وته‌بێژى ئاسایشى باكورو ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا: توركیا ده‌یه‌وێت داعش زیندوبكاته‌وه‌

کوردستان

31/12/2020‌ 427 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاشكرایده‌كات، تورک تاکەلایەنە، کە پشتیوانیی  سەرەکی لەشانەکانی داعش لەناوچەکەدا دەکات‌و ده‌یه‌وێت جارێكى تر داعش له‌ڕۆژئاواى كوردستان زیندوبكاته‌وه‌.

عەلی حەسەن وتەبێژی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆى باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بەئاژانسی هەواڵی هاواری ڕاگەیاندوه‌، "هەندێک لایەن لەپشت شانە نهێنییەکانەوەن کە هەوڵدەدەن فیتنە لەنێوان دانیشتوانی هەرێمەکەدا دروستبکەن".

ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، "دوای تەواوبونی شەڕی کلاسیک لەناوچەکەدا، هەندێک لایەن‌و دەوڵەت دەستیان بەشەڕی تایبەت لەناو کۆمەڵگەدا کردوەو توێژی گەنجانیان کردوەتە ئامانج تاوەکو کۆمەڵگە لەبەر یەک هەڵبوەشێنن".

زیاتر له‌و ڕوه‌وه‌ وتویه‌تى:"لەڕێگەی بڵاوکردنەوەى مادەی هۆشبەر لەلایەن تۆڕەکانی بازرگانی‌و سیخوڕییەوە هه‌وڵى تێكدانى شیرازه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ ده‌درێت، به‌ڵام توانیومانه‌ ٩٣٣ بازرگان‌و کەسانی فرۆشیارو توشبوی مادە هۆشبەرەکان دەستگیربكه‌ین‌و ڕادەستی داواکاری گشتی کراون تاوەکو بەپێی یاسا سزابدرێن".

په‌نجه‌ى بۆ توركیا ڕاكێشاو وتى:"شانە نهێنییە دەستگیرکراوەکان، بەتایبەتی ئەوانەى دێرەزۆر، کە هەوڵدەدەن شێخەکان‌و سەرۆک عەشیرەتەکان‌و  ڕیش سپییانی عەشیرەتەکان‌و هاوڵاتییانی مەدەنی‌و ژنان‌و منداڵان بکەنە ئامانج ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە پشتیوانییان لێدەکرێت تاوەکو فیتنە لەنێوان پێکهاتەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستبکەن‌و داعش له‌ڕۆژئاواى كوردستان زیندوبکەنەوە".

بەپەلە