20 گرتوخانه‌ى نهێنى له‌م ناوچه‌یه‌ى كوردستان ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

14/01/2021‌ 2326 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێكى وردى ڕوانگه‌ى سورى، دواى ئه‌وه‌ى لەمانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٨وە سوپای تورکیاو گروپە چەکدارییە توندڕەوە سورییەکانی لایەنگری ئەنكەرە لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "چڵه‌ زەیتون" دەستیان بەسەر هەرێمی عەفرین لەڕۆژئاوای کوردستاندا گرت، هەموو شێوازەکانی توندوتیژیی‌و پێشێلکاریی‌و کاری نامرۆڤانەیان دەرحەق بەخەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەو ئەو ئاوارانە کرد کە لەشوێنە جیاوازەکانی تری سوریاوە ڕویان لەو هەرێمە کوردییە کردبوو، ئاشكراشیده‌كات، 20 گرتوخانه‌ى نهێنى بۆ ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌عه‌فرین دروستكراون.

لەوچوارچێوەیەشدا ئەو گروپانە لەسەر چەندین تۆمەتی وەک کارکردنیان لەناو دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەرو پەیوەندیان بەسەرکردەو شەڕڤانانی سەر بەهێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) سەدان‌و هەزاران هاوڵاتی کوردی شاری عەفرین‌و شارۆچکەو گوندو ئاواییەکانی هەرێمەکەیان دەستگیرکردو چەندین شێوازی ئەشکەنجەدان‌و ئازاردانی جەستەیی‌و دەرونیان لەدژ بەکارهێناون، بۆئەو مەبەستەش دەیان گرتوخانەی نهێنیان لەناوچە جیاجیاکانی عەفرین دروستکردوە، کە ڕوانگەی سوری لەڕێگای سەرچاوەکانی خۆیەوە توانیویەتی ٢٠ گرتوخانەیان ئاشکرا بکات.

به‌گوێره‌ى ڕوانگه‌ى سورى گرتوخانه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ن:
1ـ گرتوخانەی "مواسەڵات" لەناو شاری عەفرینه‌ کەلەلایەن "بەرەی شامییە"وە ئیدارە دەکرێت، بەشێوەیەک خەڵکی مەدەنی شاری عەفرین دەستگیردەکەن‌و بەرلەوەی بەرەو گرتوخانەی سەرەکی شاری عەفرین ناسراو بە"مەعسەرە" بگوازرێنەوە لەوێدا زیندانیدەکرێن.

2ـ "گرتوخانەی  بەڕڕاد" دەکەوێتە ناو شاری عەفرین‌و لەلایەن گروپی "بەرەی شامییە"وە ئیدارە دەدرێت، گرتوخانەکەش ئەو هاوڵاتیانەی تێدا زیندانیدەکرێت کە لەشاری عەفرین‌و گوندەکانی دەوروبەرییەوە دەڕفێنرێن بەتایبەتی ژنانی ڕفێنراو، لەو گرتوخانەیەدا هەموو جۆرە ئازارو ئەشکەنجەیەکی دەرونی‌و جەستەیی دژ بەزیندانییەکان بەکاردەهێنرێت.

3ـ گرتوخانەی "قوتابخانەی کەڕامە" لەشاری عەفرین، ئەم گرتوخانەیە لەلایەن فەیلەقی شامەوە بەڕێوەدەبرێت، زیندانییەکان هەموو جۆرە ئازارو ئەشکەنجەیەکی دەرونی‌و جەستەیی دەدرێن، بەشێکی تایبەتیشی بۆ زیندانیکردنی ژنان تێدایە.

4ـ "گرتوخانەی دادگا" لەناو شاری عەفرین، دەکەوێتە ناو باڵەخانەی دادگای کۆنی شارەکە، یەکێکە لەگرتوخانەکانی تایبەت بەزیندانیکردنی ئافرەتانى ڕفێنراوی هەموو ناوچەکانی هەرێمی عەفرین، ئەم گرتوخانەیەش لەلایەن بەرەی شامییەوە سەرپەرشتیدەکرێت.

5ـ "گرتوخانەی ترندە" لەناو شاری عەفرین، لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت، یەکێکە لەترسناکترین گرتوخانە نهێنییەکان کە هەموو شێوازێکی  ئازارو ئەشکەنجەدانی دڕاندانە دژ بەزیندانیکراوەکانى تێدا بەکاردەهێنرێت.

6ـ "گرتوخانەی ئەزهار عەفرین" دەکەوێتە ناوشاری عەفرینەوە، لەلایەن چەکدارانی "ئەحرار شەرقییە"وە ئیدارە دەکرێت، ئەندامانی دەزگای هەواڵگری تورکیاش کاری تێدادەکەن، بەشی زۆری دەستگیرکراوەکان خەڵکی عەفرین‌و گوندەکانی دەوروبەری شارەکەن.

