عێراق داواى قەرز لە روسیا دەکات

عیراق

22/10/2020‌ 434 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێگرى يەكەمى سەرۆكى پەرلەمانى عێراق داواكاريەكى بۆ قەرز پێشكەشى باڵيۆزى ڕوسيا لە بەغدا كرد و ئەويش پشتگيرى وڵاتەكەى نيشانداوە.

لەراگەیەنراوێکدا حەسەن كەعبى، جێگرى یەکەمی سەرۆكى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ ماكسيم ماكسيمۆڤی باڵيۆزى ڕوسيا لە بەغدا کۆبووەتەوە و تێیدا، گفتوگۆيان لەبارەی چەند دۆسییەیەکەوە کردووە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، یەکێک لە دۆسییەکان بریتی بووە لە قەرزکردنی عێراق لە روسیا و جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێی راگەیاندووە، کە بەغدا لە بوارەکانی کارەبا، ئاو و تۆڕەکانی ئاوەڕۆ و نیشتەجێکردندا پێویستی بە مۆسکۆیە تا قەرزی پێبدات.

لای خۆشیەوە، باڵيۆزى ڕوسيا پشتگيرى وڵاتەكەى بۆ عێراق دەربڕیوە و رایگەیاندووە، کۆمپانیاکانی روسیاش ئامادەن لە پرۆژە ستراتیجیەکانی عێراقدا دەستیان هەبێت.
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی داراییەوە، بودجەی عێراق کورتیهێناوە و مانگی رابردوو، حکومەت نزیکەی ٢٠ رۆژ لە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت دواکەوت.

لەئێستدا بەپێی دواین ئامارەکان کە لەلایەن وەزیری دارایی عێراق و لیژنەى دارایی پەرلەمانەوە راگەیەنراوە قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی عێراق گەیشتۆتە 61 ملیار دۆلار و بۆ مووچەی ئەم سێ مانگەش جارێكی دیكە قەرز دەكاتەوە.
س.هـ