ژمارەى واژووکان بۆ بانگهێشتکردنى مەسرور بارزانى و وەزیرى سامانە سروشتیەکان لەپەرمانى عێراق گەیشتە ١٠٠ واژوو

عیراق

25/11/2020‌ 1192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە پەرلەمانی عێراق ١٠٠ واژوو بۆ بانگهێشتکردنى مەسرور بارزانى و وەزیرى سامانە سروشتیەکان کۆکرایەوە، پارتیش رووبەرووى هەوڵەکان دەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانى شارپرێس کە لە بەشێک لە پەرلەمانتارانى کوردەوە دەستی کەوتووە ئەمڕۆ چوار شەممە ژمارەى ئەو واژوویانەى بۆ بانگهێشتکردنى مەسرور بارزانى بۆ پەرلەمانى عێراق گەیشتووتە ١٠٠ واژوو.

کۆکردنەوەى واژووکان بۆ بانگهێشتکردنى سەرۆکى حکومەتى هەرێم و وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزیرى نەوتى عێراق و بەڕێوەبەرى کۆمپانیای سۆمۆیەو پەرلەمانتاران داوا لەسەرۆکایەتى پەرلەمان دەکەن کە ئەو چەند کەسەی پەیوەندیدارە بە کێشەکانى نەوت بانگهێشتى پەرلەمان بکرێن.

هەر بەپێی زانیارییەکان پەرلەمانتاران داوایان کردوە کە دەبێت حکومەتى هەرێم وردەکارى رێکەوتنى ٥٠ ساڵەى لەگەڵ تورکیا روون بکاتەوە کە زیانی گەورەی ئابورى لە عێراق داوە.

لەوبارەیەوە پەرلەمانتار عالیە نوسیف پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا بە میدیاکانى عێراقی رایگەیاندوە، هیچ روونی و شەفافیەتیێک لە نەوتى هەرێمدا نییەو رێکەوتنی ٥٠ ساڵى لەگەڵ تورکیا گەورەترین زیانى لە عێراق گەیاندوەو رووبەرووى سزاى رێکخراوی ئۆپێکى کردوەتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەشکردوە، هەوڵەکانیان دەستپێکردوە بۆ بانگهێشتکردنى سەرۆکى حکومەتى هەرێم و  وەزیرى سامانە سروشتیەکان و وەزیرى نەوت و بەرێوەبەرى کۆمپانیای سۆمۆ کە وردەکارى ناکۆکیەکان بخەنەڕوو.

بەپێی زانیارییەکانی شارپرێس پارتى لەگەڵ نوێنەرانى کورد لە پەرلەمان و جێگرى سەرۆکى پەرلەمان دەیەوێت شکست بەو هەوڵی کۆکردنەوەى بەو بانگهێشتکردنە بهێنێت.

هەروەها نوێنەرانى پارتى بە پەرلەمانتارانى عێراقی راگەیاندوە کە ئەوان بانگهێشتکردنى سەرۆکى حکومەت و وەزیری سامانە سروشتیەکان بۆ پەرلەمانى عێراق پێشێلکردنى یاساکانى پەرلەمانى کوردستانەو جەختیان کردوەتەوە لایەنى بەرپرس و لێپرسینەوە لە حکومەتی هەرێم پەرلەمانى کوردستانە نەک پەرلەمانى عێراق.

شارپرێس ئەوەشى زانیوە ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد واژوویان لەسەر بانگهێشتەکەى پەرلەمانتارانى عێراق کردوە بۆ بانگهێشتکردنى ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەى هەرێم و بەغدا.

س.هـ