زانست وەڵامدەداتەوە.. لەکاتی گەیشتنی هەواڵی مردنی کەسێکی نزیک چی بەسەر جەستەی مرۆڤدا دێت؟

تەندروستی

13/01/2021‌ 650 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگشتیی خەڵک بەمردنی کەسێکی نزیکیان خەمێکی قوڵ دایاندەگرێت، بەڵام هەندێکجار لێکەوتەکانی هەواڵی لەدەستدانی ئەوکەسە تەنها هەر بەکاریگەرییە دەرونییەکانی ناوەستێت، بەڵکو بەپێی بۆچونی پزیشکان زۆرجار پشێوی تەندروستیی ئۆرگانی مەترسیداری بەدواوە دەبێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی" واشنتۆن پۆست"، ئەوکەسەی هەواڵی گیانلەدەستدانی کەسێکی نزیکی دەبیستێت، هەناسەدانی خێرادەبێت‌و پەستانی خوێنی بەرزدەبێتەوەو توشی دڵتێکەڵهاتن دەبێت، کاتێکیش کەسەکە بەمردنەکە زۆر کاریگەر دەبێت، ئەوە ژیان لەلای بۆ دوو قۆناغ دابەشدەبێت، واتە قۆناغی پێش مردن‌و دوای مردنی کەسە نزیکەکەی.

لەوبارەیەوە دۆرۆتی هۆڵینگەر دەرونناس‌و نوسەری کتێبی "پێکهاتەی خەم" دەڵێت:"لەدوای مردنی کەسی نزیک جەستەی مرۆڤ چەند گۆڕانکارییەکی بەسەردادێت".

هۆڵینگەر دەڵێت:"لەوکاتەدا خەم‌و دڵتەنگی مرۆڤ دادەگرێت‌و پاڵ بەمێشکەوە دەنێت بەندی دەماریی نوێ دروستبکات، ئەم بابەتەش وا لەکەسەکە دەکات لەژێر سایەی دیارنەمانی کەسێک خوی نوێ دروستبکات، تەنانەت دواتر ڕەنگە سەربکێشێت بۆ گۆڕانکاری نیگەرانکەر، وەک تێکچونی خەوو لاوازبونی سیستەمی بەرگری‌و بەرزبونەوەی پەستانی خوێن".

لەوچوارچێوەیەدا پزیشکان ئاماژە بە"کۆنیشانەی دڵشکان" دەکەن لەمەبەست لێی ئەوەیە مرۆڤ کەسێکی نزیکی خۆی لەدەستدەدات، لەوکاتەدا کارلێکی زیانبەخش لەناو جەستەیدا ڕودەدەن، وەک لاوازبونی ماسولکەی دڵ، تەنانەت ئەگەری هەیە کەسەکە لەماوەیەکی کەمدا گیان لەدەستبدات".

هەروەک چۆن چەندین ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی باسیان لەوەکردوە، دوای کۆچی دوایی یەکێک لەهاوسەرەکان، بەچەند ڕۆژێکی کەم هاوسەرەکەی تریش گیانی لەدەستداوە، کە لەوەدا خەم‌و دڵتەنگی قوڵ هۆکار بوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی