شارپرێس:
دەستماندایە دەستی یەکتر، بۆ دروستکردنی
عێراقێکی نوێ، ئەمە یەکێک لەو ڕستانەیە کە لە پێشەکی دەستوری نوێی عێراقدا نوسراوە
و کورد ڕۆڵێکی گەورەی لە نوسینەوەیدا هەبوو.
ئەگەر
بگەڕێینەوە بۆ پێش نوسینەوەی دەستور لە عێراقی دوای ڕژێمی بەعس، واتا بە
دیاریکراوی لە دوای ٢٠٠٣ و دروستکردنی ئەنجومەنی حوکم و دواتریش کابینە یەک لەدوای
یەکەکانی حکومەتی عێراق، ئەوە هیچ جارێک نەبووە کە کورد ڕۆڵی نەبوبێت لە پێکهێنانی
حکومەتدا و زۆر جاریش کە ناکۆکی نێوان شیعە و سوننە لە عێراق گەیشتووەتە لوتکە،
ئەوەی کە بووەتەوە خاڵی یەکلاکەرەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، کورد و
سەرکردایەتییە سیاسییەکەی بووە.
بە پێچەوانەشەوە لە زۆربەی کابینەکاندا
هەرکات کێشە کەوتبێتە نێوان شیعە و سوننە لە لایەک و کورد لە لایەکەی دیکە، ئەوا
کورد ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە دورخستنەوە یاخود ڕێگریکردن لە هەڵبژاردنی کەسێک بۆ سەرۆکی
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
ئەو کاتەی نوری مالیکی بە سەرۆکی ئەنجومەنی
وەزیران لە عێراق هەڵبژێردرا، کورد ڕۆڵێکی بەرچاوی لە دیاریکردنیدا هەبوو، بەڵام ساڵی
٢٠١٥ و لە دوای دروستکردنی هێزی دیجلە و ئەگەری پێکدادان لە نێوان ئەو هێزە و هێزی
پێشمەرگە، ئیدی ناکۆکیەکانی کورد و مالیکی سەریانهەڵدا و نزیکبوو لە پێکدادانی
چەکداریی.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ و سەرەتاکانی
٢٠١٣، ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان بریاری بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی دا،
ناکۆکیەکان گەیشتنە لوتکە و نوری مالیکی بڕیاری برینی بەشە بودجەی هەرێمی دەرکرد.
دواتر و لە ساڵی ٢٠١٤ جارێکی دیکە کورد
ڕۆڵێکی گەورەی لە هەڵبژاردنی حەیدەر عەبادی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
بینی و بەشێک لە سیاسیەکانی هەرێم، پشتگیریکردنی عەبادیان وەک تۆڵەیەک لە نوری
مالیکی وێناکرد، بەڵام لە دوای ئەنجامدانی گشتپرسی و ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر،
کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چوونە قۆناغێکی نوێوە و هیچ ڕێگایەکی گفتوگۆ و
دانوستان لە نێوان هەرێم و بەغدادا نەما.
دواتر و ساڵی ٢٠١٨ ئەو کاتەی عێراق لە ناو
کێشە سیاسی و مەزهەبییەکانیدا ڕۆچوبوو، لایەنە شیعی و سوننیەکان گەیشتبوونە ئاستێک
نەیاندەتوانی لە بارەی بەربژێرکردنی کەسێکەوە ڕێکبکەون بۆ ئەنجومەنی وەزیران،
جارێکی دیکە کورد بووەوە خاڵی کۆکەرەوەی لایەنە نەیارەکانی عێراق و پێکەوە عادل
عەبدولمەهدیان پەسەند کرد کە ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق وپشتیوانی تەواوی کوردیان
ۆ سەرۆکوەزیرانی نوێ دوپاتکردەوە.
بەڵام کابینەکەی عەبدولمەهدیش تەمەنی کورتی
خۆی بۆ پشتگیرییەکانی کورد لە موستەفا کازمی بەجێهێشت و جارێکی دیکە هەرێم ڕۆڵێکی
گەورەی لە پاڵپشتیکردن و سەرخستنی موستەفا کازمیدا بینی بۆ دیاریکردنی وەک سەرۆکی
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و هێشتا بە تەواوی ناوی کازمی ئاشانای شەقام نەبوبو
سەرۆکایەتی هەرێم بەناوی هەمووکوردەوە پشتیوانی و پشێوازییان بۆ کازمیی دەبڕی.
کازمیی لەو ماوە کەمەی کە دەستبەکار بووە،
چەندین سەردانی ناوخۆیی و ناوچەیی و تەنانەت لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوەش
ئەنجامداوە و هەر لە سەرەتاشەوە بە کۆمەڵێک بەڵێنی گەورە و بە بەرنامەیەکی
بەرفراوانەوە خۆی نمایش کرد و لەسەر ئاستی میدیاش دەنگدانەوەیەکی بەرفراوان بۆ
پرۆژە و کارەکانی دروست بوو.
ڕەنگە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ هەرێم و
ئەو پێشوازییە گەورەیەی کە سیاسییەکانی کورد لە کازمییان کرد، دیارترین ئەو وێنانەبن
کە لە هەرێمی کوردستان بۆ کازمیی دروستبووە.
بەڵام ماوەیەکە کازمیی لە چاوی میدیاکان دورکەوتۆتەوە
و هۆکاری دیارنەمانیشی لای بەشێک لە چاودێران بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ناوبراو دوای
نمایشکردن و خستنەڕوی پرۆژەکانی و بەرنامەی کارەکەی ئێستا بە بێدەنگی خەریکی
دەوڵەتداری و جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و رێکخستنەوەی وڵات و ئامادەکارییە بۆ
هەڵبژاردنەکانی داهاتوی ولات کە بریارە لە ناوەراستی سالی داهاتودا ئەنجامبدرێت.
لەلایەکی ترەوە بەشێک لەچاودێران پێیان وایە
هۆکاری دیار نەبونی کازمی بۆ ئەوە دەەگەریتەوە ناوبراو نمایشێکی میدیایی و
مەراسۆنێکی خیرای ئەنجامدا بە مەبەستی ڕاکێشانی سۆرزی هاوڵاتیان بەلای خۆیدا و هیچ
بەلێنێکی نەبردەسەر و هیچ کارێکی نەکرد کە جێگەی سەرنج بێت و هاوڵاتیان سودی لێ
ببینن.
دوای ئەوەی چەندینجار شاندی حکومەتی هەرێم
بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی هەرێم سەردانی بەغدای کرد و نەگەشتنە هیچ
رێکەوتنێکی جێگیر، حکومەتی عێراق پرۆژەیاسای پرکردنەوەی داهاتی ناردە پەرلەمان و
بەبێ رەزامەندی کورد و بەبێ ڕەچاوکردنی پشکی کورد یاساکە پەسەندکراو و ئەمەش
نارەزایی توندی دەسەڵات و هێزە کوردیەکانی لێکەوتەوە و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی
هەرێم داوای هەموارکردنەوەی یاساکەیان کرد و بە کارێکی ناراست ناویان هێنا.
ئێستا کاتی ئەو پرسیارەیە کە ئاخۆ کورد
پەیوەندیەکانی لەگەڵ کازمی تێکدەدات و دیسانەوە کار بۆ لابردنی سەرۆکوەزیرانی
عێراق دەکات؟ یاخو لەدوای هەڵبژاردنی داهاتوو ڕەزامەند دەبێت کازمی جارێکی تر بىیتەوە
بە سەرۆکوەزیران، یان وەک مالکی و عەبادی، کازمیش چانسی پشتیوانیی کوردیی لە کیس
دەچێت؟