‎مەلا بەختیار: ئامادەنیم ئازادی هیچ كەسێك بتاسێنم

کوردستان

20/10/2020‌ 1241 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی رایگه‌یاند، چۆن هیچ كاتێك ئامادەنیه‌ ئازادی خۆی بتاسێنێت هەر بەوشێوەیەش "ئامادەنیم، ئازادی هیچ كەسێك بتاسێنم".

‎مەلا بەختیار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ دەستەی كارگێڕی، ناوەندی رۆشنبیران بۆ شاعیرانی كوردستان رایگه‌یاند: بەئامانجی تێكۆشانی زیاتر بۆ دیموكراسی، ئازادی ئەقڵ، مەدەنییەت، رۆشنگەریی‌و رووناكبیریی لەكوردستاندا، جەخت لەپشتیوانییەكانی ده‌كاته‌وه‌ بۆیان، بەپرەنسیپی "چەپكە گوڵەكە" كە دروشمی مام جەلالەو "چەپكە گوڵەكەی مام، بۆ رەنگ‌و بۆنی زیاترە، نەك بۆ تاساندنی ئازادییەکان".

لەبارەی ئەدەبیشەوە، كە بەقۆناغی جیاوازدا تێپەڕبووە‌، لەکلاسیکەوە هەتا ریالیزم و ئازادییە رەهاکانی ئەدەب، زانیاریی لەبارەی تەواوی قۆناغ‌و قۆتابخانە جیاوازەكانییەوە خستەڕوو، وتی: "چارەكە سەدەیەك زیاترە، سەلمێنرا، هەڵەیەكی كوشندەیە ئەدەب شەتەك بدرێت بەئایدۆلۆجیەت، چونكە ئایدۆلۆجیەت بۆ حزب باشە نەك بۆ خەیاڵ، بەڵكو ئەدەب بەشی زۆری داهێنراوی خەیاڵ و چۆنێتی گونجاندنی خەیاڵە لەگەڵ واقیعدا". 

ئه‌وه‌شی وت: "خەیاڵ دەبێتەوە بەواقیع‌و واقعیش دەبێتەوە بەخەیاڵ. هەربۆیە چۆن ناتوانی بڕیار لەچۆنێتی خەونبینین بدەیت، چۆن چۆنی خەون‌و خەیاڵ بەئازادانە دەفڕێت، بەهەمانشێوە دەبێت ئەدەبیش بەئازادانە بفڕێت‌و ناكرێ‌ بەهیچ ئایدۆلۆجیەتێكەوە شەتەک بدرێت".

مه‌لا به‌ختیار ده‌شڵێت: "چۆن هیچكاتێك ئامادەنیم ئازادیم بتاسێنن، هەر بەوشێوەیەش ئامادەنیم، ئازادی هیچ كەسێك بتاسێنم".

‎مەلا بەختیار، وتیشی: "پێمخۆشە، ئێوە چەپكە گوڵە بۆن ‌و رەنگاوڕەنگە جیاوازەكان بن‌و ئەمەش مایەی دڵخۆشییە‌و هاوكات بۆ پشتیوانیكردن لەچۆنێتی پەیوەندییەكی دروست‌و هاوبەش لەگەڵ ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، جەختیکردەوە، درێغی ناکەم".