شارپرێس:
ئاڵدار خهلیل رایگهیاند، باوەڕیان بە یەکێتی نەتەوەیی کورد هەیە و کاری بۆ دەکەن و دەبێت هەموو لایهنهكان وزەو تواناکانیان بخەنە خزمەتی ئەو یەکڕیزییەوە.
ئاڵدار خهلیل ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی پەیەدە له تویتێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تویتهر بڵاویكردهوه: "ئێمە باوەڕمان بە یەکێتی نەتەوەیی کورد هەیە و کاری بۆ دەکەین، ئهوهش پێویستیەکی جددی و بەپەلەیە، دەبێت هەموو وزەو تواناکانمان بخەینە خزمەتی ئەو یەکڕیزییەوە، کە بەرژەوەندی گەلەکەمان ئامانجی باڵای ئێمە بێت بەبێ هیچ بەرژەوەندییەکی تر".
ئهو وتانهی ئاڵدار خهلیل لهكاتێكدایه زیاتر له ساڵێكه گفتوگۆكانی نێوان ههسهده و ئهنهكهسه له رۆژئاوای كوردستان بهردهوامی ههیه و تا ئێستاش نهگهیشونهته قۆناغی كۆتایی گفتوگۆكانیان، سەرەڕائ ئاساییبوونەوەی پەیوەندیەکانیان.
21ی ئۆكتۆبهریش بەدران چیاکورد، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز لە بارەی پرسی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەنەکەسە لە ڕۆژئاڤا، رایگهیاند: گفتوگۆی کورد و کورد گرینگییەکی زۆر گەورەی هەیە و ئەوان هەمو هەوڵێک دەدەن کە ئەم دیالۆگە پێش بکەوێت و بگەنە ئەنجامێک لەبەر دوهۆکار، یەکەم رەوشێکی مێژویی هەیە لە هەرێمەکە، کە بتوانن ئەو دەسکەوتانە بپارێزن چونکە گۆڕانکاری هەیە لە هەرێمەکەدا و دەربارەی مژاری مافی کورد نیقاشێکی نێودەوڵەتی هەیە و بۆ ئەمەش پێویستە هەمو گەلی کورد خاوەن یەک بیر و بۆچون و یەک هەڵوێست بن.
دەشڵێت: "خاڵی دوەم ئەوەیە کە هەڕەشەیەکی زۆر گەورە لەسەر دەستکەوتەکان هەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە تایبەت و ئەو هێزە دەسەڵاتدارانەی کە لە ناوچەکەیا هەن، بۆ ئەمەش پێویستە جارێکیتر یەکڕیزیی کورد هەبێت و هەڵوێستی کورد یەک بێت لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانە، دەربارەی ئەم پرسانە ئێمە گفتوگۆمان دەستپێکرد و لە ئێستاشدا بە باشی بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ئەوەی کەمێک قورسە، بەڵام ئەنجامی باشمان لێی بینیوە و نیقاشی ئەو هەرێمانە کراوە، کە داگیرکراون و دەربارەی داهاتوی ڕۆژئاڤا و سوریا و ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانە گفتوگۆکراوە و گەیشتوین بە ئەنجامێکی هاوبەش لەم بوارانەدا ئەمەش خاڵێکی گرینگە".