نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆک کۆمار؟
شارپرێس زانیاری لەسەر هەوڵەکانى پارتى بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار ئاشکرا دەکات

کوردستان

07/10/2020‌ 8183 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن دۆخی سیاسی عێراق ڕو لەگۆڕانكاری دەكات، عێراقی پێش خۆپیشاندانەكان و  عێراقی دوای هەڵبژاردنی ئەم جارە بەتەواوی جیاواز دەبێت.
 لەدوای ڕژێمی بەعسەوە وەك عورفێکی ئیداری و تەوافوقێکی سیاسی ماوەی چوار خولە پۆستی سەرۆك كۆمار لای كوردەو لە نێو کوردیشدا بەرکەوتەی یەکێتییە، بەڵام ئایا دوای ئەم ئاڵوگۆڕانە ئەو پۆستە دەدرێتەوە بەكورد؟ یان گەر درایەوە بەكورد بە پشکی یەکێتی دەمێنێتەوە؟

لەم خولەی ئێستادا و دوو سال لەمەوبەر پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی هەبوو بۆ ئەو پۆستە، کاندیدەکەی پارتی لە بەرامبەر بەر بژێری یەکێتیدا شکستی هێناو نەیتوانی بچێتە کۆشکی کۆمارییەوە.

 بەقسەی شارەزایان و ئەوكەسانەی لەنزیكەوە ئاگاداربوون،شکستی کاندیدەکەی پارتی لە هەڵبژاردنەکەدا ئەوەبوو کە دکتۆر بەرهەم ساڵح ڕکابەریی دەکرەد کە کەسێکی خاوەن پێگەو پەیوەندی پتەوە لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکەو جیهان و لەلایەکی تریشەوە ساڵێک بوو ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامدرابوو کە ئەمە بوبوە هۆی لاوازکردنی پێگەی پارتی لە بەغداد و زۆربەی سیاسیە عەرەبەکان لێی تۆرابوون بۆیە، سەرباری پشتیوانیی نێو دەولەتیی سەرەنجام فواد حسێنی کاندیدی پارتی شکستی هێنا لە هەڵبژاردنەکەدا.

 لەلایەکی تریشەوە پارتی لەگفتوگۆكانی لەگەڵ یەكێتی نەیتوانی زۆرینەوی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی ڕازیبكات، هەرچەندە لەكاتی خۆیداو لەكۆتا كاتژمێری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، بەشێك لە بەرپرسە یەكێتیەكان لەبەرامبەر پارەوپۆست لەهەرێم لەكاندیدكردنی دكتۆر بەرهەم پەشیمانبونەوە، تەنانەت لەلایەن بەرپرسێكی باڵای یەكێتی نامەیەك ئارستەی لایەنە شیعەكان  کرا و لە نامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد "دكتۆر بەرهەم كاندیدی بەشێكی یەكێتیە نەك هەمووی" ئەمەش ئەوە دەرخات كە ڕیزەكانی یەكێتی ناكۆك و ناتەبا بوون لەسەر پۆستی سەرۆككۆماری.

پارتی داوای پۆستی سەرۆك كۆماری دەكات

 لەئێستادا پارتی ئەو پۆستە وەك تەحدایەكی سیاسی سەیردەكات، بۆیە هەر لەئێستاوە كار لەسەر ئەوە دەكات لەچوارساڵی ئایندەی حكومڕانی عێراق پۆستی سەرۆكۆماری لای ئەوبێت، ئەم خواستەی پارتی لەكاتێكدایە لەسەر ئاستی ناوخو تێگەیشتنێك لەناو پارتی درووستبووە کە خاڵی بەهێزی یەكێتی بەتەنها پۆستی سەرۆك كومارە و بەوەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لەیەكێتی بەتەواوی دەتوانن كۆی جومگەسەرەكیەكانی حكومڕانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆخۆیان مسۆگەر بكەن.

 لەلایەكی تریشەوە لەرێگەی گرتنە دەستی ئەم پۆستەوە دەتوانن، لەجیاتی ئەوەی سلێمانی و مێرگەپان ببنە شوینی کۆبونەوەو پێشوازی دبلۆماتكاران دەتوانن سەری رەش و بەغداد بكەنە دوو ناوەندی سەرەكی كۆبوونەوەكان و بەمەش قفڵ لەدەرگای دبلۆماسی یەكێتی بدەن.

لەسەرئاستی وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش پارتی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و توركیاو ئێران هەیە، ئەو وڵاتانەش بەتایبەت توركیاو ئێران بۆئەوەی بیرۆكەی جیابونەوە لەعێراق لە فەرهەنگی سیاسی پارتیدا بسڕنەوە، لەگەڵ پێدانی پۆستی سەرۆككۆمارن بۆپارتی.