7ـ "گرتوخانەی قوتابخانەی یەکێتی عەرەبی"، لەناو شاری عەفرین، لەلایەن بەرەی شامییەوە ئیدارە دەکرێت، بەشێکی تایبەت بەزیندانیکردنی ئافرەتانی تێدایە.

8ـ "گرتوخانەی ئەشرەفیە"، دەکەوێتە ناوشاری عەفرین، لەناو یەکێک لەخانوە چۆڵکراوەکانی شارەکەدایەو له‌لایه‌ن باندێکی چەکدارییەوە بەڕێوەدەبرێت، چوار ژوری تێدایەو دوو ژوریان تایبەتن بەوانەی تەمەنیان لەنێوان ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵیدایە.

9ـ "گرتوخانەی مەحمودیە" لەناوشاری عەفریندایەو لەلایەن چەکدارانی فیرقەی حەمزەوە بەڕێوەدەبرێت، لەناو گرتوخانەکەدا دەیان زیندانی کورد هەیە، دوو ژوریشی تایبەتکراوە بەزیندانیکردنی ئافرەتان.

10ـ "گرتوخانەی شەقامی ڤێلات" لەناوشاری عەفرینه‌و دەکەوێتە ناو یەکێک لەخانوە چۆڵکراوەکانەوەو چەکدارانی "ئەحرار شەرقییە" ئیدارەی دەکەن.

11ـ "گرتوخانەی ئەمیر غوباری" لەناوشاری عەفرین، ئەم گرتوخانەیە لەلایەن هەواڵگری تورکیاو بەهەماهەنگی لەگەڵ ژمارەیەک لەسەرکردەی گروپە چەکدارییە سەربازیه‌كانى لایەنگری ئەنكەرە ئیدارە دەکرێت، تێیدا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەوکەسانەدا دەکرێت کە مامەڵەیان لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر کردوە یان لەوبارەیەوە گومانیان لێدەکرێت.

12ـ "گرتوخانەی باسوتە" لەنزیک شاری عەفرین، بەگرتوخانەی قەلعەش بەناوبانگە، ئەم گرتوخانەیە لەلایەن گروپی چەکداری فیرقه‌ى حەمزەوە سەرپەرشتیدەکرێت.

13ـ "گرتوخانەی خەریبە" لەناحیەی شران، پێشتر لەلایەن چەکدارانی گروپی "سوڵتان موراد"ەوە سەرپەرشتیدەکرا، دواتر کرا بەگرتوخانەی پۆلیسی سەربازی.

14ـ " گرتوخانەی کفرجنە"، لەناو ناحیەی شراندایە، لەلایەن چەکدارانی بەرەی شامییەوە سەرپەرشتیدەکرێت.

15ـ "گرتوخانەی گوندی شەنگیلە"، لەناحەی بلبلە، گرتوخانەکە لەناو خانوی هاوڵاتییەکی کورددا دروستکراوەو لەلایەن فیرقەی حەمزەوە سەرپەرشتیدەکرێت.

16ـ "گرتوخانەی مەیدانی ئەکپەس" لەناحیەی راجۆ، ئەم گرتوخانەیە لەلایەن چەکدارانی "فەیلەقی شام"و بەچاودێری هەواڵگری تورکیا ئیدارە دەکرێت، بەشێوەیەک لەنزیک سنوری سوریاو تورکیا بونیادنراوە کە جێگای ٣٥٠ بۆ ٤٠٠  زیندانی تێدا دەبێتەوە، لەم گرتوخانەیەدا هەموو شێوەکانی ئازارو ئەشکەنجەی دەرونی‌و جەستەیی دژ بەزیندانییەکان بەکاردەهێنرێت، دوای لێکۆڵینەوەکانیش دەستگیرکراوەکان بەرەو ناو خاکی تورکیا دەگوێزرێنەوە.

17ـ "گرتوخانەی مەحەتتە" لەناحیەی راجۆ، ئەم گرتوخانەیە لەلایەن چەکدارانی "ئەحرار شەرقییە" ئیدارە دەکرێت، زۆرینەی دەستگیرکراوەکانی خەڵکی ناحیەی راجۆو گوندەکانی دەوروبەرین.

18ـ "گرتوخانەی کوران" لەناحیەی راجۆ، گرتوخانەیەکی بچوکەو لەناو یەکێک لەخانوەکانی دەوروبەری گوندێکی ناوچەکەدایە، گروپی "فەیلەقی شام" سەرپەرشتیدەکات، بەشی زۆرینەی دەستگیرکراوەکانیش خەڵکی گوندەکانی ناوچەکەن.

19ـ "گرتوخانەی شیە"، لەناحیەی شێخ حەدید، ئه‌مه‌یان لەلایەن گروپی "سلێمان شا"وە ئیدارە دەکرێت، بەناو گرتوخانەی حەمشەش بەناوبانگە وەک ئاماژەیەک بۆ فەرماندەی گروپەکە.

20ـ "گرتوخانەی قرمتلق" لەناحیەی شێخ حەدید، ئەم گرتوخانەیە لەلایەن گروپی (سلێمان شا)وە سەرپەرشتیدەکرێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی