نهێنی سەردانەكەی ئەردۆغان.."ئەنكەرە لەجاران چڵێستربوه‌ لەداواكردنی یارمەتی دارایی لەقەتەر"

مەلەفی تایبەت

08/10/2020‌ 2607 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چەند سەرچاوەیەكی وڵاتانی كەنداو باسیان لەوەكردوە سەردانە بەپەلەكەی 4 شەممەی ڕابردوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ قەتەر، پەیوەستە بەبواری داراییەوە، شارەزایانی كاروباری توركیاش دەڵێن:"بەهۆی تەنگژە ئابوری تاقەتپڕوكێنەكەی توركیاوە، سەرانی حكومەت لەئەنكەرە لەجاران چڵێستربون لەداواكردنی یارمەتی دارایی لەقەتەر، چونكە حكومەتەكەی ئەردۆغان لەچەندەها ناوچەی جۆراوجۆر ئاژاوەو پشێوی ناوەتەوە، ئەمەش بارگرانییەكی زۆری خستۆتەسەر شانی توركیا، لەلایەكی دیكەشەوە زۆر لەهاوبەشەكانی توركیا وەك جاران متمانەیان بەئەنكەرە نەماوەو ئامادەنین هاریكاری بكەن.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن:"ئەردۆغان فێرە لەكاتی هەر تەنگەتاوییەكی ئابوری وڵاتەكەیی‌و خۆهەڵقورتاندنە ململانێی تازەوە، پەنا بۆ قەتەر بەرێت، بۆیە پێیانوایە سەردانەكەی ئەمدوایەی بۆ قەتەر پەیوەستە بەململانێی نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجانەوە لەسەر هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ كە تیایدا توركیا لاگیری ئازەربایجانەو بەچەك‌و تەقەمەنی‌و بەتایبەتیش فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان‌و چەكدارە كرێگرتە سورییەكان پشتیوانی لێدەكات". 

پێشتریش ئەردۆغان بۆ بەشداری لەپرسی شێخ سەباح ئەحمەد سەردانی كوێتی كردبوو، چاودێران پێیانوایە سەردانەكەی كوێتیش هەمان مەرامی سەردانەكەی قەتەری لەپشتەو ئەنكەرە گەرەكیەتی پێگەی خۆی لەوڵاتانی كەنداودا قایم بكات، بۆ ئەم مەبەستەش وڵاتی قەتەری كردۆتە دەروازە بۆ چونەناوەوەی ئەو ناوچەیە.

توركیا زۆرێك لەئیخوانە هەڵاتوەكانی كوێتی لەخۆگرتوه‌، سەرچاوە عەرەبییەكانیش دەڵێن، ئەو ئیخوانە كوێتیە هەڵاتووانە خەریكی بردنەدەرەوەی سەرمایەی كوێتن بۆ توركیا،  ئەمەش دەكەوێتە چوارچێوەی پلانی ڕێكخراوی ئیخوان موسلمینی جیهانی كە بەبەرنامەو پلان ئەوكارە دەكەن.

ئەوەی ئەم گومانانەش پشتڕاستدەكاتەوە ئەوەیە كە هەردولا (قەتەرو توركیا) هیچ زانیارییەكی فەرمی گرنگیان لەبارەی ئەو سەردانەوە باسنەكردوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی قەتەری باسی ئەوەیكردوە كە شێخ تەمیمی میری قەتەرو ئەردۆغان باسیان لەپەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان هەردوو وڵات‌و ڕوداوە سیاسییە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەكان كردوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵی فه‌رمى توركیاش، تەنها باسی ئەوەیكردوە كە دیداری نێوان هەردولا تەنها یەك كاتژمێرو دە خولەكی خایاندوە.

چاودێرانی كاروباری قەتەر دەڵێن:"ڕۆڵی قەتەر پشتیوانیكردنە لەو چالاكییانەی توركیا لەعێراق‌و سوریاو لیبیا ئەنجامییان دەدات‌و ئەنكەرە چی بوێت دەوحە ئەوە دەكات"، پێشیانوایە ڕۆڵی قەتەر لەو چالاكییانەدا فەراهەمكردنی پشتیوانی داراییە بۆ دەستتێوەردانەكانی توركیا، چونكە بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناو لێكەوتەكانی‌و تەنگژە داراییەكەیەوە، ئەنكەرە توانستی دارایی جارانی نەماوە.

وەك نەیارەكان دەڵێن:"ئەردۆغان كەسێكی هەلپەرستەو پرسی لیبیاو سوریا بۆ هەراسانكردنی (ئیبتزاز) قەتەر بەكاردێنیت، تاوەكو زۆرترین یارمەتی دارایی لێ دەستكەوێت، بەوەش قەتەر دەترسێنێت كە ئەگەر ئیسلامییە توندڕەوەكان شكستبێنن كە دەوحە پشتیوانیان لێدەكات، ئەوا نەیارەكانی قەتەر سەركەوتودەبن‌و ئەو ڕۆڵەی قەتەریش كۆتایی پێدێنن كە چەند ساڵێكە لەناوچەكەدا دەیگێڕێت".

چاودێران دەڵێن:"پارەوپولی قەتەر ڕۆڵێكی باڵای بینیوە لەململانێ‌و جەنگەكانی ناوچەكەدا، چونكە توركیا بەتایبەتیش لەسایەی تەنگژە داراییەكەی ئێستادا، بەتەنها خەرجی تێچونی ئەو ململانێ‌و جەنگانەی پێ دابین نەدەكرا كە هەڵیگیرساندون.

لەولاشەوە ئۆپۆزسیۆنی توركیا هەمیشە گرفتە ئابورییەكانی توركیا دەخاتە ئەستۆی سیاسەتەكانی ئەردۆغان كە چەندەها گرفتی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی دروستكردوە.

تا ناوەڕاستی ساڵی 2018، قەتەر بەفەرمی ڕایگەیاندوە، نزیكەی 15 ملیار دۆلاری خستۆتە خزمەت ئابوری توركیا، ئەمە جگە لەو بەخششانەی كە هاوڵاتییانی قەتەر لەسەركردەو بزنسمانەكان داویانەتە حكومەتەكەی ئەردۆغان كە بەملیارەها دۆلار دەخەمڵێندرێت.

لەئێستادا قەتەرییەكان پێیانوایە توركیا دۆخی وڵاتەكەیان بۆ بەرژەوەندی خۆی دەقۆزێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لەلایەن چوار دەوڵەتی عەرەبییەوە بایكۆتكراوە، چونكە بەوە تۆمەتباری دەكەن كە پەیوەندی لەگەڵ ڕێكخراوە توندڕەوەكاندا هەیەو پارەدارییان دەكات. 

سه‌رچاوه‌: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وه‌رگێران: لوقمان حاجى قادر