كاندیدی پارتی بۆ سەرۆك كۆماری کێیە؟
زانیارییەكان باس لەوە دەكەن نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت، بۆئەمەش لە ئێستادا خەریكی خولی زمانی عەرەبیە و دەیەوێت بەتەواوەتی فێری زمانی عەرەبی بێت.

 هەرچەندە لەخولی پێشتریش پێشنیاز هەبووكە نێچیرڤان بارزانی ئەو پۆستە وەربگرێت بەڵام بەهۆێ‌ باش نەبونی زمانی عەرەبی ولە بەرئەوەی چاوی لەپۆستی سەرۆکی هەرێمی كوردستان بوو ئەو پێشنیازەی ڕەتكردۆتەوە.

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە نێچیرڤان بارزانی لەئێستادا چاو  و خولیای لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارە و هۆكاری ئەمەش، پەیوەندی بەو قۆڵبادانەوە هەیەكە لەلایەن مەسرور بارزانی ئامۆزایەوە بۆی دروسبوە و دەسەڵاتەكانی لەهەرێم بەتەواوەتی سنوردار كراوە.

پێشتر پارتی لێكدانەوەی بۆپۆستی سەرۆك كۆمار جیاواز بوو بەتایبەت دوای مردنی  تاڵەبانی وا پێشبینی دەكرد ئەو پۆستە تەشریفاتیەو كاریگەری نیە لەسەر عێراق و ناوچەكەو جیهان، بەڵام لەكاتی بونی دكتۆر بەرهەم بەسەرۆك كۆماروبەو هەموو جوڵە سیاسیەوە، پارتی جگە لەوەی نیگەران بوو كە نەیتوانی ئاراستەی بكات، لەهەمانكاتیشدا چاوی چووە سەر ئەو پۆستە و دەیەوێت لەڕێگەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە گورزێکی توند لە پەیوەندییە دبلۆماتیەکانی یەکێتی بدات و لە بەرژەوەندی خۆی بەکاری ببهێنیت، لە کاتێکدا كە پێشتر سەرۆکایەتی کۆمار لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم بوە تەوافوقی سیاسی لەسەر کراوە، پارتی بەمکارەی دەیەوێت هاوسەنگی هێزی دبلۆماسی لە ڕێگەی گرتنەدەستی پۆستی سەرۆککۆمارەوە ڕێک کاتەوەو پەیوەندیەکانی زیاتر بباتە پێشەوە لەگەڵ واڵاتانی جیهاندا..

سەبارەت بەوەی ئایا پارتی و بارزانی باوك ڕازی دەبن ئەوپۆستە ڕادەستی نێچیرەڤان بارزانی بکرێت دوو بۆچون هەیە
بۆچونێكیان پێی وایە مەسعود بارزانی بۆ دورخستنەوەی یەكجارەكی نێچیرەڤان بارزانی لە كاروباری كوردستان و حیزب، هەمان سیناریۆی تاڵەبانی دووبارە دەكاتەوە و لەبەغدادیش توشی سەرئێشەو گرفتی زۆری دەكات.

بۆچونێكی تر پێیی وایە پارتی هەرچەندە دەیەوێت ئەو پۆستە بیگرێتە دەست، بەڵام نایەنەوێ‌ بدرێتە دەست نێچرڤان بارزانی، چونكە پێیان وایە دەیكاتە پەیژەیەك بۆ هەستانەوە و قایمكردنی پێگەی خۆی و لەرێگەی بەغداو پۆستی سەرۆك كۆمارییەوە كۆنترۆڵی كوردستان و پەوەندیەكان دەكات، بۆیە ئەگەر زۆرە پارتی  بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەدەرەوەی ماڵباتی بارزانی هەر لەناو پارتیدا بیر لەكاندیدێكی تربكەنە.

 

هەموو ئەوانە ئەو ئەگەرانەن کە لەکاتی مانەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار وەك پشكی كورد ئەگەری ڕودانیان هەیە، لەئەگەری گۆرانكاری گەورەدا لە پرۆسەی سیاسی عێراق کە چاوەڕێ دەکرێت ڕوبدات، پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار  دەچێتە چوار چێوەیەكی ترەوە كە رەنگە لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن ئەو چوار چێوەیە دیاری بكەن نەك ئەو عورف و تەوافوقەی زیاد لە پانزە ساڵە لە وڵاتدا جێەبەجێ دەکرێت..

بەپەلە