شارپرێس:
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئهمریكی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، هێرشە موشەکییەکەی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە بۆسەر باڵیۆزخانەی ئهمریكا لەناوچەی سەوزی بەغدا، بەواتای کۆتاییهاتنی ئاگربەستی تاکلایەنەی میلیشیا چەکدارییە عێراقییەکانە کە لەئۆکتۆبەری ڕابردوەوە ڕایانگەیاندبوو.
ڕۆژنامەکە لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، گروپێکی چەکداری بەناوی "ئەسحابول کەهف" بەرپرسیارێتی تەقاندنی حەوت موشەکیان بەئاراستەی باڵیۆزخانەی ئهمریكا لەناوچەی سەوز لەئەستۆ گرتوە کە سێ موشەکیان لەدەرەوەی باڵیۆزخانەکە کەوتنە خوارەوەو بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا چەندین کەسی تری مەدەنیش برینداربون.
واشنتۆن پۆست ڕونیشیکردۆتەوە، تەنگهەڵچنین بەو گروپانەو ئەندامەکانیانو ئەوانەی لەڕوی سیاسییەوە پشتیوانیان دەکەن ئەرکی حکومەتی کازمییە کە لەئێستادا بەدەست بێ توانایی لەکۆنترۆڵکردنی چەکی دەستی گروپە چەکدارییەکانەوە دەناڵێنێت.
وهكو ڕۆژنامە ئهمریكییەکە بڵاویكردۆتهوه، ڕوداوەکە پاڵ بەئیدارەی ئهمریكاوە دەنێت بیر لەداخستنی باڵیۆزخانەکەی لەبەغدا بکاتەوە، کە لەدوای هێرشەکە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئهمریكا بەتەلهفۆن قسەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق کردوە، بەڵام هێشتا نازانرێت ناوەڕۆکی قسەکانیان چی بوە، هەرچەندە نوسینگەی سەرۆک وەزیری عێراق ڕایگەیاندوە کە هەردولا باسیان لەڕێگاکانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆرکردوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
