوە، بگۆڕێت بۆ دەستکەوتێکی سیاسیی جێگیر. چونکە هێزی سەربازی بە تەنیا ناتوانێت داهاتووی نەتەوەیەک دیاری بکات؛ ئەوە دامەزراوە، یاسا، دیپلۆماسی، ئابووری، کولتوور و پەیوەندییە سیاسییەکانن کە دەتوانن دەستکەوتەکان بپارێزن و بەردەوامیان بکەن.

لەوێرەدا پێویستە لە یەک هەڵەی زۆر باو دووربینەوە: ئەوەی سیاسەت تەنها بە وشە و شعار و هەڵوێستە توندەکان بپێوین. سیاسەت زانستی گونجاندنی ئامانجەکانە لەگەڵ واقیعی سیاسی. کەسێک دەتوانێت بزانێت ئاو لە هایدروجین و ئۆکسجین پێکهاتووە، بەڵام ئەو زانیارییە بە تەنیا ناتوانێت ئاو دروست بکات؛ دەبێت میکانیزمی پێکهاتنی ئەو دوو توخمە، مەرجەکان، ئامرازەکان و شوێنی پێکهێنانی بزانێت. سیاسەتیش هەمانە: زانینی ئامانج بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو دەبێت ڕێگا و ئامراز و کات و هاوسەنگییەکانیش بناسین.

لەبەر ئەوە، ئەو کەسانەی هەر هەنگاوێکی نوێ لە پرۆسەی سوریا بە پێوەری «مانەوە یان نەمانەوەی خۆبەڕێوەبەری» هەڵدەسەنگێنن، بەشێک لە وێنەکە دەبینن و بەشێکی تری نابینن. پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە خۆبەڕێوەبەری بە هەمان ناو و شێوەی پێشووی دەمێنێتەوە یان نا؛ پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا کورد دەتوانێت ناسنامە، ماف، دەستکەوت و بوونی سیاسیی خۆی لە داهاتووی سوریا مسۆگەر بکات؟

لەو ڕوانگەیەوە، ئەگەر هەندێک لە دامەزراوە سەربازی و ئیدارییەکانی ڕۆژاڤا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا تێکەڵ ببن، ئەگەر ئەو پرۆسەیە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی سیاسی، پاراستنی مافەکانی کورد و بەشداریکردنی ڕاستەقینەی کورد لە داهاتووی سوریا بێت، نابێت بە خۆی بە شکست ناوببرێت. بەڵکو دەتوانێت گۆڕینی شێوازی بەرگری بێت: لە بەرگریی سەربازی بۆ بەرگریی سیاسی، لە هێزی چەکدار بۆ هێزی دامەزراوەیی، و لە خۆبەڕێوەبەرییەکی سنووردار بۆ بەشداریکردن لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی سوریا کە فرەیی نەتەوەیی و سیاسییەکەی بناسێت.

ئەوەی نابێت لەبیر بکرێت ئەوەیە کە ئەزموونی ڕۆژاڤا لە قەسد یان لە ناوی خۆبەڕێوەبەری کورت نابێتەوە. ئەو ئەزموونە توانای کوردی پیشان دا بۆ دروستکردنی دامەزراوە، بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، بەرگری لە ناوچە و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. ئەم توانایە نابێت لەگەڵ گۆڕانی شێوەی سیاسی لەناوبچێت؛ بەڵکو دەبێت بگوازرێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ.

بۆیە، ئەگەر قەسد بەو شێوەیەی ناسراوە ڕۆڵی پێشووی نەماوێت، نابێت ئەمە بە مانای کۆتایی هاتنی ڕۆژاڤا بزانین. ڕۆژاڤا دەبێت لە «پڕۆژەیەکی سەربازی» بگۆڕێت بۆ «پرۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی»؛ پرۆژەیەک کە تێیدا کورد لە ناو دەوڵەتی سوریا بوونی خۆی، ناسنامەی خۆی و مافەکانی خۆی بە شێوەیەکی یاسایی و سیاسی مسۆگەر بکات.
لەو ساتە مێژووییەدا، بەرپرسیارێتی تەنها لەسەر شانی کوردی ڕۆژاڤا نییە. کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان پێویستی بە خوێندنەوەیەکی ژیرانە و دوور لە سۆزداریی هەیە. بە تایبەتی باشووری کوردستان دەتوانێت بە پەیوەندییە بازرگانی، کولتووری و سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ ڕۆژاڤا، بەشێکی گرنگ لە جێگیرکردنی ئەو قۆناغە نوێیە بێت. پشتگیری لە ڕۆژاڤا نابێت تەنها بە شعار و هەستە نەتەوەییەکان سنووردار بێت؛ دەبێت ببێتە سیاسەتێکی ئابووری، کولتووری و دیپلۆماسیی درێژخایەن.
هەروەها نابێت کۆمەڵگای کورد ببێتە بەشێک لە شەڕی تایبەتی هیچ لایەنێک و بە ئاسانی بکەوێتە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی دژ بە هەر پرۆسەیەکی سیاسی.
کورد لە مێژوودا زیانی زۆری لەوە بینیوە کە هەموو گۆڕانکارییەکان بە پێوەری سەرکەوتن و شکست هەڵبسەنگێنێت، بەبێ ئەوەی بزانێت لە پشت ئەو گۆڕانکارییەوە چ هاوسەنگییەکی نوێی هێز دروست دەبێت.
لەبەر ئەوە، ئەمڕۆ پێویستە بە جێی پرسیاری «ئایا قەسد دەمێنێتەوە؟» پرسیارێکی قووڵتر بکەین: «چۆن ئەو هێز و ئەزموونەی قەسد و ڕۆژاڤا دروستیان کردووە، دەگۆڕین بۆ دەستکەوتێکی سیاسی و یاسایی کە نەک تەنها ئەمڕۆ، بەڵکو داهاتووی کورد لە سوریا بپارێزێت؟»
ئەگەر بتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، ئەوا کۆتایی هاتنی ڕۆڵی قەسد و شێوەی کۆنی خۆبەڕێوەبەری نابێتە کۆتایی ئەزموونی ڕۆژاڤا؛ بەڵکو دەبێتە خاڵی گواستنەوە بۆ قۆناغێکی نوێ، کە تێیدا کورد لە سوریا لە هێزی بەرگریی سەربازییەوە بەرەو هێزی سیاسی، دامەزراوەیی، ئابووری و دیپلۆماسی دەگوازرێتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، پاراستنی تەنها شێوەیەک نییە؛ پاراستنی ئەو دەستکەوت و ئەو ئیرادەیەیە کە ڕۆژاڤای دروست کردووە. چونکە مێژوو بە شێوەی دامەزراوەکان ناگۆڕدرێت، بەڵکو بە توانای گواستنەوەی ئیرادەی گەلەکان لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر دەگۆڕدرێت.