زۆرینەی كوتلەكانی نێوپەرلەمانی عێراق دەیانەوێت یاسایەكی مەترسیدار پەسەند بكەن

عیراق

21/11/2020‌ 3326 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەیەوێت،دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای "تاوانە ئەلیكترۆنییەكان" بدات و بەشێك لەپەرلەمانتاران و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دژی پرۆژەكەن. 

لەئێستادا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەكۆبوونەوەدایە و له‌به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌كە یەكێك لەبڕگەكانی  دەنگدانە لەسەر پرۆژە یاسای" تاوانه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان"  لەوبارەیەشەوە یوسرا رەجەب ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەران بەشارپرێس-ی راگەیاند،" بەداخەوە لەعێراقدا تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی خراب لەلایەن بەشێك لەهاوڵاتیانەوە بەخراپی بەكار دەهێنن و بەتایبەت لەئیهانەكردنی پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەكان ئەوەش وایكردووە لایەنەكان هەنگاوی مەترسی وابنێن. 

پێشی وایە، ئەو هەنگاوە مەترسیدارە چونكە لەم سەردەمە لەبری ئەوەی بەرەو پێشەوەبچین بەرەو دواوە رۆین.
ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ دەڵێت، دەنگی ناڕەزابەرامبەر پرۆژەكە هەیە بەڵام زۆرینەی لەگەڵ تێپەڕاندنیدان و چونكە ئەو لایەنانە بێزارن لەخراپی بەكارهێنانی سۆشیالمیدیا لەلایەن هاوڵاتیانەوە. 

ئەوپەرلەمانتارە وێرای ئەوەی كەجەختی لەوەكردەوە كە ئەوان دژی پرۆژە یاساكەن پێشی وایە دژی ئازادییەكانە. 

بەشێك لەرۆژنامەنوسان و چالاكان پێیانوایه‌ یاساكه‌ سنور بۆ ئازادی داده‌نێت كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌ستووری عێراق ئه‌و ئازادییه‌ی فه‌راهه‌مكردووه‌.

بەگوێرەی ماددەكانی پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌دیاركراوی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كاته‌ ئامانج دەربارەی ئەوپرسەش  عەبدولڵڵا كیانین چاودێری سیاسی عێراقی دەڵێت،یەشێك لەلایەنە سیاسیەكان بەو پڕۆژه‌یاسایه، ده‌یانه‌وێت خۆیان له‌ ڕه‌خنه‌ و لێپێچینه‌وه‌ به‌ دوربگرن.

ناوبراو بەشارپرێس-ی وت، پرۆژە یاساكە مەترسیدارە و سنورداركردنی ئازادی و كۆت و بەندكردنی رۆژنامەنوسانە و وڵات بەرە و حوكمی پۆلیسی دەبات.

ماددەی 17 ی نێو یاساكه‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستگیركردن دەداتە هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌بێ بڕیاری دادگا. 

هەرچەندە مێژووی پرۆژە یاساكە بۆ چەند ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی لەخۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو هەروەها زیاتر گرنگیدان بەسۆشیال میدیا لەلایەن رۆژنامەنوسان و چالاكانەوە كەوەكو سەكۆیەك بۆ گەیاندنی دەنگەكانیان بەكاری دەهێنن هێزە سیاسییەكان دەیانەوێت ئەو دەنگانە كپ بكەن. 


لەچەند مانگی رابردووڕێكخراوی هیومان ڕاتس وۆچ شه‌ش هۆشداری په بە ئەنجومەنی نوێنەران دا كه‌ كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكە نه‌كه‌ن، بەڵام لەئێستادا بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان دەیانەوێت لەپەرلەمانەوە یاساكە پەسەند بكەن تاوەكو حكومەت دەستكراوە بكات لەداهاتوو بەگرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەی كەدەبنە هۆكار بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان كەوەكو رۆژنامەنوسان و پەرلەمانتاران دەڵێن.